دایکێک و منداڵە چوار ساڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون

دایکێک و منداڵە چوار ساڵەکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون

دوای تێپەڕینی نزیک بە مانگێک لە دەستبەسەر کرانی ژنێک بە ناوی میترا تەقی پوور و منداڵە 4 ساڵانەکەی بە ناوی مێهرسام ڕەسووڵی لەلایەن ئێرانەوە هێشتا چارەنووسیان نادیارە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە راپۆرتە هەواڵیکدا ئاشکرای کردووە ژنێکی گەنج لەگەڵ منداڵە چوارساڵانەکی لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی کوردستان لە سنووری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کراون و هیچ زانیارییەک لە سەر دۆسیەکەیان و هەروەها هۆکاری دەستبەسەر کرانیان لە بەر دەستدا نییە.

بە گوتەی هەنگاو دوای تێپەڕینی نزیک بە یەک مانگ لە دەستبەسەر کرانی ژنێک بە ناوی میترا تەقی پوور تەمەن 40 ساڵ و منداڵە 4 ساڵانەکەی بە ناوی مێهرسام ڕەسووڵی لە سنووری مێهران، چارەنووسیان نادیارە.

تەقی پوور بڕوانامەی ماستەری زمان و وێژەی فارسی هەیە و دانیشتووی ئیسفەهانە کە ڕۆژی هەینی 2ی ڕەزبەری 2721 (24ی سێپتامبری 2021) لە کاتی گەڕانەوە لە هەرێمی باشووری کوردستان لە سنووری مێهران سەر بە پارێزگای ئیلام لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە.

هەنگاو لە زمانی یەکێک لە نزیکانی میتراوە رایگەیاندووە: “میترا و منداڵەکەی بۆ ماوەی 8 ڕۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیمی ئێران لە ئیلام لێپرسینەوەیان لێکراوە و شەوانە ڕەوانەی بەندیخانەی ئیلام کراون”.

ئیدارەی ئیتلاعاتی رێژیم لە پاریزگای ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگای پەیوەندییەکی تەلەفوونی بنەماڵەی تەقی پووری لە دەستبەسەر کرانی کچەکەیان ئاگادار کردووەتەوە، بەڵام کاتێک بنەماڵەکەی سەردانی ئیلامیان کردووە پێیانیان ڕاگەیاندووە کە میترا تەقی پوور و منداڵەکەی 8 ڕۆژ لێرە بوون و دواتر ڕادەستی ئیتلاعاتی سپای ئیسفەهان کراون.

هەنگاو لە درێژەدا ئاماژەی بەوە کردووە: “میترا تەقی پوور و منداڵە چوارساڵانەکەی دوای ئەوەی ڕۆژی دووشەممە 12ی ڕەزبەر (4ی ئۆکتۆبر) ڕادەستی ئیتلاعاتی سپای ئیسفەهان کراون چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانیان نادیارە و ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی بنەماڵەی”.

بنەماڵەی میترا و هەروەها بنەماڵەی هاوژینەکەی لەو ماوەیەدا چەندین جار داوایان کردووە کە منداڵە چوارساڵەکەی میترا ڕادەستی ئەوان بکرێتەوە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ ناوەندێک لەوبارەوە وڵامیانی نەداوەتەوە.

Share