دژەتیرۆری فەرەنسا 8 ئەندامی پەکەکە دەستبەسەر دەکات

دژەتیرۆری فەرەنسا 8 ئەندامی پەکەکە دەستبەسەر دەکات

لە فەڕەنسا لەم دواییانەدا گوشار لەسەر ئەو کوردانەی کە لە تورکیا هەڵاتوون زیاتر بووە.

داواکاری گشتی نیشتمانی دژەتیرۆری فەرانسە (Pnat) ڕایگەیاند، 8 کەس لە فەرەنسا بە تاوانی دابینکردنی یارمەتی دارایی بۆ پەکەکە، دەستبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی یۆرۆنیوز (Euronews)، داواکاری گشتی نیشتمانی دژەتیرۆری فەرانسە (Pnat)، سەبارەت بە “کۆکردنەوەی پارە و یارمەتی دارایی بۆ پەکەکە” دەستی بە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگەنامە کردووە.

لەچوارچیوەی لێکۆڵینەوەکانیدا لە پاریس و هەریمی بۆئوچەس-دو-رهـوونەی، 8 کەس بەهۆی دابینکردنی یارمەتی دارایی بۆ پەکەکە دەستگیر کران.

داواکاری گشتی نیشتمانیی دژەتیرۆری فەرانسە ڕایگەیاندووە، ئەو 8 کەسەی کە دەستگیر کراون تا 96 کاتژمێر لە زینداندا دەمێننەوە و بەوە تۆمەتبارن کە ئەو کەسانە لەژێر ناوی “باجی شۆڕش”دا پارەیان لە ڕەوەندی کوردی لە فەرانسە وەرگرتبێت.

ئەوان بە تاوانی “بەشداریکردن لە ڕێکخراوێکی تاوانکاری بە ئامانجی ئامادەکردنی چالاکیی تیرۆریستی”، “پارەدارکردنی چالاکییە تیرۆریستییەکان” و “پەیوەندیکردن بە باندی ڕێکخراوەی زۆرەملێ و هەوڵدانی زۆرەملێ” تۆمەتبار کراون.

بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ئەو چالاکیە لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2024، ئەنجام دراون.

لە لایەکی دیکەوە لە بەلجیکا دوێنێ پۆلیس هەڵیکوتایە سەر بینای “ستێرک تی ڤی” و “مەدیا خەبەر”ی پەکەکە و ستۆدیۆکانیان پشکنی.

پشکنینی بیناکانی ستێرک تی ڤی و مەدیا خەبەری پەکەکە، لە چوارچێوەی ئەو لێکۆڵینەوانەی فەرەنسادا ئەنجامدراوە و داواکاری گشتی نیشتمانی دژەتیرۆری فەرانسە (پنات)، ئەمەی پشتڕاست کردەوە.

فەرەنسا 3 کوردی ڕادەستی تورکیا کردۆتەوە

لە فەڕەنسا لەم دواییانەدا گوشار لەسەر ئەو کوردانەی کە لە تورکیا هەڵاتوون زیاتر بووە.

فەرەنسا سەرەڕای ناڕەزایەتیی کوردەکان، لە مانگی شوباتدا “فراز کۆرکماز” و لە 9ی نیساندا “مەهمەت کۆپاڵ””ی ڕادەستی تورکیا کرد.

هەردووکیان بەهۆی خەباتی سیاسییەوە سزا درابوون و وەکوو پەنابەری سیاسی ڕۆیشتبوونە فەرەنسا.

پەنابەری کورد “سەرهات گولتەکنێ” کە لەلایەن دەولەتی تورکەوە سزای 15 ساڵ زیندانیکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، لە ڕێکەوتی 10ی نیساندا لە فەرەنسا دەستبەسەر و لە 12ی نیساندا ڕادەستی تورکیا کرایەوە.

پوستێن ھەمان بەش