تاقمی“جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، منداڵیکی دیکەی 12 ساڵانیان لە کۆبانێ ڕفاند

لە 2 مانگی ڕابردوودا تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر” لانیکەم 12منداڵیان لە کۆبانێ ڕفاندووە کە هێشتا چارەنووسیان نادیارە.
چەتەکانی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، منداڵێکی دیکەی تەمەن 12 ساڵانیان لە شاری کۆبانێ ڕۆژئاوای کوردستان ڕفاند و ڕەوانەی بنکەیەکی چەکدارکردنی زۆرەملێی تایبەت بە منداڵانیان کرد.
سەرچاوەکانی پێگەی “دارکا مازی” لە ڕۆژئاڤای کوردستان ئاشکرایا کرد کە لە ڕێکەوتی 22ی مژداری 2025دا، چەتەکانی “جوانێن شۆرەشگەر”ی پەکەکە، کەوا کاریان ڕفاندنی منداڵان و چەکدارکردنیانە، منداڵێکی دیکەی 12 ساڵانی کوردیان لە شاری کۆبانێ ڕۆژئاڤادا ڕفاندووە و ڕەوانەی بنکەیەکی ڕاهێنانی سەربازی و چەکدارکردنی زۆرەملێی منداڵان کردووە.
سەرچاوەکانمان ئاشکرایان کردووە کە ئەو منداڵە ناوی “مووسا ساڵح عەلۆ”یە و دانیشتووی گوندی “دادەلێ”ی سەر بە “کۆبانێ”یە. مووسا قوتابی پۆلی 6ی سەرەتایی بووە، ناوی دایکی “میرخان عەبدولقادر”ـە و بابی شوفێری پاسە و لە نێوان ڕەققا و کۆبانێدا کار دەکات.
چەتەکانی جوانێن شۆرەشگەر، “مووسا ساڵح”یشیان وەک سەدان کچ و منداڵ کە بۆ پەکەکە و یەپەگە ڕفاندوویانە، ڕەوانەی بنکەکانی مەشق و چەکدارکردنی زۆرەملێی منداڵان کردووە.
شایانی بیرهێنانەوەیە کە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر” 12منداڵیان لە کۆبانێ ڕفاندووە کە تا ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
تاقمی “جوانێن شۆرەشگەر” گرووپێکی لاوانی سەر بە “پەکەکە/پەیەدە”یە و بە فەرمانی ڕاستەوخۆی جەمیل بایک کار دەکات و ئەرکەکەشی ڕفاندن و چەکدارکردنی منداڵانە بۆ پەکەکە و لقوپۆپەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان.