هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە مەتینا، ڕۆژئاوای زاپ و ئامێدی بەردەوامن

هەپەگە: هێرشەکان لە ڕێگەی ئاسمانی و زەمینییەوە ئەنجام دراون و گەریلا بەرگری لە خۆیان دەکەن.
پەکەکە ڕایگەیاند، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر گەریلاکانی ئەو حیزبە لە مەتینا و ڕۆژئاوای زاپ و دەوروبەری ئامێدی لە ناو خاکی باسووری کوردستاندا بەردەوامن و ڕاشیگەیاند، گەریلا بەرگری لە خۆیان دەکەن.
هەپەگە، باڵی سەربازیی پەکەکە، ڕۆژی پێنجشەممە 12/6/2025، ئاماری هێرشەکانی تورکیای لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند: “لە ڕێکەوتی 5ی ئەم مانگەوە، سوپای تورکیا بە هەموو جۆرە چەکێکەوە پەلاماری گەریلاکانی ئەو حیزبەی لە ناوچەکانی مەتینا، ڕۆژئاوای زاپ و ئامێدی باشووری کوردستان داوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هێرشەکان لە ڕێگەی ئاسمانی و زەمینییەوە ئەنجام دراون و گەریلا بەرگری لە خۆیان دەکەن.
وەزارەتی بەرگریی تورکیا هەفتەی ڕابردوو ڕایگەیاندبوو، لە هێرشە سەربازییەکانیان دژ بە پەکەکە بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی ناوچەکە “پاک دەکرێتەوە” و “مەترسی پەکەکە کۆتایی پێدێت”.
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ڕایدەگەیەنێت، هەرچەندە بۆ دەستەبەرکردنی سەرکەوتنی پڕۆسەی ئاشتی ئاگربەستی تاکلایەنەیان ڕاگەیاندووە، بەڵام هێشتا سوپای تورکیا هێرشە سەربازییەکانی ڕانەگرتووە.