بڕیاری ڕادەستکردنی یەبەشە بە سوپای عێراق لە بەرژەوەندی تورکیا و عێراقدایە، هەروەها دژی کوردستان و کوردانی ئێزدی و سەرجەم نەتەوەی کوردە.
لە ڕێکەوتی 26ی ئۆکتۆبەر لە مەراسیمێکدا لەسەر چیای شنگال، یەبەشە، لقی شنگالی پەکەکە، خۆی هەڵوەشاندەوە و تێکەڵ بە هێزەکانی دەوڵەتی عێراق بوو. دوای مەراسیمەکە دەوڵەتی عێراق چووە سەر چیای مێژوویی شنگال و ئاڵای عێراقی هەڵکرد.
ئەو پرسیارەی کە ئەم ڕووداوە چ مانایەکی بۆ کوردانی ئێزدی هەیە، هەم کوردانی ئێزدی و هەم هەموو کوردەکانی بە گشتی دابەش کردووە. یەکەم: بەشێکی بەرچاو لە کوردانی ئێزدی دژی ئەو ڕێککەوتنەن کە یەبەشە کردوویەتی. جگە لەوەش ڕێککەوتنەکە هەموو گرووپەکانی کوردانی ئێزدی لەخۆ ناگرێت. گرووپە چەکدارەکانی ئێزدی جگە لە یەبەشە لە چیای شنگال و دەوروبەری بوونیان هەیە و دەڵێن پابەندی ئەم ڕێککەوتنە نابن.
دووهەم: لە هەمان کاتدا کاردانەوەیەکی بەربڵاو و گشتی کورد لە دژی ئەو ڕێککەوتنە دوستبووە کە یەبەشە بۆ بوون بە بەشێک لە حەشدی شەعبی کردوویەتی. کورد هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئەو ڕێککەوتنەی یەبەشە ئەنجامی داوە مەترسییەکی بەرچاو لەسەر دۆخی جیۆپۆلەتیکی کورد دروست دەکات. تەنیا پێکهاتە سیاسییەکان و میدیاکانی سەر بە پەکەکەی هەڵوەشاوە هەوڵی زۆر دەدەن بۆ ئەوەی کە ڕەوایەتی بەو ڕێککەوتنە بدەن کە یەبەشە کردوویەتی.
ئەگەر بارودۆخی شنگال لەدەرەوەی پڕوپاگەندەی میدیایی و پڕۆسە و دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکان لەبەرچاو بگرین، واتاکەی بۆ کورد باشتر و زیاتر ڕوون دەبێتەوە.
لە ڕاستیدا یەبەشە لە ساڵی 2016ـەوە تێکەڵ بە حەشدی شەعبی بووە…
پرۆسەی بوونی یەبەشە بە بەشێک لە حکومەتی ناوەندی عێراق لە ساڵی 2016ـەوە دەستی پێکردووە. دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لە بەغدا لە ساڵی 2015دا لە نێوان ڕەزا ئاڵتون و سەبری ئۆک لە بەڕێوەبەرانی پەکەکە و بەرپرسانی حکومەتی عێراقدا، یەبەشە ڕازی ببوو لەسەر ئەوەی کە ببێتە بەشێک لە عێراق. لە ساڵی 2016ـەوە بەشێک لە یەبەشە تێکەڵ بە سیستەمی حەشدی شەعبی بوون. لەو کاتەوە ئەندامانی یەبەشە مووچە و پاڵپشتی لۆجستی لە عێراق وەردەگرن. ئەو مووچەیەی بە یەبەشە دەدرا لە لایەن پەکەکەوە کۆدەکرایەوە و بەشێکیشی بەسەر چەکدارانی یەبەشە دابەش دەکرا.
لە ساڵی 2017دا میلیشیا شیعەکانی حەشدی شەعبی لە شنگال جێگیرکران و کوردیناسیۆنێکی هاوبەش دامەزرا. لەو کاتەوە لقەکانی پەکەکە لە شنگال، لە کاروباری سەربازی و سیاسی و هەروەها لە هەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ حەشدی شەعبی وێکڕا کاردەکەن.
بۆیە وادەی ئەنتەگرەبوونی یەبەشە لەگەڵ عێراق، ساڵی 2026 نییە، بەڵکو لە ساڵی 2016ـەوە دستیپێکردووە. بە واتایەکی تر ئەو پرۆسەیەی کە ماوەی 10 ساڵە بەردەوامیی هەیە، لە م ڕۆژانەدا بە مەراسیمێک بۆ ڕای گشتی ڕاگەیەندرا. بەڵام دۆخە نوێیەکە تەنانەت لە دۆخی کۆنەکە خراپتریشە.
ڕێککەوتنەکە سەرکەوتنێکە بۆ یەبەشە، کۆتاییهێنانە بە دۆسیەی دانوستاندن
هەرچەندە هەندێک لایەن هەوڵ دەدەن کە ئەو ڕێککەوتنەی یەبەشە بە سەرکەوتنێک وەسف بکەن، بەڵام دۆخەکە زۆر جیاوازە. چونکە لە واقیعدا لە نێوان یەبەشە و عێراقدا هیچ ڕێککەوتنێک سەبارەت بە مافەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی، لەئارادا نییە. ڕێککەوتنەکە تەنها لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هێزە چەکدارەکانە. ئەوانەی لە ناو هێزە هەڵوەشاوەکەدان تێکەل بە میلیاشیاکانی حەشدی شەعبی دەکرێن، بەڵام داهاتوویان ڕوون نییە.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بەیاننامەکەی دەوڵەتی عێراق لەو مەراسیمەدا کە لە 26ی ئۆکتۆبەر لە شنگال بەڕێوەچوو، بەڵێنی بێ بنەمای وەک “جێبەجێکردنی ئەرکەکان بەرامبەر بە ئێزدییەکان، گەشەپێدان، ئاوەدانکردنەوە و خێراکردنی گەڕانەوەی” لەخۆدەگرێت. بەڵام هیچ باسێک سەبارەت بە مافە دەستوورییەکانی ئێزدییەکان و مافە بەکۆمەڵەکانی کۆمەڵگەی ئێزدی و پێگەیەکی تایبەت بۆ شنگال نەکراوە. پوختەی ڕێککەوتنەکە ئەمەیە: یەبەشە لە بەرامبەر وەرگرتنی مووچە لە دامودەزگاکانی سەر بە دەوڵەتی عێراق لەلایەن ئەندامەکانییەوە، خۆی هەڵوەشاندەوە. ئەوە وەک بلۆکێک نامێنێتەوە، ئەندامەکانیشی دەچنە ناو حەشدی شەعبییەوە کە ئایندەیان نادیارە. دەوڵەتی عێراق و ڕژێمی شیعە لە کۆنەپەرستترین و دژە دیموکراسیترین پێکهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. تەنانەت مافەکانی کوردیش کە کە لە دەستووردا دانیان پێدانراوە، پشتگوێ دەخەن و هەوڵی دروستکردنی دەوڵەتێکی یەکدەست و مەرکەزی دەدەن. تەنانەت سوننەش وەک دوژمن دەبینن. تەنانەت ئاشوورییەکانی بەغدا و ناوچەکانی دیکەش بەهۆی ئەو هەڵاواردن و هەڕەشە و مەترسییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، کۆچ دەکەن بۆ هەرێمی کوردستان. ئایا ئەو هزرە عێراقییەی کە هیچ ناسنامەیەکی تر قبووڵ ناکات، چۆناوچۆن ئێزدییەکان قبووڵ دەکات؟
دەوڵەتی عێراق هیچ بەرژەوەندییەکی لە دیموکراتیکبووندا نییە، ئەمەش لە سروشتە تۆتالیتاریەکەیوە بە روونی دەردەکەوێت. دەوڵەتی عێراق بە هۆی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و گەمارۆدانی کوردستان و دابڕانی ڕۆژئاڤا و باشوور، بەرژەوەندییەکی تایبەتی لە شنگال هەیە. عێراق ئێزدییەکان تەنیا وەک ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆی بەکاردەهێنێت. ئێستاش بە پێچەوانەی ئەو بانگەشەیەی یەبەشە کە دەیهەوێ “رێککەوتنەکە وەک سەرکەوتن پیشان بدات”، عێراق دەزانێت چ ئیمتیازێکیان بە یەبەشە نەداوە، بەڵام ئەوان ئەمە ناڵێن بۆ ئەوەی کۆمەڵگەی ئێزدی لەوە زیاتر لە ڕێککەوتنەکە دوور نەکەوێتەوە.
بەڵام دوای ئەم ڕێککەوتنە ئیتر یەبەشە دەرفەتی دانوستانی نابێت. ئەرکی ئەوان لەمەودوا خزمەتی عێراقە و مەترسیی ڕاستەقینە لەمەودوا دەست پێدەکات. لەگەڵ درێژبوونەوەی دەسەڵاتی ناوەندی عێراق بۆ شنگال، وردە وردە ڕۆڵی ئێستای یەبەشە نامێنێت و لە ناو هێزە عێراقییەکاندا دەتوێنێنەوە.
بەستراوەبوونی یەبەشە بە عێراقەوە، دەبێتە هۆی زیادبوونی دووبەرەکی لەناو کۆمەڵگەی ئێزدیدا
ڕێککەوتنی یەبەشە کاریگەری فرەلایەنەی دەبێت لەسەر دابەش کردن و لێکدابڕان لەناو کۆمەڵگەی ئێزدیدا. بۆ نموونە لە شنگال گروپی چەکداری دیکەش بوونیان هەیە. هێزەکانی پاراستنی ئێزدخان بە سەرۆکایەتیی حەیدەر شەشۆ و گرووپەکان سەر بە قاسم شەشۆ هێشتا بەرگری لە پێگەکانیان دەکەن. وە پێشبینیش دەکرێت دوای یەبەشە عێراق ئەو هێزانە ناچار بکات خۆیان ڕادەست بکەن و چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن.
ئێستا ئیدی ئەندامانی یەبەشەی هەڵوەشاوە، لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی عێراقدا بەشداری دەکەن. بەڵام ئەگەر گرووپەکانی دیکەی چەکدار لە شنگال لەگەڵ عێراقدا تووشی پێکدادان ببن، ئەندامانی پێشووی یەبەشە چ هەڵوێستێکیان دەبێت؟ ئایا دژی ئەو ئێزدیانە دەجەنگن کە ئامادە نین چەکەکانیان دابنێن؟ ئەمە لە ئێستادا گەورەترین خاڵی ناکۆکی ئێزدییەکانە و بۆ یەکەمجارە لە مێژووی ئێزدییەکاندا کە لە ناو خۆیاندا ئەوەندە دابەشبوون و دوژمنایەتی یەکتر دەکەن.
تێکەڵ بوونی یەبەشە بە عێراق دەبێتە هۆی زیادبوونی دووبەرەکی لەناو کۆمەڵگەی ئێزدیدا. ئەو سیاسەتانەی پەکەکە بە ئامانجی جیاکردنەوەی شنگال لە کوردستان، لە ساڵی 2014 بەملاوە لە ڕێگەی یەبەشە و ڕێکخراوەکانی سەر بە یەبەشەوە لە شنگال جێبەجێیان دەکات، کۆمەڵگەی ئێزدییان پارچە پارچە کرد. پەکەکە بە دوورخستنەوەی شنگال لە کۆمەڵگەی ئێزدی لە باشیک و شێخان و لالەش گرووپێکی بۆ ئامانجە تاریکەکانی خۆی دروستکردووە.
یەبەشە لە دوا بڕیاری خۆیدا بۆ تێکەڵبوون بە عێراق، چاوپۆشیی هەم لە بیروڕای سەرۆکایەتی ڕۆحانی و دامەزراوە ئێزدییەکان کرد و هەمیش نیگەرانییەکنی گەلی پشتگوێ خست. جگە لەوەش، بڕیارەکەی یەبەشە هەموو ئێزدییەکانی لە دژی دەوڵەتی عێراق قەڵس کردووە و بۆشایی بەرچاوی لە پێگەی بەکۆمەڵی کۆمەڵگەی ئێزدیدا دروستکردووە. کۆمەڵگەی ئێزدی هەرگیز لە مێژووی خۆیدا دابەشبوون و ململانێ و ناکۆکی ناوخۆیی لەو شێوەیەی بەخۆوە نەبینیوە. ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ ئێزدییەکان دروست دەکات، کە گەورەترین هێزیان لە یەکگرتوویی یەکڕیزبوونیاندایە.
کاریگەریی جیاکردنەوەی ئێزدییەکان لە کورد، لەسەر دۆزی کورد
ڕێککەوتنی یەبەشە هەڕەشەیەکی بەرچاوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان. ئەمەش دەبێتە هۆی گەمارۆدانی ناوچە کوردستانییەکان و توندبوونەوەی گەمارۆی ئابووری و دەرئەنجامی دیکەی لەوشێوەیە. بەڵام بەهەمان شێوە گرنگ ئەوەیە کە ئێزدییەکان بە بێ کوردستان بمێننەوە و کوردستانیش بە بێ ئێزدییەکان بمێنێتەوە.
ئێزدی کۆنترین و ڕەسەنترین بەش لە شوناس و کولتووری نەتەوەیی کورد پێکدەهێنێت. پێناسەکردنی ئێزدیەکان لەدەرەوەی ئەم شوناسە کوردییە، پەلامارێکە بۆ سەر مانەوە و هەبوونی نەتەوەیی کورد.
کاریگەرییەکی دیکەی دۆخی شنگال، پرسی “پەیوەندییەکانی نێوان کورد”ـە، کە خۆی لەخۆیدا هەنووکەش ڕووبەڕووی ئاستەنگییەکی یەکجار زۆر بووەتەوە. ئەو وێنەیەی لەگەڵ شنگالدا هاتۆتە ئاراوە ئەمەیە: “پاش پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەی ساڵی 2025، پەکەکە هیچی دەسکەوتێکی بۆ کورد نەبووە، تونێل و گردەکانی بادینان دراوە بە دەوڵەتی تورک، چیای قەرەچووغ لە مەخموور ڕادەستی سوپای عێراق کراوە، ئێستاش لەگەڵ یەبەشە، پەکەکە شتە پیرۆزەکانی کورد ڕادەستی دەوڵەتی عێراق دەکات. لەم دۆخەدا درۆ و چەواشەکاری و نەبوونی سەلماندنی پراکتیکی پەیڤی پەکەکە سەبارەت بە “یەکیەتی نەتەوەیی و یەکیەتیی کوردان” و هتد… جارێکی دیکە فوودانەی درۆکانی پەکەکە تەقیەوە.
پەکەکە هەوڵ دەدات کە وەڵامی ئەو پرسیارەی هەموو گەلی کورد بداتەوە کە دەپرسن: “بۆچی یەبەشە تێکەڵ بە هەرێمی کوردستان نەکرا؟ پەکەکە ڕێگە بە یەبەشە دەدات لێدوان بدات و بڵێت “هەرێمی کوردستان لە شنگال حزووری نییە”. بەڵام ئەوە پەکەکە بوو کە نەیهێشت پێشمەرگە بچێتە ناو شنگالەوە ئەو کار و چالاکییانەی کە لە 3ی ئازاری 2017، لە دژی ڕۆیشتنی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ناو شنگال ئەنجامیدان، هێشتا لەبیر نەکراون، هەروەها دواتر کردەوەکانی دژ بە ڕێککەوتنەکەی هەولێر و بەغداش هەبوون…” ئەو لە دژی ڕێککەوتننامەی شنگال بوو. بەڵام ڕێکەوتننامەی شنگال، زۆر لەو ڕێککەوتنە سوودی زیاتر بوو بۆ کورد کە یەبەشە تەنها لە بەرامبەر وەرگرتنی مووچەدا ئامادە بوو خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
پەکەکە بە بیانووی جینۆسایدی ئێزدییەکان لە ساڵی 2014دا، هەوڵیدا ئێزدییەکان بکاتە دوژمنی کوردستان و هاویشتنی ئێزدیەکان بۆ ناو باوەشی عەرەبە شیعەکان، کردەوەیەکی دوژمنکارانەیە بەرامبەر بە هەبوونی نەتەوەیی کورد.
بڕیاری ئەنتەگرەکردنی یەبەشە لە ئیمرالی دراوە
وەک پێشتر ڕوونمان کردۆتەوە، خستنەڕووی ئەوەی لە شنگال ڕوویدا وەک “ئێزدییەکان بۆ خۆیان دانوستان دەکەن” درۆیەکی گەورەیە. بڕیاری ئەنتەگرەکردنی یەبەشە بە عێراق لەلایەن ئێزدییەکانەوە نەدراوە، بەڵکوو بڕیارەکەی شنگال “لە ئیمرالی و لە نێوان دەوڵەتی تورک و عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەک درێژەپێدەری پرۆسەی ئەنتەگراسیۆن و تورکیای بێ تیرۆر” دراوە. دوای ڕێککەوتنەکە لە ئیمرالی، دەوڵەتی تورکیا هانی عێراقی دا و هەندێک کێشەی چارەسەر کرد، تەنیا کاری ڕادەستکردنی هێزە ئێزدییەکانی بە عێراق بۆ پەکەکە هێشتەوە. ئەمە پوختەی بارودۆخی شنگالە. جگە لەوەش نامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە ڕێکەوتی 30ی ئەیلولدا نووسراوە، بە ڕوونی ئەم دۆخە ڕوون دەکاتەوە.
ئەوانەی گوایە ئەندامی ئێزدی یەبەشەن و بە ناوی ئێزدییەکانەوە دێنە پێشەوە و لێدوان دەدەن، تەنیا ڕۆڵی نمایشی دەگێڕن.
لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین بڕیاری ڕادەستکردنی یەبەشە بە سوپای عێراق لە بەرژەوەندی تورکیا و عێراقدایە، هەروەها دژی کوردستان و کوردانی ئێزدی و سەرجەم نەتەوەی کوردە. هەم کوردانی ئێزدی و هەم سەرجەم نەتەوەی کورد، بەم ڕێکەوتنە زەرەرمەند دەبن.