“هێزێکی سیاسی تاوانبارانی کوشتاری بنەمالە کوردەکەی کۆنیا دەپارێزێت”

"هێزێکی سیاسی تاوانبارانی کوشتاری بنەمالە کوردەکەی کۆنیا دەپارێزێت"

کەسوکاری ماڵباتە کوژراوەکەی کۆنیا و پارێزەرەکەیشیان دووپاتی دەکەنەوە کە ئەو رووداوە تەنیا لەبەر کوردبوونیان بووە.

رۆژی سێشەممە 14/12/2021 بە بەشداریی ماڵبات، سەرۆک عەشیرەت و بەشێک لە دامودەزگە پەیوەندیدارەکان، دانیشتنێکی دیکەی دادگەی تاوانەکانی کۆنیا لەبارەی کوشتنی حەوت ئەندامی خێزانە کوردەکەی کۆنیا کە لە 30 تەممووز کوژران، بەڕێوەچوو. بەپێی قسەی پارێزەری خێزانە کوردەکە “هێزێکی سیاسی” ماڵباتی تۆمەتبارەکە دەپارێزێت و رێگە نادەن دادگە بەشێوەیەکی بێلایەنانە کاری خۆی بکات.

ئاتێلا کارت، پەرلەمانتارێکی پێشووی جەهەپەیە، لەبارەی کوشتنی بەکۆمەڵی خێزانە کوردەکە دەڵێت، “ئەمڕۆ شکۆی مرۆڤایەتی لێرە ئەتک بوو”. پارێزەری ماڵباتەکەش دەڵێت، “دوای هێرشی یەکەم ماڵباتە کوردەکە نەپارێزراون.”

لە کۆتاییەکانی مانگی تەممووزی ئەمساڵ، خێزانێکی کورد لە کۆنیا دوای ئەوەی چەندین جار رووبەڕووی هەڕەشە ببوونەوە، لەلایەن کەسێکەوە لە ماڵەکەی خۆیاندا، حەوت ئەندامیان کوژران. تاوەکو ئێستا محەممەد ئاڵتون وەکو تۆمەتباری سەرەکیی رووداوەکە دەستگیرکراوە و 10 کەسی دیکەش لە دوو ماڵباتی دیکە کە تۆمەتبارن دەستگیرکراون.

عەبدولڕەحمان کەرەبلووت، پارێزەری خێزانە کوردەکەیە، گوتی، “زۆر کەس لە پشت ئەو رووداوەوەن، ناوی پەرلەمانتارێکی مەهەپەش دەهێندرێت، بەڵام دادگە هیچ لێپرسینەوەیەکی لەگەڵ نەکردوون، هێزێکی سیاسی ماڵباتی تاوانبارەکە دەپارێزن و رێگەنادەن دادگە بەشێوەیەکی بێلایەنانە کاری خۆی بکات.”

کەسوکاری ماڵباتە کوژراوەکەی کۆنیا و پارێزەرەکەیشیان دووپاتی دەکەنەوە کە ئەو رووداوە تەنیا لەبەر کوردبوونیان بووە، پرسێک کە هێشتا دادگە و دامودەزگە پەیوەندیدارەکانی دیکە دانیان پێدانەناوە.

رووداوەکە چۆن دروستبوو؟

خێزانە کوردەکە لە ساڵی 1995ـەوە لە قەرس ماڵیان گواستووەتەوە، چوونەتە ناوچەی مەرەم لە کۆنیا و لەو شوێنە نیشتەجێبوون. ئەو زەوی و خانووەیشی کە تێیدا نیشتەجێبوون کڕیبوویان، 26 ساڵە ئەوان خاوەنی ئەوێن، دوای ئەوەی کە شارۆچکەکە گەورە دەبێت، ئەو زەوییەی کە ئەوان کڕیبوویان نرخەکەی بەرزدەبێتەوە، ئەوەش نەیاری زۆری بۆ پەیدا دەکات، هەبوونی ماڵباتێکی کوردیش لەسەر ئەو زەوییە گرانبەهایە هەمیشە بۆ نەیارەکانیان مایەی نیگەرانی بووە.

لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لەسەر کێشەی زەوی چەندینجار لەنێوان ئەوان و ماڵباتی کەلەش، کە تۆمەتبارن بە کوشتنی ماڵباتە کوردەکە، ئاڵۆزی و شەڕ روویداوە، هەوڵی زۆریشدرا کە کێشەکەیان هێور بکرێتەوە، بەڵام هیچکات نەگەیشتنە ئەنجام.

ئەو خێزانە کوردە چەندینجار دامودەزگە پەیوەندیدارەکانیان لەو کێشەیە ئاگادارکردبووەوە، بەڵام هیچ وەڵامێکیان نەدرابووەوە.  لە سەرەتای مانگی ئایاری ئەمساڵیش هێرشێکی بە مەبەست کرایە سەر ماڵباتە کوردەکە و بەو هۆیەوە شەش ئەندامی خێزانەکە بریندار بوون، دواتر شەش کەس لە ماڵباتی تاوانبار دەستگیران، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم چوار کەسیان ئازاد کران.

لە 22ـی ئایاری 2021ـیش ماڵباتە کوردەکە هێرشیان کرایەوە سەر، بەڵام ئەو جارەش هیچیان بۆ نەکرا و هەموو تۆمەتبارانی رووداوەکە ئازادکران.

پێش ئەنجامدانی هێرشەکە، تۆمەتبارەکان گرووپێکی وەتسئەپیان بەکارهێناوە و دەرکەوتووە کە زۆر کەس ئاگاداری هێرشەکە بوون، لە چەند شوێنێکی میللـیی شارۆچکەکەشدا بەئاشکرا باسی رووداوەکە کراوە و دانیشتووانی مەرەم بە روونی دەڵێن، “ناهێڵین کورد لێرە بژین.”

دوای رووداوەکە وەزیری ناوخۆی تورکیا، دادگەی کۆنیا و سەرۆکی چەند پارتێکی سیاسی رووداوەکەیان وەک ناکۆکیی نێوان دوو ماڵبات نیشاندا و رەتیانکردەوە کە کێشەکە پەیوەندی بە بابەتی نەتەوەییەوە هەبێت، بەڵام قسەی دوو ماڵباتەکە پێچەوانەی ئەوەیە.

بەپێی هەندێک بەڵگەی دزەپێکراویش، پێش دروستبوونی ئەو رووداوە، سەرپێل دەدەگوڵەری، کچی خێزانەکە کە کوژراوە، کێشەکەی گەیاندووەتە سولەیمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆ و لەڕێگەی پەیامێک بابەتەکەی بۆ روونکردووەتەوە.

دوای رووداوەکەی 12ـی ئایاری ئەمساڵ ئەگەرچی، دادگەی کۆنیا داوای پاراستنی ماڵباتەکەی کردبوو، بەڵام نە پارێزگاری کۆنیا نە قایمقامی شارۆچکەکە هیچ کارێکیان بۆ پاراستنی ئەو ماڵباتە کوردە نەکرد. دوای رووداوەکەش بە بیانووی ئەوەی درەنگ هەواڵەکەی گەیاندووە، محەممەد ئاکبەبا، بەڕێوەبەری پۆلیسی مەرەم لە کارەکەی دوورخرایەوە.

دوایین جاریش کە لە کۆتاییەکانی مانگی تەممووز هێرشکرایەوە سەر خێزانەکە و حەوت ئەندامیان لەنێو ماڵەکەیاندا کوژران، لێکۆڵینەوە دەستیپێکرد و 14 کەس لە دوو ماڵباتی تۆمەتبار دەستگیرکران، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم هەموویان ئازاد کران.

شەش رۆژ دوای رووداوەکەش، محەممەد ئاڵتوون کە تۆمەتبارە بە کوشتنی ماڵباتە کوردەکە، دەستبەسەرکرا، بەڵام لەدوای ئەو پرۆسەیە گوێ لە داخوازیی پارێزەرانی ماڵباتە کوردەکە نەگیرا، پارێزەرەکەش دەڵێت، “لە کۆی 22 داوای یاسایی دادگە هیچ داوایەکی لێ وەرنەگرتووم.”

ئێوارەی رۆژی 30ی تەممووزی 2021، ئەو حەوت ئەندامەی خێزانی دەدەئۆغوڵڵاری لە شارۆچکەی مەرامی کۆنیا بە دەستڕێژی گولـلە کوژران. ژن و منداڵ لەنێو کوژراوەکاندا هەبوون. بکوژانی ئەم خێزانە کوردە بۆ شاردنەوەی تاوانەکانیان، ئاگریان لە ماڵی خێزانە کوردەکە بەردا، بەڵام  دوای ئاگادارکردنەوەی دراوسێکان، ئاگرەکە لەلایەن تیمەکانی بەرگریی شارستانییەوە کۆنتڕۆڵکرایەوە.

سەرچاوە: رووداو

پوستێن ھەمان بەش