عەبدوڵڵا ئۆجەلان چووەتە ناو ڤێلا نوێیەکەی و “لیژنەی چەکدانان” کارەکانی دەستپێدەکات

عەبدوڵڵا ئۆجەلان چووە ناو ڤێلا نوێیەکەی و “لیژنەی چەکدانان” کارەکانی دەستپێدەکات

نەفەس: پەیوەندی نێوان دەوڵەتی تورکیا و ئۆجەلان زۆر جیاوازە لە پەیوەندی دەوڵەت لەگەڵ گرووپەکانی دیکەی ناو پەکەکە و دەم پارتی و لە ئاستێکی دیکەی ستراتژیکدا بەڕێوەدەچێت.

لە چوارچێوەی دوایین پێشهاتەکانی پڕۆسەی چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەدا، زانیاری نوێ لە پشت پەردەوە لە ئەنقەرەی پایتەختت تورکیا ڕاگەیەندرا. بەپێی ئیدیعای ڕۆژنامەنووس نورای باباجان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە لە دوورگەی ئیمرالی، چووەتە ناو ڤێلا نوێیەکەی کە دەوڵەتی تورک بۆی ئامادە کردوە و لەو چوارچێوەیەشدا “لیژنەی چەکدانان”، کارەکانی دەستپێکردووە.

نورای باباجان، نووسەری ڕۆژنامەی نەفەس دەیلی، لە نووسینێکدا بە ناوی “بینایەکی نوێ، کۆمیسیۆنی نوێ… هەواڵی گۆڕانکاری لە ئیمرالیەوە”، زانیارییەکانی بە پشتبەستن بەو سەرچاوە و سیاسەتمەدارانە بڵاو کردۆتەوە کە بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە دەکەن. بەپێی زانیارییەکان، دوای ئەوەی پرسی پێگەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە چوارچێوەی کاری تەکنیکی و کارگێڕیدا یەکلایی کرایەوە، ناوبراو گواستراوەتەوە بۆ ئەو بینایەی کە لە ناوچەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی زیندان و خانووی چاکسازییەکان بۆی تەرخانکراوە.

کۆمیسیۆنی داماڵینی چەک و لیستەکانی تەسفیە

لە نووسینەکەدا هاتووە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئامادەکردنی لیستەکانی چەکداماڵینی پەکەکە دەستپێشخەرییەکی قووڵی بەکارهێناوە. جگە لە لیژنەی هەماهەنگی لە ژێر سەرپەرشتیی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا و چوار لیژنەی دیکەی گرێدراو، میکانیزمێکی نوێی سەربەخۆ بە ناوی “لیژنەی داماڵینی چەک” دەستی بە کارەکانی کردووە. لەم لیژنەیەدا هاوشانی یەکەکانی ئەمنی و ئیستیخباراتیی دەوڵەتی تورک، ئەو زانیاری و داتایانەش کە لە سەرکردایەتی پەکەکەوە دێن، هەلسەنگاندنیان بۆ دەکرێت و لیستەکانی کۆتایی تەسفیە لەوێ ئامادە دەکرێن.

باباجان جەختی لەوە کردەوە کە پەیوەندی نێوان دەوڵەتی تورکیا و ئۆجالان زۆر جیاوازە لە پەیوەندی لەگەڵ گرووپەکانی دیکەی ناو پەکەکە و سیاسەتمەدارانی دەم پارتی و لەسەر ئاستێکی دیکەی ستراتژیکدا بەڕێوەدەچێت. هەروەها ئەوەش دەستنیشان کراوە کە ئەندامانی پەکەکە لە ئەورووپاش رژدن لەسەر ئەوەی کە پاش تەواوبوونی پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە، بەپێی دەستووری یاسایی، چالاکانە تێکەڵ بە مەیدانی سیاسەت ببن.