“بە ماوەی هەر 3 رۆژان جارێک، ژمارەی تووشبووان 2 قات زیاد دەکات”
سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا رایدەگەیەنیت کە لە ئیستادا نیوەی دانیشتووانی گۆی زەوی بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە لە ماڵەکانی خۆیاندا ناوێرن وەدەرکەون و پێشبینی ئەوەش دەکرێت دۆخەکە لەوە خراپتریش بێت.
ئیدوارد فیلیپ سەرۆک وەزیرانی فەرەنسا ئەمڕۆ یەکشەممە 29/3/2020 لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “لە یەک هەتا 15ی مانگی نیسان، فەرەنسا دوو حەوتووی گەلێک دژوار تێپەڕ دەکات و ئەو قەیرانەی ئێستا فەرەنسا تووشیبووە لە میژوودا بێ وینەیە.”
فیلیپ دەستنیشانی کرد کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەوان چاوەڕێی دۆخیکی خراپتر دەکەن، لەبەر ئەوەی بە ماوەی هەر 3 رۆژان جارێک، ژمارەی تووشبووان 2 قات زیاد دەکات و ترسی ئەوە هەیە فەرەنساش وەکوو ئیتالیا و ئیسپانیای لێ بەسەر بێت.
هەتا ئێستا لە فەرەنسا 2314 کەس بەهۆی تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوەو ژمارەی تووشبووانیش بە کۆرۆنا گەیشتۆتە 37575 کەس و 6624 تووشبوویش چاک بوونەتەوەو گەڕاونەتەوە ماڵی خۆیان.