“ئەگەر ئەمڕۆکە، لە پێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا، بیرۆکەی دابەشبوون وەک شتێکی ئاسایی قبووڵ بکرێت، سبەینێ دەبێتە برینێکی هەمیشەیی لە کولتووری سیاسیی کۆمەڵگەکەماندا”.
نیزامەددین ئاریچ نامەیەکی بۆ بافڵ تاڵەبانی نووسیوە و تێیدا گوتوویەتی: «نابێت داهاتووی کوردستان ببێتە باجی هیچ ناکۆکییەکی سیاسی. هەوڵدان بۆ دابەشکردنی کوردستان، خراپترین و گەورەترین و لێنەبوردراوترین خیانەتە، کە کوردێک دەتوانێت بیکات».
هونەرمەندی ناوداری کورد نیزامەددین ئاریچ، نامەیەکی کراوەی بۆ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (یەنەکە) نارد و تێیدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم دواییەی هەرێمی کوردستان دەربڕی.
ئاریچ لە نامەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر هەڵوێستی یەنەکە بەرامبەر کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، بڕیاری کشانەوە لە حکوومەت و ئەگەری دروستکردنی حکوومەتێکی جیاواز لە سلێمانی.
ئەو جەختی کردووەتەوە کە هیچ ناکۆکییەکی سیاسی ناتوانێت ببێتە پاساو بۆ خستنەمەترسیی دامەزراوە هاوبەشەکان و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان و لەتکردنی کوردستانیشی بە «تاوانێکی مێژوویی و ئەخلاقی» ناو بردووە.
ئەو هونەرمەندەی کورد، تێکۆشان و ڕەنجی مام جەلال تاڵەبانی و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدی لە پێناو کولتوور و دۆزی کورددا بەبیر هێناوەتەوە و داوای لە بافڵ تاڵەبانی و هەموو بەرپرسانی یەنەکە و پەدەکە کردووە کە بە ژیری و بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن، واز لە بیرۆکەی دابەشبوون بهێنن، بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان و ڕێگە نەدەن داهاتووی کوردستان ببێتە قوربانیی ناکۆکییە سیاسییەکان.
دەقی نامەکە سەرئاواڵاکەی نیزامەددین ئاریچ بەمشێوەیە:
نامەیەکی کراوە بۆ بافڵ تاڵەبانی، دەربارەی داهاتووی کوردستان و بەرپرسیارێتیی مێژوویی
بەڕێز بافڵ تاڵەبانی،
من وەک هونەرمەندێکی کورد کە ژیانی خۆی بۆ مۆسیقا، زمان و کولتووری کوردی تەرخان کردووە و لە پێناو ئەم پابەندبوونەشدا باجی چەندین ساڵ دوورخرانەوەم داوە، ئەم نامەیەت بۆ دەنووسم.
لە ساڵی 2017دا، وەک ئەندامی لیژنەی دادوەری لە پێشبڕکێی «کورد ئایدڵ» بەشداریم کرد کە لە سلێمانی بەڕێوەچوو. لە ماوەی مانەوەم لەو شارەدا کە نزیکەی ساڵێکی خایاند، سێ جار شانازیی ئەوەم هەبوو ببمە میوانی دایکتان، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، کە یەکێک لە پشتیوانانی بەڕێوەچوونی ئەو پێشبڕکێیە بوو.
دوو جار لەسەر بانگهێشتی تایبەتی خۆی لە ماڵەکەی پێشوازیم لێکرا. بە دەم خواردنە کوردییەکانەوە کە بە تایبەتی بۆ من ئامادەی کردبوون، گفتوگۆی درێژمان کرد دەربارەی ساڵانی دوورخرانەوەم، مۆسیقای کوردی، کولتوورەکەمان و ڕەگ و ڕیشەی بنەماڵەکانمان کە دەگەیشتنە شاری وان، قسەمان کرد. هەر لە یەکێک لەو سەردانانەدا، بۆ یەکەم جار چاوم بە قوباد تاڵەبانیی براتان کەوت و ناسیم.
باوکی ئێوە، مام جەلال، ئەو کاتە زۆر نەخۆش بوو و لە ژێر چارەسەری پزیشکیدا بوو، بۆیە دەرفەتی بینینیم بۆ نەڕەخسا.
هێرۆ خان یەکێک بوو لە گەورەترین پشتیوانانی هونەر کە لە کوردستاندا کە من هەتا ئێستا ناسیبێتم. ئەو ماڵەکەی خۆی کردبووە شوێنێکی هاوشێوەی مۆزەخانە و بە درێژایی ژیانی پشتگیریی لە ژمارەیەکی زۆر لە نیگارکێش و مۆسیقاژەنان کردبوو. هەرگیز خۆشەویستیی ئەو بۆ کولتوور و هونەرەکەمان، هەروەها ئەو گەرموگوڕی و میهرەبانییەی بەرامبەر منی نواند، لەبیر ناکەم.
بەڕێز تاڵەبانی،
هۆکاری نووسینی ئەم نامەیەی ئەمڕۆم، نیگەرانیی قووڵی منە سەبارەت بە پێشهاتە سیاسییەکانی ئەم دواییەی کوردستان.
هەڵوێستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەرامبەر بە پەرلەمانی کوردستان، بڕیاری کشانەوەی لە حکوومەت و ئەو لێدوانانەی باس لە ئەگەری دروستکردنی حکوومەتێکی جیاواز دەکەن کە ناوەندەکەی سلێمانی بێت، پرسیاری یەکجار جددی دەربارەی داهاتووی سیاسیی کوردستان دەورووژێنن.
ڕەنگە حیزبە سیاسییەکان ناکۆکییان لە نێواندا هەبێت. بەڵام هیچ ناکۆکییەکی سیاسی نابێت هەرگیز ببێتە پاساوێکی ڕەوا بۆ ئەوەی کە دامەزراوە هاوبەشەکان و دەستکەوتەکانی گەلی کوردستان بخاتە مەترسییەوە.
دابەشکردنی کوردستان و گەلەکەی ناتوانێ ئامانجێکی سیاسیی ڕەوا بێت. بە بڕوای من، هەوڵدان بۆ دابەشکردنی داهاتووی هاوبەشی گەلەکەمان لە پێناو حیساباتی سیاسیدا، تاوانێکی مێژوویی و ئەخلاقییە.
کوردستان موڵکی هیچ حیزب، بنەماڵە یان سەرکردەیەکی سیاسی نییە. ئەو دەستکەوتانەی کە ئەمڕۆکە هەیەتی، لەسەر ڕەنج، ئازار و قوربانیدانی بە سەدان هەزار کورد بنیات نراوە.
باوکتان مام جەلال و دایکتان هێرۆ خانیش بەشێکی گەورەی ژیانی خۆیان بۆ خەبات لە پێناو مافە سیاسی و کولتوورییەکانی گەلی کورد تەرخان کرد.
ئەمڕۆ، کاتێک بیر لە پەیوەندیی تۆ بە میراتی سیاسی و کولتووریی ئەوانەوە دەکەمەوە، ناتوانم ئەم پرسیارە لە خۆم نەکەم:
چۆن دەکرێت ڕێچکەیەک کە دەبێتە هۆی لاوازکردنی دامەزراوە هاوبەشەکانی کوردستان، خستنەمەترسیی دەستکەوتە فیدراڵییەکان کە گەلی کورد بە باجێکی زۆر قورس بەدەستی هێناون و لاوازکردنی پێگەی سیاسیی گەلەکەمان بەرامبەر سیاسەتەکانی عێراق، ئێران و تورکیا دەرهەق بە کوردستان، لەگەڵ خەباتی ملیۆنان ژن و پیاوی کورد بە درێژایی نەوەکاندا بگونجێنرێت، کە دایک و باوکی خۆشت لە نێویاندان؟
بەڕێز تاڵەبانی،
وەک هونەرمەندێک، نیگەرانیی من تەنیا لە قەیرانی سیاسیی ئەمڕۆدا کورت نابێتەوە. ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر نیگەرانم دەکات، ئەو میراتە سیاسی و ئەخلاقییەیە کە بۆ نەوەکانی داهاتووی بەجێدەهێڵین.
ئەگەر ئەمڕۆکە، لە پێناو بەرژەوەندییە سیاسییەکاندا، بیرۆکەی دابەشبوون وەک شتێکی ئاسایی قبووڵ بکرێت، سبەینێ دەبێتە برینێکی هەمیشەیی لە کولتووری سیاسیی کۆمەڵگەکەماندا.
ئەوەی گەلی کوردستان پێویستی پێیەتی، سنووری نوێ، دابەشبوونی نوێ یان حکوومەتی دژبەیەک نییە، بەڵکوو دامەزراوەی هاوبەشی دیموکراتیک، کاران کە لەسەر بنەمای ئیرادەی گەل دامەزرابن.
ئەم بەرپرسیارێتییە تەنیا لە ئەستۆی تۆدا نییە، بەڵکوو دەکەوێتە سەر شانی هەموو سەرکردەکانی یەنەکە، پەدەکە و هەر کەسێک کە لە سەر داهاتووی کوردستان خاوەن قسەیە.
من ئەم وشانە بە نوێنەرایەتیی هیچ حیزبێکی سیاسی نانووسم، بەڵکوو وەک هونەرمەندێک دەینووسم کە بەرامبەر زمان، کولتوور و داهاتووی گەلەکەی، هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات.
مێژوو مرۆڤەکان تەنیا بەو نازناوانەوە ناھێڵێتەوە کە هەڵیان گرتووە، بەڵکو بەو بڕیارانەش دەیانناسێتەوە کە لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داهاتووی گەلەکەیاندا دەیدەن.
نابێت داهاتووی کوردستان ببێتە باجی هیچ ناکۆکییەکی سیاسی.
هەوڵدان بۆ دابەشکردنی کوردستان، لە ڕوانگەی منەوە، خراپترین و گەورەترین و لێنەبوردراوترین خیانەتە کە کوردێک دەتوانێت ئەنجامی بدات.
هیوادارم تۆ و سەرکردەکانی حیزبەکەت ئەم هێڵە هەستیارە نەبەزێنن و بە شێوەی عەقڵانی و بەرپرسیارانە مامەڵە بکەن، بگەڕێنەوە بۆ پەرلەمانی کوردستان و لە پێناو بەرژەوەندی و خۆشگوزەرانیی گەلەکەماندا سیاسەت بکەن.
لەگەڵ ڕێزدا،
نیزامەددین ئاریچ
هونەرمەند، ئاوازدانەر، مۆسیقاژەن و نیگارکێش