هەسەدە بۆ دیمەشق: دروشمی گرووپە چەکدارەکان بۆنی ڕژێمی بەعسیان لێدێت

هەسەدە بۆ دیمەشق: دروشمی گرووپە چەکدارەکان بۆنی ڕژێمی بەعسیان لێدێت

هەسەدە: “ئەم کارە یان ستراتژییەکی فەرمییە کە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامە لە ڕێگەی ڕقەوە، یان نیشانەی بێدەسەڵاتی حکومەتە لە کۆنترۆڵکردنی گرووپەکانیدا، کە لە هەر دوو حاڵەتەکەدا، نیشانەی بەردەوامیی عەقڵییەتی بەعسییە”.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە)، بە ڕاگەیاندراوێکی توند کاردانەوەی بەرامبەر بە دروشمی ئاژاوەگێڕانەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگری حکومەتی کاتی سووریا پیشاندا. هەسەدە ڕایگەیاند کە ئەم هەڵوێست و قسە ڕقاویانە دووبارەبوونەوەی هەمان عەقڵیەتی ڕژێمی بەعسە کە گەلی سووریا لە دژی ڕاپەڕین و شۆڕشیان کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەی هەسەدەدا هاتووە کە ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی ساڵیادی ڕووخانی ڕژێمی بەعس نیشانەی خواستی قووڵی گەلی سووریایە بۆ ئازادی و دادپەروەری، کەچی لەم کاتەدا بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق، دروشمی دوژمنکارانەیان لە دژی هێزەکانی هەسەدە و پێکهاتەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەرز کردۆتەوە.

هەسەدە ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کارانە تەنها وروژاندنێکی کاتی یان پێشێلکارییەکی تاکەکەسی نەبوون، بەڵکوو بەشێک بوون لە کۆمەڵێک کردەوەی سیستماتیک کە ئامانجیان قووڵکردنەوەی ڕق و کینە و تێکدانی ئاشتی ناوخۆیییە. لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە: “ئەمە هەوڵێکە بۆ ڕاکێشانی وڵات بۆ ناو ئەو سووڕی شەڕەی کە سوورییەکان بەهۆیەوە باجێکی قورسیان داوە”.

بەرپرسیارێتی حکومەتی دیمەشق

هێزەکانی سووریای دیموکراتیک ڕاستەوخۆ حکومەتی کاتی دیمەشقی بە بەرپرسیار زانیوە و ڕایگەیاندووە: “ئەم کارە یان ستراتژییەکی فەرمییە کە ئامانجی بەدەستهێنانی ئەنجامە لە ڕێگەی ڕقەوە، یان نیشانەی بێدەسەڵاتی حکومەتە لە کۆنترۆڵکردنی گرووپەکانیدا، کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا پەیامی ‘بەردەوامی عەقڵیەتی بەعسی’ دەگەیەنێت”.

هەسەدە جەختی لەوە کردەوە کە ناوچەکانی ئەوان نابن بە شوێنی قسەی ڕقاوی و کینە و هەر هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاشتی و ئارامی، لەگەڵ وەڵامێکی توند بەرەوڕووی دەبێتەوە. لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە: “ئایندەی سووریا لەسەر ئاژاوەگێڕی و دروشمی هیستریکی بنیات نانرێت، بەڵکوو لەسەر هاوکاری و ڕێزگرتن لە ئیرادەی پێکهاتەکان بنیات دەنرێت، گەل و هێزەکانی ئێمە ڕێگە نادەن وڵات بگەڕێتەوە بۆ دواوە”.

Share

پوستێن ھەمان بەش