پێڕەوی نێوخۆی یەکێتی پەسند کراو سبەی سەرکردایەتی هەڵدەبژێردرێت

مەرجەکانی ئەندامەتی ئەنجومەنی گشتی پەسند کران

کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بەردەوامیی هەیە و لە ڕۆژی دووهەمدا پێڕەوی نێوخۆو مەرجەکانی ئەندامەتی ئەنجومەنی گشتی پەسند کران و بڕیارە سبەینێش ئەندامانی ئەنجومەنەکە هەڵبژێردرێن.

ئەمرۆ یەکشەممە، 22/12/2019 کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دووەمین ڕۆژی کارەکانی خۆی بەرێوەبرد. کۆنگرەکە لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت و جگە لە میدیاکانی سەر بە یەکێتی، رێگا بە هیچ میدیایەکی دیکە نادرێت لە کۆنگرەکە ئامادە بێت و رووماڵی بکات.

پەسند کردنی پێڕەوی نێوخۆی یەکێتی و مەرجەکانی کاندید بوون بۆ ئەندامەتی بەڕێوەبەری گشتی “ی ن ک” لە بڕگەکانی کاری ئەمڕۆی کۆنگرەکە بوون و پەسند کران.

رۆژی شەممە و لە یەکەم ڕۆژی کارەکانیدا، کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای سیاسی ئەو حیزبەی هەڵبژاردو کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی وەکوو سەرۆکی ئەنجومەنەکە دیاریی کرا. هاوکات هەریەک لە دوکتور بەرهەم ساڵح، رێواس فایەق و قوباد تاڵەبانی وەکوو ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەڵبژیردران.

کۆنگرەکە هێشتا بەردەوامەو دیار نیە کەی کۆتایی بە کارەکانی دێنیت، ئەگەرچی بڕیار بوو ئەمڕۆ دەنگدان بۆ دیاریکردنی ئەنجومەنی گشتیی سەرکردایەتی یەکێتی ئەنجام بدرێت بەڵام بۆ سبەی کاتژمیر 9:00ی سەلەبەیانی دواخرا.

یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە رێکەوتی 1ی حوزێرانی 1975دا دامەزراوەو هەتا ئیستا 3 کۆنگرەی بەستووە، کۆنگرەی سێهەمی ئەو حیزبە لە ساڵی 2010دا بەستراوەو ئەوەی ئێستا بەڕیوە دەچێت کۆنگرەی چوارەمی حیزبەکەیە.

پوستێن ھەمان بەش