باخچەلی: پێویستە لە پەرلەمانی تورکیا لیژنەیەک بۆ پرۆسەکە پێکبهێندرێت

باخچەلی: پێویستە لە پەرلەمانی تورکیا لیژنەیەک بۆ پرۆسەکە پێکبهێندرێت

باخچەلی: ”بە راگەیاندنی بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازی پەکەکە، چووینەتە قۆناخێکی هەستیار؛ قۆناخێک پێویستی بە پشوودرێژییە”.

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) داوا دەکات، لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکبهێندرێت. سەبارەت بە بڕیارەکانی کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکەٍش دەڵێت: ”چووینە قۆناخێکی هەستیار”.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 18/5/2025، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە هەژماری فەرمیی پارتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: ”بە راگەیاندنی بڕیاری چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی جوداخوازی پەکەکە، چووینەتە قۆناخێکی هەستیار؛ قۆناخێک پێویستی بە پشوودرێژییە”.

 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.

 باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد، دەبێت هەموو پارت و لایەنە سیاسییەکانی تورکیا پاڵپشتی لە پرۆسەی چارەسەری بکەن و خۆیان لە بەکارهێنانی ”زمانێکی تێکدەرانە و ئاژاوەگێڕانە” بەدووربگرن کە بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکات.

 سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی پێی وایە، وڵاتەکەی هەمیشە پارێزگاری لە یەکپارچەیی خۆی کردووە؛ جەختی لەوەش کردەوە: ”تورکیا هەرگیز هەوڵی بۆ دانوستاندن و ئاگربەست لەگەڵ تیرۆریزم نەداوە و ناشیدات”.

 باخچەلی باسی لەوەش کرد: ”بەرقەرارکردنی ئاشتی و بەهێزکردنی بەرەی نێوخۆ، قەرزی وەفای ئێمەیە بۆ مێژوو، باووپابیران و نەوەکانی ئاییندەمان. کۆماری تورکیا ئەم قەرزە دەداتەوە و بەڵای تیرۆری جوداخواز لە رۆژەڤی خۆی دەسڕێتەوە”.

 باخچەلی جەختی لەوە کردەوە، باشترین بژاردە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە ئەوەیە، لیژنەیەک لە پەرلەمانی تورکیا بە بەشداری و پاڵپشتیی هەموو پارتە سیاسییەکان پێکبهێندرێت.

 سەرۆکی مەهەپە پێشنیازی بۆ نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کرد، دەستپێشخەری بکات بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک بە ناوی ”ستراتیژیی سەت ساڵەی تورکیای بێ تیرۆر؛ لیژنەی یەکدەنگی و یەکێتیی نەتەوەیی”.

ئەو 7 خاڵەی کە باخچەلی پێشنیاری کردووە بەم شێوەیەن:

یەکەم: بۆ ئەوەی کارەکانی کۆمسیۆن بەشێوەیەکی هەمەلایەنە و شەفاف ئەنجام بدرێت، پێویستە کۆمسیۆن لە 100 ئەندام پێکبێت و نوێنەرایەتی ئەو 16 لایەنە سیاسییە بکات کە نوێنەرایەتیان لە پەرلەمان هەیە و بەپێی مەرجەکانی تایبەت بە کارکردنی کۆمسیۆنەکان، پێکبهێنرێت.

دووەم: هەر پارتێکی سیاسی کە نوێنەری لە پەرلەمان هەیە، دەبێت لانیکەم ئەندامێکی نوێنەرایەتی بکات، ئەندامەکانی تریش بەپێی ڕێژەی سەدی نوێنەرایەتی ئەو لایەنانەی کە گروپیان هەیە دیاری بکرێن.

سێیەم: هەر لایەنێکی سیاسی نوێنەرایەتی لە پەرلەماندا هەبێت بتوانێت دوو کەسی پسپۆڕ لە بوارەکەی خۆیدا بۆ کاری کۆمسیۆن کاندید بکات.

چوارەم: پێویستە کۆمسیۆن شێواز و ڕێکارەکانی کارکردنی خۆی دیاری بکات.

پێنجەم: سەرۆکی پەرلەمان سەرۆکایەتی کۆمسیۆنەکە بکات.

پێنجەم: بڕیارەکانی ناو کۆمسیۆن دەبێت بە زۆرینەی دەنگ بدرێت.

حەوتەم: پێویستە ئەو بڕیارانەی لە کۆمسیۆن دەدرێن، لەلایەن پەرلەمانتارانەوە وەکو پێشنیاز ئامادە بکرێن و بخرێنە بەردەم کۆمسیۆنە پسپۆڕە پەیوەندیدارەکان و ئەنجومەنی گشتی پەرلەمان”.

شایانی باسە لە یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024ـەوەهەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە “تورکیایەکی بێ تیرۆر” لەلایەن دەم پارتیشەوە بە “چارەسەرکردنی پرسی کورد” ناودەهێندرێت.

پوستێن ھەمان بەش