پەرینچەک: رووسیە لە هەڵوێستی ئەردۆغان ناڕازیە!

پەرینچەک: رووسیە لە هەڵوێستی ئەردۆغان ناڕازیە!

پەرینچەک بە یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێتە ئەژمار و کاتی خۆی لە “دۆڵی بیقاع”دا سەردانی کردووە.

دۆغو پەرینچەک، سەرۆکی پارتی نیشتمانیی تورک، لە دیمانەیەکی تلڤیزیۆنیدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە شەڕی رووسیە و ئۆکراین ئاشکرا کرد و بە ئاشکرا پشتیوانیی لە هێرشەکانی رووسیە کرد. دۆغۆ پەرینچەک کە کەسایەتییەکی چەپ یان باشتر بڵێین سۆسیالیست ناسیۆناڵیستێکی کەماڵیستە، بە یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دێتە ئەژمار و کاتی خۆی لە “دۆڵی بیقاع”دا سەردانی ئۆجەلانی کردووە و لەلایەن ئۆجەلانیشەوە زۆر بە گەرمی پێشوازیی لێکراوە.

دۆغو پەرینچەک لە بەرنامەیەکی تلڤیزیۆنیدا گوتی: ئیمە بە تەواوی پشتیوانی لە رووسیە دەکەین و بۆ ئەو مەبەستەش شاندێک بە نوێنەرایەتی حیزبەکەمانەوە سەردانی مۆسکۆی کردووە. خاوەن کاری بەناوبانگ “ئەتهەم سانجاک” یەکێک لە ئەندامانی شاندەکە بووە. شاندەکەی ئێمە لەو سەردانەدا کۆمەڵێک دیداری زۆر گرینگیان ئەنجامدا و لە یەکێک لەو دیدارانەدا لەگەڵ نوێنەری وەزیری دەرەوەی رووسیە کۆ بوونەوە. من دەتوانم بڵێم کە رووسیە لە هەڵوێستی “بەڕێز ئەردۆغان” نیگەرانە و وەکوو هەڵوێستێکی وەفادارانە سەیری ناکات. رووسیە لە هەڵوێستی تورکیە ناڕازیە. لە ئێستادا من ئەو زانیاریانە ئاشکرا ناکەم کە شاندەکەی ئیمە دەستیان کەوتووە. ئیستانبوول بۆ رووسیە زۆر گرینگە و دۆستایەتی لەگەڵ تورکیەش بۆ رووسەکان گرنگە، بەڵام پرسیار ئەوەیە کە مۆسکۆ لەبەرچی ئیستانبوولی هەڵنەبژارد و بیلارووسی هەڵبژارد؟ ئەوە پەیامیکی گرینگە بۆ تورکیە و بە ئاشکرا دەڵێت بڕوام پێتان نەماوە.

“ئەتهەم سانجاک” کەسایەتیەکی سەیرە، ئەو بە ڕەچەڵەک عەرەبە و خەڵکی گوندێکی سنووری شاری سێرتە و لەگەڵ “ئامینە ئەردۆغان” هاوسەری رەجەب ئەردۆغاندا خزمایەتیی هەیە. “ئەتهەم سانجاک” لەسەردەمی خوێندندا هاوڕێی “دۆغو پەرینچەک” بووە و لە هێڵی پەرینچەکدا سیاسەتی دەکرد. پاش بەدەسەڵات گەیشتنی ئاکەپە، “ئەتهەم سانجاک” بوو بە خاوەنکار و رۆژبەڕۆژ زیاتر دەوڵەمەند بوو. لە ئێستادا خاوەن کۆمەڵێک کۆمپانیای ستراتژیک و چەند کەناڵێکی تلڤیزیۆنیە و زۆر پرۆژەی گەورە لەژێر دەستی “ئەتهەم سانجاک”دان.

Share