“پەکەکە متمانەی نییە لەوەی تورکیا ناوەرۆکی پرۆسەی ئاشتی جێبەجێ بکات”.
پەکەکە داوای سووککردنی گۆشەگیریی سەر ئۆجەلان دەکات و دەڵێت، حکوومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی نەناوە.
سێشەممە، 20-05-2025، زاگرۆس هیوا، گوتەبێژی باڵی سیاسیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) هەڵوێستیی نوێی حزبەکەی لەبارەی پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و قۆناغی دوای 12ـەمین کۆنگرە، ڕاگەیاند.
گوتەبێژی باڵی سیاسیی پەکەکە، قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرەنسی (ئەی ئێف پی) کردووە، ڕەخنە لە حکوومەتی تورکیا دەگرێت و دەڵێت: هیچ هەنگاوێکی بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەی نوێی ئاشتی نەناوە.
گوتەبێژی پەکەکە داوا لە حکوومەتی تورکیا دەکات، گۆشەگیرییە تاکەکەسییەکان لەسەر عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە سووک بکات و ئاماژە بەوەش دەدات: پەکەکە متمانەی نییە لەوەی تورکیا ناوەرۆکی پرۆسەی ئاشتی جێبەجێ بکات، هەربۆیە ڕەتی دەکاتەوە دوای چەکدانان، هێزەکانی لە خاکی باکووری کوردستان و تورکیا بکشێنێتەوە.
بە گوتەی زاگرۆس هیوا “عەبدوڵلا ئۆجەلان لە دانوستانەکان بۆ پرۆسەی نوێی ئاشتی لەگەڵ حکوومەتی تورکیا بەردەوامە.” گوتیشی: ئاشتی ڕاستەقینە پێویستی بە یەکگرتنەوە هەیە، نەک لێک دوورکەوتنەوە. ئاماژەی بەوەش کرد “ئەگەر تورکیا دڵسۆز و جددی بێت لە پرۆسەی ئاشتی، پێویستە هەمواری یاسایی پێویست بکات بۆ ئەوەی ئەندامانی پەکەکە لەگەڵ کۆمەڵگادا یەکبگرن.
رۆژی دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025 ، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی ڕاگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوە چوو. لەو کۆنگرەیەدا، پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
ڕۆژی یەکشەممە، 18-05-2025، شاندێکی دەم پارتی کە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری بازنەی وان و فایەق ئۆزگور ئەرۆل، پارێزەری ئۆجەلان پێک هاتبوو؛ سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆ بووەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە، دەم پارتی لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی لەوە کرد، عەبدوڵلا ئۆجەلان لەبارەی پەیوەندیی کورد و تورک لە تورکیا گوتوویەتی: ”براکان شەڕ دەکەن، بەڵام هیچیان بەبێ ئەوەی دیکە هەڵناکات. پێویستمان بەوەیە، ڕێککەوتننامەیەکی نوێ لەسەر مافی برایەتی ئیمزا بکەین”.