ڕاگەیاندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە بارەی شنگال: پێشوازی لەم پێشهاتە دەکەین

ڕاگەیاندراوی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە بارەی شنگال: پێشوازی لەم پێشهاتە دەکەین

هەڵوەشاندنەوەی یەبەشە دەرئەنجامی ڕێککەوتنێک نەبوو کە ئێزدییەکان بۆخۆیان بڕیاریان لەسەر دابێت، بەڵکوو ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دەوڵەتی تورک و عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە لە ئیمرالی بوو کە بە بەشداریی حکوومەتی عێراق جێبەجێ کرا.

یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) چەند ڕۆژ لەمەوبەر (26/10/2026) لە مەراسیمێکدا وەک بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، تێکەڵ بە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی بوون. وەزارەتی بەرگریی دەوڵەتی تورک دوێنێ بەیاننامەیەکی سەبارەت بەم تێکەڵبوونە بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “پێشوازی لە هەنگاوەکانی ئاساییبوونەوەی ناوچەکە دەکەین”. هەروەها ئاماژە بەوە کرا کە دۆخی شنگال بەشێکە لە پرۆسەی دروستکردنی “ناوچەیەکی بێ تیرۆر”.

ڕۆژی چوارشەممە (28ی تشرینی یەکەمی 2026) کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانی هەفتانەی وەزارەتی بەرگریی تورکیا بەڕێوەچوو. دوای کۆبوونەوەکە، بەرپرسانی وەزارەت وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنامەوانییان دایەوە و هەڵسەنگاندنەکانیان بۆ دوایین دۆخی شنگال خستەڕوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە باس لە هەنگاوەکانی حکومەتی ناوەندی عێراق بۆ دامەزراندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە شنگال کرابوو و ئاماژە بەوە کرا کە پێشوازیی لەو هەنگاوانە کراوە کە بەرەو ئاساییبوونەوە لە ناوچەکەدا گیراونەتەبەر.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: نەهێشتنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان لە ناوچەکە و دابینکردنی ئاسایش لە لایەن هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقەوە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرقەرارکردنی ئارامی و سەقامگیری بەردەوام لە شنگال و گەیشتن بە ئامانجی ناوچەیەکی بێ تیرۆریست. ئەم پرۆسەیە بە هەماهەنگی لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی دەوڵەتەکەی ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت”.

دوابەدوای بڕیارەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 25ی شوباتی 2025دا بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و دەستپێکردنی پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە، یەکە چەکدارەکانی پارتی کرێکاران لە ناوچە جیاجیاکاندا یەک لە دوای یەک چەکەکانیان تەسلیم کرد و تێکەڵ بە حکومەتە ناوەندییەکان بوون. وەک هەنگاوی یەکەم، هێزەکانی هەسەدە لە ڕۆژئاڤا کەوتنە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتەکەی دیمەشق و خۆیان ڕادەست بە حکوومەتی سووریا کرد. دوای ئەو ڕێککەوتنەی کە لە شوباتی 2026دا واژۆ کرا، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) کە نزیکەی 40 هەزار کەس دەبوون، هەڵوەشێندرانەوە. هەروەها قوتابخانە و دامەزراوە و دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بەتەواوی ڕادەستی حکومەتی ناوەندیی سووریا کران. تورکیا پێشوازی لە بارودۆخی ڕۆژئاڤا کرد و ڕایگەیاند کە بە وردی چاودێری دۆخەکە دەکات.

هەڵوەشاندنەوەی یەبەشە، لقی پەکەکە لە شنگالیش وەک بەشێک لە هەمان ئەجێندای هەسەدە سەیر دەکرێت. هەڵوەشاندنەوەی یەبەشە دەرئەنجامی ڕێککەوتنێک نەبوو کە ئێزدییەکان بۆخۆیان بڕیاریان لەسەر دابێت، بەڵکوو ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی دەوڵەتی تورک و عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆکی بەندکراوی پەکەکە لە ئیمرالی بوو کە بە بەشداریی حکوومەتی عێراق جێبەجێ کرا. سەرچاوەکانی پەکەکە و دەوڵەتی تورک دەڵێن ئەم پرۆسەیە لە لایەن ئیبراهیم کالن سەرۆکی ڕێکخراوی هەواڵگریی تورکیا (میت)ـەوە سەرپەرشتی کراوە.

باس لەوە دەکرێت کە لە سەردانەکەی ئیبراهیم کاڵن، بەڕێوەبەری میت بۆ بەغدا لە مانگی تەمموزدا، پلان و بۆچوونەکانی تورکیای سەبارەت بە چۆنیەتی بەردەوامبوونی پرۆسەکە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا باسکراوە و لەم کۆبوونەوەیەدا فۆڕمی کۆتایی ڕێککەوتنەکە دیاریکرابوو. پاشان کاڵن چووە سلێمانی و لەگەڵ سەرکردەکانی پەکەکە کۆبووەوە بۆ ئەوەی لە بڕیارەکانی تورکیا سەبارەت بە شنگال و “یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال” (یەبەشە) ئاگاداریان بکاتەوە. لە ڕاستیدا پرۆسەی ڕادەستکردنی یەبەشە بە عێراق، لە دوای ئەم کۆبوونەوە دەستی پێکردبوو.