ئامریکا: پهیوەندییەکانی هەولێر و اشینگتۆن له بەرزترین ئاستدایه و هاوبەشیمان درێژخایەن دەبێت
“بەهۆی ئازایەتیی پێشمەرگه داعش لەناوبرا، کوردستان ئارامترین شوێنی ناوچەکەیه و له هەرێمی کوردستان ئازادیی رادەربڕین هەیه”.
كونسوڵی گشتیی ئامریکا لە ههرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت کە پهیوەندییەکانی ئامریکا و کوردستان له بەرزترین ئاستدایه و ڕێکخهری کاروباری ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست و باکوری ئەفریقاش له کۆشکی سپی، جەخت لە درێژخایەن بوونی هاوبەشیی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکات.
رۆژی یەکشەممە 21/11/2021، بڕێت مەکگورک، ڕێکخهری کاروباری ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست و باکوری ئەفریقا له کۆشکی سپی لە پەراوێزی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی “دیالۆگی مەنامە 2021″دا قسەی بۆ میدیاکانی کوردستان کرد.
مەکگورک سەبارەت بە دیدارەکەی ڕۆژی ڕابردووی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەناڵی (کوردستان 24)ی باشووری کوردستانی ڕاگەیاند: ”کۆبوونەوەیەکی نایاب بوو لەگەڵ سەرۆک وەزیران، باسمان لە کۆمەڵێک بابەت کرد و دووبارە سوپاسی بوێری و قارەمانەتیی پێشمەرگەم کرد لە شەڕی دژ بە داعش”.
ڕێکخهری کاروباری ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست و باکوری ئەفریقا له کۆشکی سپی گوتیشی: ”جەختم کردەوە لە پاڵپشتیی بەردەوامی خۆمان بۆ ڕاهێنانی هێزە چەکدارەکانی عێراق، بە هێزی پێشمەرگەشەوە، ئەمە بابەتێکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا پێیەوە پابەندە. ئێمە بۆ هەمیشە سوپاسگوزاری ئەم هاوبەشییەین و ئەمەش هاوبەشییەکی درێژخایەن دەبێت، هەربۆیە زۆر کاری هاوبەشمان ماوە، بیکەین”.
ڕۆژی شەممە 20ی نۆڤێمبەری 2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە شاری مەنامە، لەگەڵ برێت مەکگورک، ڕێکخهری کاروباری ڕۆژههڵاتی ناوهڕاست و باکوری ئەفریقا له کۆشکی سپی کۆ بووەوە. لە دیدارەکەدا، گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی ناوچەکە و بارودۆخی گشتیی عێراق دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا تاوتوێ کرا.
هاوکات كونسوڵی گشتیی ئامریکا لە ههرێمی كوردستان ئاشکرایکرد کە پهیوەندییەکانی ئامریکا و کوردستان له بەرزترین ئاستدایه و هەرێمی کوردستانیش ئارامترین شوێنی ناوچهكهیه.
رۆژی یەکشەممە 21/11/2021، رۆبێرت پاڵادینۆ، كونسوڵی گشتیی ئامریکا له ههولێر له رێوڕهسمی رێزلێنان له شههیدانی پێشمهرگهی كوردستان و سهربازانی ئامریکا له شاری ههولێر گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: “ههمیشه ستایشی خۆڕاگریی كهسوكاری شههیدان دهكهم و خۆشحاڵم بهوهی كه لهگهڵیان لهو رێوڕهسمهدا بهشدارم. پێشمەرگه گەورەترین قوربانیی داوه و ئەو ئارامییەی له ههرێمی کوردستان هەیه، بەرهەمی خوێنی شەهیدانه، ئهمهش وایكردووه پێکهاتەکان له کوردستان ئازادبن.”
گوتیشی: “بەهۆی ئازایەتیی پێشمەرگه داعش لەناوبرا، کوردستان ئارامترین شوێنی ناوچەکەیه و له هەرێمی کوردستان ئازادیی رادەربڕین هەیه.”
هەروەها كونسوڵی گشتیی ئامریکا پاڵپشتیی وڵاتهکەی بۆ بهردهوامیی چاكسازییهكانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان نیشاندا و راشیگەیاند کە پهیوەندییەکانی نێوان ئامریکا و کوردستان له بەرزترین ئاست دایه.
شایانی باسە رۆژی یەکشەممە بە ئامادەبوونی سەربەست لەزگین بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە و سەرۆكی رێكخراوی پڕۆگرامی هاوكاری قوربانیانی ئەمەریكا TAPS، ژمارەیەك خێزانی شەهیدی هەردوو گەلی ئەمریكا و كوردستانی لە شاری هەولێر دیدارێکیان ئەنجامدا، ئەمەش وەك هێمایەك بۆ پێكەوە قوربانیدانی هەردوو گەل لە جەنگی تیرۆردا، كە رۆڵەكانیان لە پێناو مرۆڤایەتیدا گیانی خۆیان بەختكردووە.