پێشتر لە 3 قۆناخدا 17 گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆجۆ هەڵدراونەتەوە کە 236 روفاتیان تێدابوون
ئەمڕۆ شەممە 24/10/2020، گۆڕێکی بەکۆمەڵی ژنانی کوردی ئێزدی لە شنگال هەڵدەدرێتەوە کە پێشبینی دەکرێت رووفاتی زیاتر لە 75 ژنی کوردی ئێزدی تێدابێت. ئەوەش یەکەم گۆڕی بە کۆمەڵی ژنانی کوردی ئێزدییە کە هەڵدەدرێتەوە.
رێوڕەسمێک بۆ هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە بەڕێوەدەچێت و لە سبەی یەکشەممەوە دەستدەکرێت بە هەڵدانەوەی گۆڕەکە، ئاژانسەکانی باشووری کوردستان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو ژنانەی لەو گۆڕەدا بەکۆمەڵ نێژراون، هەموویان تەمەنیان لە سەروو 40 ساڵانەوە بووە و خەڵکی گوندی کۆجۆن.
لە رێوڕەسمەکەدا، نوێنەری سەرۆکوەزیرانی عێراق، نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، نوێنەری دەستەی لێکۆڵینەوە لە بەڵگەنامەکانی تاوانی شنگال لە هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە کەسوکاری قوربانیان ئامادەن.
پێشتر لە 3 قۆناخدا 17 گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆجۆ هەڵدراونەتەوە کە 236 روفاتیان تێدابوون و سەرجەم روفاتەکان رەوانەی پزیشکی دادی بەغداد کراون و هەتا ئێستا رادەستی بنەماڵەکانیان نەکراونەتەوە.