شەڕی نوێی نێوان یەمەن و حووسییەکان!

شەڕەکە قەیرانێکی گەورەی مرۆیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت و کۆنترۆڵکردنی “باب المندب” و کەناراوەکانی دەریای سوور کاریگەریی بەرچاوی لەسەر بازرگانی نێودەوڵەتی هەیە.
شەیخمۆس ئۆزەنگین
لە یەمەن شەڕ لە نێوان هێزەکانی حووسی (ئەنساروڵڵا) و حکوومەتی یەمەن کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانپێدانراوە (بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی ـ PLC) لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو توندتر بووە و ئێستا وەک شەڕێکی گەورە و نوێی بەرفراوان سەیر دەکرێت.
دۆخی ئێستا (تا 5ی ئۆکتۆبەری 2026)
شەڕی ناوخۆیی یەمەن لە ساڵی 2014ـەوە درێژەی هەیە، بەڵام لە ساڵی 2022 بەملاوە تا ڕادەیەک ڕاوەستابوو و لە چوار ساڵی ڕابردوودا دۆخەکە گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی بەسەردا نەهاتبوو.
بە پێی ڕاپۆرتی ئەلجەزیرە: لە مانگی ئەیلولی 2026دا حووسییەکان هێرشێکی گەورەیان بۆ سەر کەنارئاوەکانی ڕۆژئاوای یەمەن (تیهاما) دەستپێکرد. شاری ستراتژیکی مۆکحا (مۆچا) و زۆرێک لە ناوچەکانی کەنارەی دەریای سووریان لەگەڵ هەندێک دوورگەی نزیک لە گەرووی باب ئەل ـ مەندەب (باب المندب)، کۆنترۆڵ کرد. گەرووەکە یەکێکە لە گرنگترین ڕێگا بازرگانییەکانی جیهان و کۆنترۆڵکردنی کاریگەریی گەورەی لەسەر کەشتیوانی و نەوت هەیە.
سەرچاوەکانی وەک فرانس24: حووسییەکان بە هێرشی بەردەوام پێشڕەوی خۆیان لە دەوروبەری شاری تەعز فراوانتر دەکەن. هەوڵ دەدەن ڕێگای سەرەکی نێوان تاز و عەدەن (پایتەختی کاتیی حکومەت) ببڕن و شارەکە گەمارۆ بدەن. هەروەها لە پارێزگاکانی تریش (وەک مەئرەب، ئەلجەوف، سەعدە و تەیز) شەڕێکی دژوار لەئارادایە. دەوترێت سەدان کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان هەزار کەسیش ئاوارەبوون.
بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی: لە ریکەوتی 4/10/2026دا، ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی یەمەن، بە فەرمی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی گەورەی ڕاگەیاند. ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە: دەستبەسەرداگرتنی سەرجەم ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حووسییەکاندان و گەڕاندنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەسەر هەموو وڵاتدا. هێزەکانی حکومەت بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا هەزاران چەکداری حووسییان لە “کاریگەری” خستووە و هەندێک ناوچەی وەک دوبابیان لە کەناراوەکانی ڕۆژئاوا کۆنترۆڵکردۆتەوە. (حوسییەکان ئەمە ڕەتدەکەنەوە). هێشتا شەڕەکە بەردەوامە و هەردوولا ئیدیعای پێشڕەوی خۆیان و زیانی لایەنی بەرانبەر دەکەن.
لە ئێستادا شەڕەکە وەک یەکێک لە بەرە چالاکەکان لە شەڕی بەرفراوانتری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا (کە پەیوەندیی بە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەیە) سەیر دەکرێت. هەروەها حووسییەکان بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردووەتە سەر چەند ناوچەیەکی سعوودیە (وەک دامەزراوە نەوتییەکانی ئارامکۆ).
لایەنگرانی حکومەتی یەمەن
حکومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتی (PLC) تاڕادەیەکی زۆر لەلایەن سعوودیەوە پاڵپشتی دەکرێت و سعوودیە:
ـ پشتگیریی سەربازی (هێرشی ئاسمانی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و هتد…) دەکات،
ـ هاوکاری دارایی و مووچە بۆ هێز و کارمەندانی سەربازی دابین دەکات،
ـ سەرکردایەتی هاوپەیمانی دژی حوسییەکان دەکات.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز: ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی (ئیمارات) پێشتر بەشێک بووە لە هاوپەیمانییەکە و پاڵپشتی هێزەکانی باشووری کردووە (وەک ئەنجومەنی ئینتقالی باشوور ـ STC)، بەڵام لە کۆتایی ساڵی 2025 و سەرەتای ساڵی 2026دا، ناکۆکییەکانی نێوان سعوودیە و ئیمارات زیاتر بوون؛ هێزەکانی باشوور لەلایەن هێزەکانی سعوودیەوە پەراوێز خران و ئیمارات هێزەکانی خۆی کشاندەوە. ئێستا سعوودیە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت.
هەروەها وڵاتانی دیکەی کەنداو (وەک قەتەر، کوەیت و بەحرەین) پشتیوانی خۆیان بۆ حکوومەتی یەمەن و ئاسایشی سعوودیە ڕاگەیاندووە. حکومەت لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆربەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا دەنرێت.
هەروەها حووسییەکان تا ڕادەیەکی زۆر لە لایەن ئێرانەوە (بە چەک و ڕاوێژکاری و پشتیوانی سیاسی)، پاڵپشتی دەکرێن.
کاریگەرییە مرۆیی و ستراتژیکەکان
شەڕەکە قەیرانێکی گەورەی مرۆیی بەدوای خۆیدا دەهێنێت: ئاوارەبوون، برسێتی و لەدەستدانی ژیان. کۆنترۆڵکردنی “باب المندب” و کەناراوەکانی دەریای سوور کاریگەریی لەسەر بازرگانی نێودەوڵەتی هەیە. شرۆڤەکاران دەڵێن ئەگەر “حووسییەکان “تاز” و “مەرب”یش بگرن، دۆخەکە بۆ حکوومەتی یەمەن زۆر دژوارتر دەبێت”.