کەجەکە سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە
هاوسەرۆکایەتی کەجەکە سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکە جەختی لەوە کردۆتەوە کە لەسەر بنەمای پارادایمی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە، ڕێگاچارەیەک بۆ کێشەکان بدۆزرێتەوە.
لە بەیاننامەکەی کەجەکەدا هاتووە کە “ئێمە ئەو شەڕەی کە زیان بە گەلان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی لەناوچوونیان ئیدانە دەکەین. داوا دەکەین کێشەکان نەک بە شەڕ بەڵکو بە سیاسەتی دیموکراتیک و دانوستان چارەسەر بکرێن.”
کۆمە جڤاکێن کوردستان (کەجەکە لە بەیاننامەکەیدا کە ڕۆژی هەینی 13/6/2025، بڵاویکردۆتەوە دەڵێ: “هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، شەڕێک کە لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە دەستی پێکردووە، قووڵتر کردەوە”.
کەجەکە دەشڵێت: “شەڕێک کە لایەن دەوڵەتان بە مەبەستی دەسەڵاتداری و هەژموونخوازییەوە بەڕێوەدەچێت، بە هیچ شێوەیەک کێشەکان چارەسەر ناکات بەڵکوو ئازارێکی گەورە بە گەلان دەگەیەنێت. هەروەها دەبێتە هۆی ئازار، مردن، لەناوچوون و وێرانکاری. لە مێژووی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کە بەسەدان ساڵە بە شەڕی بەردەوام ڕووبەڕووماوەتەو، ئیتر ئەوە ڕوون بووەتەوە کە شەڕ توانای چارەسەری هیچ کێشەیەکی نییە، بەڵکوو دەبێتە هۆی ئازار، لەناوچوون و وێرانکاری و کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە و دەگاتە ئاستێک کە ناویدا گیروودە بن. ئێمە ئەم شەڕە بە کارێکی هەڵە دەبینین و ئیدانەی دەکەین”.
لە کۆتایی بەیاننامەکیدا کەجەکە سەرنج دەخاتە سەر پارادایمی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە و وەک ڕێگاچارە پێشنیاری دەکات و دەڵێت: “ئێمە لەو باوەڕەداین دەبێت کێشەکان بە رێبازی سیاسەتی دیموکراتیک و دانوستانی دیموکراتیک کە ڕێبەر ئاپۆ پێشکەشی کردووە چارەسەر بکرێن. لەسەر ئەو بنەمایە داوا لە هەر کەسێک دەکەین بەو تێگەیشتن و زەمینەوە مامەڵە بکەن و کێشەکان نەک بە شەڕ بەڵکو بە سیاسەتی دیموکراتیک، گفتوگۆ و دانوستانەوە چارەسەر بکەن”.