هاوسەرۆکی دەم پارتی: هیچ چەکدارێکی پەکەکە لە خاکی تورکیادا نەماوە

هاوسەرۆکی دەم پارتی: هیچ چەکدارێکی پەکەکە لە خاکی تورکیادا نەماوە

باکرهان: “پێویستە بە بێ دواخستن دەستەی ئاشتی و سیاسیکردن بە هەماهەنگی لەگەڵ ئۆجەلان دابمەزرێنرێت”.

تونجەر باکرهان هاوسەرۆکی دەم پارتی، ڕەخنە لە سیاسەتی حکومەتی تورکیا سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی دەگرێت و ڕایگەیاند کە ناکرێ ئاشتی لە ژووری چاوەڕوانیدا بەجێبهێڵرێت و ئەم دەرفەتە مێژووییە بە بیانووی هەفتانە و مانگانە لەدەست بچێت. هەروەها بەڕوونی ئەوەی خستەڕوو کە بەگوێرەی زانیارییەکانی ئەوان و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان، هیچ چەکدارێکی پەکەکە لەخاکی تورکیادا نەماوە.

ڕۆژی سێشەممە 20/10/2026، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، لە وتارێکدا لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، سەرنجی خستە سەر دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە توندی ڕەخنەی لە هەڵوێستی حکومەتی ئەنقەرە گرت.

تونجەر باکرهان وتی: “جەنگ و قەیرانە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن، هیچ پێشکەوتنێک لە سنوورەکانی ئەو وڵاتەدا نەماوە کە تێیدا ڕوودەدات، کەس خوازیاری شەڕێکی گەورە نیە، بەڵام هەنگاوی پێویستیش بۆ ئاشتییەکی ڕاستەقینە ناگیرێتەبەر”.

هاوسەرۆکی دەم پارتی هەروەها ڕایگەیاند: زیاتر لە دوو ساڵە بە قۆناغێکی گرنگدا تێدەپەڕین، هەنگاوی گەورە نراوە؛ دوا هەنگاویش لە 8ی ئۆکتۆبەردا و بە بڕیاری کشانەوەی تەواوەتی لە تورکیادا بوو، لەلایەن سەرکردایەتی تەڤگەر (پەکەکە)ـەوە.

ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە یەک ئەندامیان نەماوە و بنکە و کەمپەکانیان چۆڵکردووە و چەکەکانیان سووتێنراون و بڕیاری کشانەوەش جێبەجێ کراوە. ئێستا کۆمەڵگا بەڕاستی دەپرسێت: چیتر ماوە بیکەن؟ ئێوە چاوەڕێی چی دەکەن؟ دەبێت دەسەڵات لە نیشاندانی نیاز تێپەڕێت و بچێتە قۆناغی بڕیاردان”.

باکرهان هەروەها وتی: “خەڵک لێمان دەپرسن؛ کەی مەرجی پەیوەندی و ژیانێکی ئازادانە بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەدرێت، کەی دەتوانێت ڕاستەوخۆ قسە بۆ ڕای گشتی بکات؟ کەی زیندانەکان چۆڵ دەکرێن و خەڵکی ئاوارە و دەربەدەر دەگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان؟ کەی قەییۆمەکان لادەبرێن و ئەحمەد تورک و هاوسەرۆکانی شارەوانی سێرت و سەرکردە هەڵبژێردراوەکان دەگەڕێنەوە سەر کارەکانیان؟ پێویستە دەرگاکانی پەرلەمان بکرێنەوە، یاسای پێویست دەربکرێت و دەستبەرداری سیاسەتی سەپاندنی قەییۆم ببن و یاساکە نەبێت بە ئامرازێک بە دەستی حکومەتەوە”.

باکرهان هەروەها داوای دامەزراندنی لیژنەیەکی تایبەتی کرد و وتی: “پێویستە بە بێ دواخستن دەستەی ئاشتی و سیاسیکردن بە هەماهەنگی لەگەڵ ئۆجەلان دابمەزرێنرێت. داماڵینی چەک تەنها بە نیشاندانی نیەت کۆتایی نایەت، بەڵکوو میکانیزمێکی پێویستە، ئەوانەی لەم لیژنەیەدا کاردەکەن دەبێت 24 کاتژمێر لەگەڵ ئۆجەلان لە پەیوەندیدا بن. چونکە ناتوانرێت پرۆسەکە بە تەنها یەکجار گفتوگۆکردن لە چەند هەفتەیەکدا ئەنجام بدرێت”.

دوای کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکە، تونجەر باکرهان، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسان سەبارەت بە پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا لە کۆتایی مانگی تشرینی دووەم، ڕایگەیاند: “هیچ چەکدارێکی پەکەکە لە تورکیا نەماوە، لە هەولێر بەرپرسانی هەرێمی کوردستان جەختیان لەوە کردەوە کە هیچ خاڵێک لەسەر سنوورەکانی تورکیا نەماوە کە بتوانێت مەترسی دروست بکات و هێزەکانیان لە کەمپەکان کشاونەتەوە و چۆڵیان کردوون”.