لە “سنە”ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەفر ڕێگەی 40 گوندی داخست

لە "سنە"ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەفر ڕێگەی 40 گوندی داخست

کەشناسیی پارێزگای سنە: لە شارەکانی سەقز، بانە، مەریوان و گەردەنەی ژاڵانە و مرواری بەفرێکی زۆر باریووە.

بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبانی پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایگەیاند، بەفر و زریان ڕێگەی 40 گوندی لە پارێزگای سنە داخستووە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەم 2025، ڕامین مەحموودی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگەوبانی پارێزگای سنە، بە ئاژانسی هەواڵی ‘ئیرنا’ی گوت: لە ئەنجامی بەفر و زریانی دوو ڕۆژی ڕابردوو، ڕێگەی 40 گوندی پارێزگاکە داخراوە و هاتوچۆیان پێدا ناکرێت.

مەحموودی، گوتیشی: لە ئەگەری بەردوامیی دۆخی کەشوهەوای زستانە، ژمارەی ئەو گوندانەی ڕێگەکانیان دادەخرێت، زیاتر دەبن.

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ڕێگەوبانی سنە، جەختی لەوە کردەوە “هەرچەند تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکە بەردەوام سەرقاڵی ڕاماڵینی بەفر و کردنەوەی ڕێگەکانن، بەڵام سەختیی ناوچەکە و زۆریی بەفرەکە، ڕێگریی لە کارەکانیان دەکەن.”

بە گوێرەی زانیارییەکانی کەشناسیی پارێزگای سنە، لە شارەکانی سەقز، بانە، مەریوان و گەردەنەی ژاڵانە و مرواری بەفرێکی زۆر باریووە و هاتوچۆ لەو ناوچانەدا ئەستەم بووە.

Share

پوستێن ھەمان بەش