لەدوای بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئۆجەلانەوە، نزیکەی 25 گەریلای پەکەکە لە هێرشەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە.
ناسنامەی دوو گەریلای دیکەی پەکەکە ئاشکرا بوو کە دوای کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، بوونەتە ئامانجی هێرشەکانی دەولەتی تورک و گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی حوزەیرانی 2025، هەپەگە ناسنامەی دوو گەریلای دیکەی خۆی بە کۆدناوەکانی “باوەڕ سەرحەد” و وەلات هێمن”، ئاشکرا کرد کە لە 30ی ئایاری ئەمساڵ واتە پاش بەڕێوەچوونی کۆنگرەی خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە لە ناوچەی زاپ لە باشووری کوردستان، هێرشیان کراوەتە سەر و گیانیان لەدەستداوە.
هەپەگە گیانلەدەستدانی ئەو دوو گەریلایەی بۆ ماوەی 12 ڕۆژ لە بنەمالەکانیان و ڕای گشتی شاردبۆوە.
هەپەگە لە ستایشکردنی ئەو دوو گەریلایەشدا گوتوویەتی: ئەوان میلیتان و فیدایی ئاپۆ بوون!.
سەرەڕای لە ئارادابوونی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستاندا و هەروەها خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بە بیانووی پەکەکەوە بۆ سەر ناوچەکانی باشووری کوردستان بەردەوامن. بەپێی ئەو زانیاریانەی لەبەردەستماندایە، لەدوای بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە 27ی شوباتی 2025ـەوە هەتا ئێستا، نزیکەی 25 گەریلای پەکەکە لە ئەنجامی هێرشەکانی تورکیادا گیانیان لەدەستداوە.