کەسێک کە لە فیشەک و تی ئێن تی دوژمنی دەرەکیی کوردستان ڕزگاری بوو، بە دەستی پەکەکە شەهید کرا.
یەکێکی دیکە لە ڕووە جوانەکانی دەڤەری بەرواری بالا “مەجید پیرمۆس محەمەد”ـە، کە بە دەستی گریلاکانی حیزبێکی دڕندە بە ناوی “پەکەکە” کە خۆی وەکوو حیزبێکی کوردی دەناسێنێت، شەهید کراوە. مەجید پیرمۆس لە تەمەنی 19 ساڵیدا دەبێتە پێشمەرگە و وەکوو بازێک لەسەر چیاکانی کوردستاندا دەفڕێت و لە پێناو ئازادی گەل و وڵاتەکەی هەموو ئاستەنگییەکان تێدەپەڕێنێت. ئەگەرچی ناخۆشی زۆر دەبینێت، بەڵام هەموو کات بە هیواوە دەژیت و هیچ شتێک لە خەبات کردن بۆ نیشتمانەکەی پاشگەزی ناکاتەوە، نە سەرمای زستان و نە گەرمای هاوین، نە هەوراز و نشێوی چیا و نە تۆپ و تانکی دوژمن، هیچ شتێک ناتوانێت ڕێگای لێ بگرێت و لە خەبات بۆ ئازادی وڵاتەکەی پاشگەزی بکاتەوە.
مەجید پیرمۆس لە ساڵی 1967 لە گوندی ڕاڤینای سەر بە دەڤەری بەرواری باڵا لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروەر لە دایکبووە. هەر لە تەمەنی منداڵیدا شەیدای چیاکانی کوردستان دەبێت، خوێندنی سەرەتایی لە گوندی ڕاڤینا و خوێندنی ناوەندیی لە کانی ماسی تەواو دەکات. بەمەبەستی درێژەپێدان بە ڕێبازی باوکی شەهیدی بە ناوی”سلێمان پیرمۆس”، لە ساڵی 1986دا دەچیتە ناو ڕیزی پێشمەرگەکانی ڕێگای رزگاریی کوردستان.
شەهید مەجید پیرمۆس لە ساڵی 1991دا بەشداری ڕاپەڕینی باشووری کوردستان دەبێت و پاش ڕاپەڕین دەگەڕێتەوە سەر خاکی باو و باپیرانی و لە گوندی راڤینا نیشتەجێ دەبێت. خۆشەویستی بۆ وڵات و کارە پیرۆزەکەی کۆتایی پێنایەت و وەکوو پێشمەرگەیەکی ئازا هەتا ساڵی 1999 لەسەر کاری خۆی بەردەوام دەبێت، پاشان هەتا ساڵی 2002 لە ئاسایشی کانی ماسی کار دەکات.
دوای هاتنی تیرۆریستانی داعش شەهید مەجید پیرمۆس دەست دەداتە چەکەکەی و لە پێناو پاراستنی گەل و وڵاتەکەیدا دووبارە دەست بە کارە پیرۆزەکەی دەکاتەوە و وەکوو پێشمەرگەیەک دەچێتە میحوەری سەدی موسڵ و لەوێ درێژە بە خەباتی خۆی بۆ کوردستان دەدات. لە تانک و تۆپی ڕێژیمی بەعسی دڕندە، لەسەرما و گەرما، لە دەربەدەری و هەموو ناخۆشییەکان، لە فیشەک و تی ئێن تی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ڕزگاری دەبێت، بەڵام دوای بەرخۆدانێکی زۆر گەورە نە بە دەستی دوژمنێکی دەرەکی، نە بەدەستی تورکیە یان ئێران و سووریە، نە بە دەستی تیرۆریستانی داعش بەڵکوو بە دەستی گریلاکانی حیزبێکی کوردی شەهید دەکرێت و 10 منداڵ لە دوای خۆی بەجێ دەهێڵێت.
بەڵێ، کەسێک کە ساڵانێک لە چیاکانی کوردستان لە پێناو رزگاریی کوردستاندا شەڕی دەکرد و ناخۆشییەکی زۆری بە چاوی خۆی بینیبوو، کەسێک کە لە فیشەک و تی ئێن تی دوژمنی دەرەکیی کوردستان ڕزگاری بوو، لەدەستی تی ئێن تی پەکەکە ڕزگاری نەبوو ولە ڕێکەوتی 6/7/2018 بەدەستی پەکەکە شەهید بوو. پەکەکە لەسەر ڕێگای مەجید پیرمۆس TNT دانایەوە و ئەویان لە بنەماڵە وڵاتپارێزەکەی، لە منداڵە چاوگەشەکانی و لە نیشتمانەکەی ستاندەوە و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدانی کوردستانی کرد.
بە جێگەی ئەوەی پەکەکە بچێت و لە باکووری کوردستان تی ئێن تی لەسەر ڕێگای دوژمنانی کوردستان، لەسەر ڕێگای جەندرمەکانی تورک و تورکە فاشیستەکان دابنێتەوە، لەسەر ڕێگای پێشمەرگەیەکی کورد، وڵاتپارێزێکی کورد باوکی 10 منداڵ بە ناوەکانی “مەتین، گارە، سەفین، کاوە، کارزان، بڵند، ئاڤەند، ئامەد، محەمەد و بەفرین” TNT دانایەوە و شەهیدیان کرد.