حەسەکە… ئاڵوگۆڕی دیلەکان لە نێوان هەسەدە و دیمەشق دەستیپێکرد

حکومەتی سووریا 400 ئەندامی هەسەدەی ئازاد کرد وهەسەدەش 90 چەکداری ڕادەستی حکوومەتی دیمەشق کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 11/4/2026، لە شاری حەسەکەی ڕۆژئاوای کوردستاندا، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 29ی ژانیڤەری ئەمساڵ، پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیل و دەستبەسەرکراوان لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (هەسەدە) و حکومەتی سووریا بە فەرمی دەستیپێکرد.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست کەوتوون، لەم قۆناغەی ئاڵوگۆڕەکەدا کە لە سەنتەری شاری حەسەکە بەڕێوەچوو، حکومەتی سووریا 400 ئەندامی هێزەکانی سووریای دیموکراتیکی ئازاد کرد کە لە زیندانەکانیاندا بوون و لە بەرامبەر ئەو هەنگاوەشدا هەسەدە 90 دەستبەسەرکراوی سەر بە حکوومەتی سووریای ڕادەستی دەسەڵاتدارانی دیمەشق کرد.
باس لەوەش کراوە کە شاندێکی تایبەتی سەرۆکایەتی کۆمار لەگەڵ تیمە تەکنیکی و چاودێرییەکان گەیشتوونەتە ناوچەکە بۆ ئەوەی کە ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پڕۆسەی ئازادکردنی زیندانییەکان بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بکات. ئەم هەنگاوە مرۆییە بە بەشێکی گرنگی ئەو ڕێککەوتنە دادەنرێت کە لە کۆتایی مانگی ژانیڤەری ئەمساڵدا کراوە و پێشبینی دەکرێت ببێتە بنەمایەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان هەردوولا و چارەسەرکردنی دۆسیەکانی دیکەی زیندانییەکان لە داهاتوودا.
هاوکات لەگەڵ ئەم پێشهاتانە لە شاری حەسەکە، خۆپیشاندانێکی جەماوەریی بەرفراوانیش لە شاری کۆبانێ ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو. خۆپیشاندەران زۆر بە جیددی داوای ئازادکردنی سەرجەم ئەو زیندانیانەیان کرد کە لەلایەن حکومەتی سووریاوە دەستبەسەر کراون.
هەروەها خۆپیشاندەران داوایان لە هەردوولا کرد کە بە تەواوی پابەندی پەیمان و ڕێککەوتنەکانی نێوانیان بن بۆ ئەوەی سەرجەم زیندانیانی هەسەدە کە لە زیندانەکانی حکوومەتدا ماونەتەوە بە سەلامەتی بگەڕێندرێنەوە بۆ ناو خانەوادەکانیان و ئەم دۆسیەیە بەشێوەیەکی یەکجارەکی و بۆ هەمیشە دابخرێت.