نوعمان کورتولموش: ئەگەر چەکەکان دانەنرێن، یاسای چوارچێوە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

نوعمان کورتولموش: ئەگەر چەکەکان دانەنرێن، یاسای چوارچێوە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

کورتولموش: هەنگاوی یەکەمی ئەم پرۆسەیە خۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی [پەکەکە] و دانانی چەکەکانە و ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی نەتەوەیی بەڕێوە دەچێت.

نوعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی سەرۆک پەرلەمانەکانی ئەوروپا، سەردانی ئیتاڵیای کردبوو، لە بەرنامەی “دیدار لەگەڵ کۆمەڵگەی تورک”دا لە باڵیۆزخانەی تورکیا لە ڕۆما قسەی کرد. سەبارەت بەو پرۆسەیەی کە تورکیا بە “پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات، کورتوڵموش جەختی لەوە کردەوە کە ئەگەر پەکەکە چەکەکانی دانەنێت، هەرگیز یاسای چوارچێوە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و پارێزبەندی پێویست لەم بارەوە لە یاساکەدا جێگیر کراوە.

کورتولموش لە وتارەکەیدا جەختی لەوە کردەوە کە کێشەی تیرۆر نیو سەدەیە هەیە و تورکیا باجی قورسی بۆ ئەمە داوە. ئاشکراشی کرد، لە هاوینی 2025ـەوە، “کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی” بە سەرپەرشتی پەرلەمان ڕاپۆرتی خۆی ئامادە کرد و لە 10ی تەباخیشدا “یاسای دامەزراندنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکڕیزی کۆمەڵایەتی” بە 467 دەنگی پەرلەمانتاران پەسەند کرا. کورتوڵموش ڕایگەیاند کە ئەم هاوپەیمانەتی و پشتگیرییەکی بێ وێنەیە لە مێژووی دیموکراسیی تورکیادا.

سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاند کە هەنگاوی یەکەمی ئەم پرۆسەیە خۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوی تیرۆریستی [پەکەکە] و دانانی چەکەکانە و ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەکی نەتەوەیی بەڕێوە دەچێت. کورتولموش وتی: “جارجارە نیگەرانییەکانی وەک ‘ئەگەر چەک دانەنێن چی؟’ لای هاووڵاتییانمان دێنە ڕۆژەڤ، شتی وەها نییە، ئەگەر چەکەکان دانەنرێن، ئەم یاسایە کە پەسەند کراوە ناچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لێرەش وەک دەوڵەت، ئێمە ئاسایشی خۆمان و گەلەکەی خۆمان دەستەبەر کردووە و لە ناو یاساکەدا مسۆگەرمان کردووە”.

لە کۆتایی قسەکانیدا، کورتولموش سێ بڕگەی سەرەکیی لە یاساکەدا بەمشێوەیە ڕیزکرد: یەکەم، دەستنیشانکردنی یەکە ئەمنییەکان و پشتڕاستکردنەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی؛ دووەم، لیژنەی بەرپرسیار بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆککۆمار؛ و سێیەم، کۆمیسیۆنی چاودێری کە لەناو پەرلەمان دادەمەزرێت. ناوبراو هەروەها ڕاشیگەیاند کە ئەم پرۆسەیە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر ناوچەکە و بەتایبەتی سووریا و عێراق دادەنێت.