کورد و هزری نەتەوەیی!

کورد و هزری نەتەوەیی!

هەست و هزری نەتەوەیی تاکی نەتەوەکانی دیکە لە مێشکی ئەواندا حەک بووە بەڵام لای ئێمەی کورد تەنها لە زمان و رواڵەتماندایە.

نووری چەلیک

دامودەزگا جەماوەریەکان بۆ بەهێز کردن و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی میللەت و وڵاتەکەیان تێدەکۆشن.

بۆ یەکگرتوویی و یەکڕیزی نەتەوەکەیان تێدەکۆشن و هەوڵ دەدەن کێشە و گرفتەکانی ناو کۆمەڵگەکەیان چارەسەر بکات.

لە دەرەوەی وڵات و لە ئورووپاش جگە لە کوردەکان، تاک و دامەزراوەی سەرجەم نەتەوەکانی دیکە خزمەتی یەکڕیزی و بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی خۆیان دەکەن.

کاتێک بابەتەکە دێتە سەر بەرژەوەندیی نەتەوەیی، ئاڵا و نیشتمان، سەرجەم ناکۆکی و کێشە ناوخۆییەکانیان وەلا دەنێن و یەکدەست و یەکدەنگ، دەبنە یەک هێز.

بێگومان ئەوەش لە ئەنجامی بەهێزبوونی هەستی نەتەوەیی، ناسینی خۆیان و هزر و بیری نیشتمانپەروەرانەوە دروست دەبێت.

ئێمەی کورد بەپێچەوانەی تاکی نەتەوەکانی دیکە، چ لە ناوخۆی نیشتمان بین و چ لە دەرەوەی وڵات و لە ئورووپا بژین، هیچکات نەمانتوانیوە ببینە خاوەن ئەو هەستە بەرزە نەتەوەییە و نەمانتوانیوە بە رۆحی نەتەوەیی، بەرژەوەندییە شەخسی، بنەماڵەیی و حیزبیانەکەنمان لەلایەک دابنێین و لە دەوری بەرژەوەندییە بەرزە نەتەوەییەکانمان کۆ ببینەوە.

ئەوەش بێگومان بەهۆی لاواز بوون، سست بوون، کەمڕەنگ بوون و نەبوونی هەست و ئەفکاری نەتەوەییەوە دروست دەبێت.

هەست و هزری نەتەوەیی تاکی نەتەوەکانی دیکە لە مێشکی ئەواندا حەک بووە بەڵام لای ئێمەی کورد تەنها لە زمان و رواڵەتماندایە.

نە لە دڵ و مێشکدایە و نە بە دڵ و بە بیروباوەڕێکی قووڵە، بەڵکوو نیشتمانپەروەری ئێمە خاوە، بێ واتا و بێ ئامانجە.

قسە کردن هەیە بەڵام لە کرداردا هیچکەسێک ئامادە نیە بەها و ئەرزشەکانی نیشتمانپەروەری جێبەجێ بکات و هەزینەی بۆ بدات.

لە قسە کردندا هەموو کەس کوردپەرەر و نیشتمانپەروەرە، بەڵام کردارەکانمان کەمترین بۆنی نیشتمانپەروەرییان لێوە نایەت.

بەرژەوەندییە شەخسیەکانمان لەسەرەوەی هەموو شتێکە و کاتێک بەرژەوەندییەکانمان دەکەونە مەترسیەوە، نیشتمانپەروەریمان لەبیر دەچێتەوە.

دیارە بێگومان، نەبوونی دەوڵەت و پەروەردەیەکی نەتەوەیی، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر شکڵ گرتنی کەسایەتی و ئاستی نیشتمانپەروەری ئێمەدا هەیە.

کاتیک کە سەیری خەڵک و تاکی نەتەوەکانی دیکە دەکەین، چ ئەوانەی کە دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان هەیە و چ ئەوانەش کە وەکوو ئیمە بێدەوڵەتن، دەبینین کە نیشتمانپەروەرن، ئەرزشە نەتەوەییەکانی خۆیان دەپارێزن و هەست و بیروباڕی نەتەوەییان بە چەند قات لە هی ئێمەی کورد زیاترە.

پوستێن ھەمان بەش