دوکتۆر سه‌عید قرمزی تۆپراک “دوکتۆر شوان” چۆن و بۆچی کوژرا؟

دوکتۆر سه‌عید قرمزی تۆپراک "دوکتۆر شوان" چۆن و بۆچی کوژرا؟

 “سەعید قرمزی تۆپراک، سەعید ئاڵچی کوشت. هەر بەم بۆنەیەوە، دادگایی کرا و چونکە خۆی ددانی بە کوشتنی ئەودا هێنا، ئەویان کوشت”.

حامید گەوهەری

پارتی دیموکراتی کوردستان لە 16/8/1946، لەسەر بنەمای حیزبی دیموکراتی کوردستان دامەزرا، پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیاش ساڵی ١٩٦٥ لەسەر بنەمای پارتی دیموکراتی کوردستان دامەزرا و سەرکردەکانی پێوەندییەکی برایانەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی و شۆڕشی ئەیلول هەبوو. له‌ ئۆکتۆبەری ١٩٦٩دا، پارتی دیموکراتی کوردستان تورکیا، شه‌ش ئه‌ندامی خۆی نارد بۆ‌ باشوری کوردستان که‌ له‌ بواری سیاسیی و پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه‌ په‌روه‌رده‌ بکرێن. سەعید ئاڵچی سکرتێری پارتی، به‌رپرسایه‌تی نێردراوه‌کانی به‌ دوکتۆر سه‌عید قرمزی تۆپراک “دوکتۆر شوان” سپارد. سەرکردایەتی شۆڕش، بنکەیەکی لە نزیک گوندی “دێشیشێ” لە ناوچەی‌ زاخۆ بۆ ئەو ژمارە پێشمه‌رگه‌یە دانا.

لە ڕەوتی کارەکانیدا، دوکتۆر شوان بەبێ پرسکردن بە سەرکردە و ئەندامانی پارتی دیموکرات، خۆی پارتییەکی نوێ بە ئایدیۆلۆژی چەپی ماویی لەنێو دڵی پارتی دیموکراتی کوردستاندا دامەزراند و ناوی “پارتى کارگه‌رى کوردستان “شۆڕشگێڕى ديموکرات” DDKD”ی لەسەر دانا.

ڕۆژی ١٩٧١/٣/١٢، له‌ تورکیا کودەتای سه‌ربازی کرا. سه‌عید ئاڵچی سکرتێری پارتی، له‌ تورکیا ڕایکرد و خۆی گه‌یانده‌ سوریا. له‌وێ که‌سێک له‌ بنه‌ماڵه‌ی حاجۆ، به‌ناوی مه‌جید حاجۆ یارمه‌تی کرد و ئه‌وی گه‌یانده‌ موسڵ. سه‌عید ئاڵچی له‌ موسڵه‌وه‌ چوو بۆ زاخۆ که‌ لەوێوە بچێته‌ لای دوکتۆر شوان، به‌ڵام ڕۆژی ۱۹۷۱/٥/۲٥ شوان دوو‌ پێشمه‌رگه به‌ناوه‌کانی “چه‌کۆ” و “بروسک” نارده‌ زاخۆ که‌ سه‌عید ئاڵچی بگرن. ئه‌وان سه‌عید ئاڵچی و که‌سێکی هاوڕێی ئەویان به‌ ناوی محه‌مه‌د به‌گ ‌گرت و له‌گه‌ڵ خۆیان بردیانن بۆ لای دوکتۆر شوان.

ڕۆژی ١٩٧١/٦/١، دوکتۆر شوان، سه‌عید ئاڵچی و محه‌مه‌د به‌گی کوشت. دوای چه‌ند ڕۆژ مه‌لایه‌ک به‌ ناوی “مه‌لا عه‌بدول له‌تیف” ‌چووە‌ لای دوکتۆر شوان و له‌ سه‌عید ئاڵچی پرسی. کاتێک دوکتۆر شوان تێگەیشت، مه‌لا له‌تیف به‌هاتنی سه‌عید ئاڵچی بۆ‌ بنکه‌کەی ده‌زانێت، دوکتۆر شوان، مه‌لا عه‌بدول له‌تیفیش ده‌کوژێت. دیاره‌ به‌رله‌ کوشتنی ئه‌و سێ که‌سه‌، هه‌ر سێیان زیندانی ده‌کات ‌و به ‌کێشکچییه‌کان ده‌ڵێت: ئه‌وانه‌ جاسوسی تورکیان و ئێمه‌ لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ین. کێشکچییه‌کان بریتی بوون‌ له‌: سه‌لیم فه‌لکی “ڕێوی”، حکمەت بلوت تەکین “چەکۆ” و مه‌حمود حه‌سه‌ن کایا. سه‌عید ئالچی و هه‌ڤاڵانی حه‌وتوویه‌ک له‌ زینداندا ڕاده‌گیرین و دواتر ده‌یانبه‌ن له‌ ده‌ره‌وه‌ی بنکه‌که‌یان ده‌یانکوژن و ته‌رمه‌کانیان له‌ زه‌ویدا ده‌شارنه‌وه‌.

هه‌ڤاڵانی سەعید ئالچی دەچنە لای سەرۆک مستەفا بارزانی

هه‌ڤاڵانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی دیموکرات لە ترسی گیرانیان‌ له‌ تورکیا‌ رایان کردبووە سوریا. به‌شێکیان له‌ سوریا مانه‌وه‌ و ده‌روێش سه‌عدۆ، شه‌ره‌فه‌دین ئاڵچی، شاکر ئوپۆزده‌میر و مه‌لا یونس چوون بۆ زاخۆ و سۆراخی سه‌عید ئاڵچی‌ له‌ دوکتۆر شوان کرد. دوکتۆر شوان ده‌ڵێت: (هات و دوای دوو سێ شه‌و گه‌ڕایه‌وه‌ بۆ تورکیا.) هه‌ڤاڵانی ئاڵچی گومان له‌و وته‌یه‌ی شوان ده‌که‌ن و تێده‌گه‌ن سه‌عید ئاڵچی نه‌ماوه‌. چونکه‌ تورکیا حوکمی سه‌ربازیی هه‌بوو، سه‌عید ئاڵچی و کوردە خه‌باتکارەکان توانای گه‌ڕانه‌ویان بۆ تورکیا نه‌بوو. به‌و حاڵه‌ش، بۆ دڵنیا بوونیان له‌ لایه‌نگرانیان له‌ کوردستانی تورکیا ده‌پرسن، وه‌ڵام ده‌ده‌نه‌وه‌ که‌ ئاڵچی نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ کوردستانی تورکیا. بەو زانیاریانەی بەردەستیان، هه‌ڤاڵانی سه‌عید ئاڵچی به‌نهێنی له‌گه‌ڵ کێشکچییه‌کان ده‌دوێن و کاتێک کێشکچییه‌کان به‌و ڕاستییه‌ ده‌زانن کە سه‌عید ئاڵچی سکرتێری حیزبه‌که‌یان بووه‌، نه‌ک جاسوس و سیخوڕی تورکیا، تێده‌گه‌ن دوکتۆر شوان خەیانه‌تی کردوه ‌و پێیانڕاده‌گه‌یه‌نن سه‌عید ئاڵچی و دوو که‌سی تریان کوشتوه‌ و ته‌رمه‌کانیان له‌ فڵان جێ شاردۆ‌ته‌وه‌.

هه‌ڤاڵانی سه‌عید ئاڵچی ده‌چن بۆ لای سەرۆک مستەفا بارزانی لە گەڵاڵە و مه‌سه‌له‌که‌ی پێڕاده‌گه‌یه‌نن. به‌ فه‌رمانی بارزانی، پێشمه‌رگه‌ ده‌چن دوکتۆر شوان و چه‌کۆ و بروسک ده‌هێنن و پرسی سه‌عید ئاڵچی یان لێده‌که‌ن. ده‌بێژن، هاتووه‌ته‌ لای ئێمه‌ و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ تورکیا. چونکە پێشمه‌رگه‌کان بە ڕووداوەکە دەزانن،‌ دوکتۆر شوان و بروسک و چه‌کۆ ده‌به‌ن و ته‌رمی سه‌عید ئاڵچی و هه‌ڤاڵانی له‌ژێر خاک ده‌هێننه‌ده‌ر. بە دوای ئەوەدا دوکتۆر شوان قەبووڵ ده‌کات که‌ سه‌عید ئاڵچی کوشتوه‌ و له‌ وه‌ڵامی دادگادا ده‌ڵێت: (من خەیانه‌ته‌م کردوه‌.) دواتر ده‌ڵێت: (هه‌وڵمداوه‌ ڕێبازی پارتی دیموکرات بگوڕم بۆ پارتێکی خاوه‌ن ئایدیۆلۆژی کۆمونسیتی.) هه‌ڤاڵانی سه‌عید ئاڵچی داوا ده‌که‌ن، له‌ چه‌ند کوردی مافناسی ئێران، عێراق، سوریا و تورکیا دادگایه‌ک‌ پێکبێت و موحاکمه‌ی دوکتۆر شوان و هه‌ڤاڵانی بکه‌ن.

ئاگادار بووین کە سەعید ئاڵچی چووە بۆ باشوری کوردستان و هەندێک هەواڵی ناخۆشمان سەبارەت بەو بیست.

له‌ ئه‌نجامی مەحکه‌مه‌دا که‌ کوردی هه‌رچوار به‌شی کوردستان به‌شداربوون تێیدا، بڕیاردرا دوکتۆر شوان و چه‌کۆ و بروسک به‌ تاوانی خەیانه‌ت و کوشتنی سێ لە هەڤاڵانیان بکو‌ژن کە ڕۆژی ١٩٧١/١١/٢٦، ئه‌و سێ که‌سیان کوشت. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم ڕووداوە، پەیوەندیم بە دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا و شاهیدانە رووداوەکەوە کرد. دەروێشی سەعدۆ یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا لە ساڵی ١٩٦٥دا لە وتووێژێکی تایبەت و ڕاستەوخۆدا بە تەلەفۆن کە دەنگی لای من پارێزراوە. دەڵێت:

– (ڕۆژی ١٨ی حوزەیرانی ١٩٧١ لەگەڵ شاکری ئوپوزدەمیر و مەلا یونس کایا چووین بۆ سوریا کە سەعید ئاڵچی سەرۆکی پارتی دیموکرات ببینین. لەوێ ئاگادار بووین کە سەعید ئاڵچی چووە بۆ باشوری کوردستان و هەندێک هەواڵی ناخۆشمان سەبارەت بەو بیست. لەبەر ئەوە ڕۆژی ٢٠ حوزەیران لە سوریاوە چووین بۆ گوندی “تاوس” و لەوێوە بۆ تەلعەفەر و خۆمان بە لیژنەی پارتی دیموکراتی کوردستان ناساند. ئەوان ئێمەیان بە سەیارە نارد بۆ موسڵ. لەوێ شاکر و مەلا یونس گوتیان بچین بۆ مقەڕی دوکتۆر شوان، من قەبووڵم نەکرد و گوتم هەندێک مەعلومات هەنە کە پێویستە بە سەرۆک بارزانی بگەیەنم. ئەوان چوون بۆلای شوان و من چووم بۆ “ناوپردان” کە بارەگای پارتی دیموکراتی لێبوو. لەوێ چاوم بە دوکتۆر مەحمود عوسمان کەوت و گوتم هەڤاڵی ئێمە سەعید ئاڵچی هاتووەتە کوردستانی باشور و ئێمە نازانین چی بەسەر هاتووە. دوکتۆر مەحمود بروسکەیەکی بۆ عوسمان قازی قایمقامی زاخۆ نارد و نوسی: ئەگەر سەعید ئاڵچی هاتووەتە زاخۆ، پێیڕابگەیەنن، بێتە مەکتەبی سیاسی. عوسمان قازی وەڵامی دایەوە کە سەعید ئاڵچی ڕۆژی ٢٣ تا ۱۹۷۱/٥/۲٥ لێرە بووە و چونکە بەڵگەی هاتوچۆ “عدم تعرض”ی پێنەبوو، لەگەڵ دوکتۆر شوان و حکمەت بلوت تەکین “چەکۆ” چوو بۆ مقەڕی دوکتۆر شوان. دوای گەیشتنی ئەو بروسکەیە، دوکتۆر مەحمود بروسکەیەکی بۆ ئەسعەد خۆشەوی ئامر هێزی ناوچەی بادینان نارد، تا هەواڵی ئاڵچی لە شوان بپرسێ. شوان گوتبووی ئاڵچی هاتۆتە لای ئێمە و چونکە نەمانتوانیوە ڕایەکانمان بکەینە یەک، ئەو گەڕاوەتەوە بۆ کوردستانی باکور. ئەسعەد خۆشەوی ئەو وەڵامەی بە دوکتۆر مەحمود دایەوە. من لە وەڵامیدا گوتم ئەوە ڕاست نییە و ئاڵچی نەگەڕاوەتەوە بۆ کوردستانی باکور.  دوکتۆر مەحمود منی نارد بۆلای کاک ئیدریسی ڕەحمەتی. ڕای خۆم سەبارەت بە سەعید ئاڵچی پێڕاگەیاند. گوتی سەبەینێ وەرە قسە لەگەڵ سەرۆک بارزانی بکە.

بارزانی گوتی پێویستە محکەمە بڕیار لەسەر ئەوانە بدات

ڕۆژی ١٠ تەموزی ١٩٧١، کاتژمێر ٨ی ئێوارە بە خزمەت بارزانی گەیشتم و باسی ڕووداوەکەم کرد. گوتم دوکتۆر شوان دەڵێ سەعید ئاڵچی گەڕاوەتەوە بۆ کوردستانی باکور، بەڵام ئەو نەگەڕاوەتەوە و دیار نییە چی بەسەر هاتووە. سەرۆک بارزانی بە کاک ئیدریسی گوت: بروسکەیەک بۆ ئەسعەد خۆشەوی بکە و پێیڕابگەیەنە کە ئەگەر سەعید ئاڵچی لە ناوچەکەیە، ڕەوانەی مەکتەبی سیاسی بکەن، ئەگەرنا دوکتۆر شوان بنێرن. ڕۆژی ١٥ی تەموزی ١٩٧١ لەگەڵ حەبیب محەمەد کەریم سکرتێری پارتی دیموکرات چووم بۆ هەولێر و لە ماڵی عەبدولوەهاب ئەتروشی نانمان خوارد و منیان بە سەیارەیەک نارد بۆ موسڵ. کاک عەلی سنجاری بەرپرسی لقی یەکی پارتی بوو. لەوێ لەگەڵ کاک فازل میرانی چووین بۆ بامەڕنی و چاومان بە ئەسعەد خۆشەوی کەوت. ڕۆژی دوایی هەموو بەرپرسانی پێشمەرگەیان ئاگادار کردەوە، وەڵام ئەوە بوو کە سەعید ئاڵچی هاتووەتە ناوچەکە و چووەتە مقەڕی دوکتۆر شوان و نەگەڕاوەتەوە. شۆفیری ئەو سەیارەیەیان هێنا کە سەعید ئاڵچی بردبوو بۆلای دوکتۆر شوان. گوتی بەڵی من بردومە. سەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەریخست کە ئاڵچی نەگەڕاوەتەوە و دوکتۆر شوان و چەکۆ، سەعید ئاڵچیان کوشتوە. ئەسعەد خۆشەوی دوو پێشمەرگەی نارد بۆلای دوکتۆر شوان کە پێیڕابگەیەنن کوڕی ئەسعەد نەخۆشە و داوای لێکرد بێت، تەداوی کوڕەکەی بکات. ئێوارە بوو کە دوکتۆر شوان لەگەڵ چەکۆ هاتن بۆ بامەڕنی. لێپرسینەوەیان لەگەڵ کرا و سەرئەنجام دەرکەوت کە شوان و چەکۆ، سەعید ئاڵچیان کوشتوە. هەردوویان دانیان بە تاوانەکە نا. لەبەر ئەوە بردیانن بۆ حاجی ئۆمەران و لەوێ زیندانییان کردن. منیش گەڕامەوە بۆلای سەرۆک بارزانی و باسی کارەساتەکەم بۆ کرد. زۆر ناڕەحەت بوو. گوتی بچۆ هەڤاڵانی خۆتان بێنە و لێرە بڕیاری لەسەر بدەن.

“ئیسماعیل ئەڕار” وەزیری تورکیا گوتی: مستەفا بارزانی ژمارەیەک پەروەردە دەکات کە لە تورکیا ئاژاوە بنێنەوە.

چووم بۆ زاخۆ و لەوێوە شەرەفەدین ئاڵچم ئاگادار کردەوە. ئەو و هەڤاڵێکی تر هاتن و پێکەوە گەڕاینەوە بۆلای سەرۆک بارزانی و داوامان لێکرد دوکتۆر شوان و حکمەت بلوت تەکین “چەکۆ” بە تاوانی خەیانەت بکوژن. بارزانی گوتی پێویستە محکەمە بڕیار لەسەر ئەوانە بدات.

دوکتۆر شوان و چەکۆ بۆ ماوەی شەش مانگ لە زینداندا ڕاگیران تا محکەمە بڕیاری کوشتنیدان و ڕۆژی ١٩٧١/١١/٢٦، بە تاوانی کوشتنی سەعید ئاڵچی سکرتێری پارتی دیموکراتی کوردستانی تورکیا و محەمەد بەگ و مەلا عەبدول لەتیف کوشتیانن، بەڵام ڕۆژنامەکانی تورکیا بۆ شکاندنی سومعەی پارتی دیموکرات و بارزانی پێچەوانەی ڕووداوەکەیان بڵاوکردەوە و هەندێک ڕۆژنامە و “ئیسماعیل ئەڕار” وەزیری تورکیا لەلایەن حکومەتی تورکیاوە گوتی: مستەفا بارزانی ژمارەیەک پەروەردە دەکات کە لە تورکیا ئاژاوە بنێنەوە.)

بە کورتی، بۆ دەرخستنی ڕاستیی کارەساتە پەیوەندیم بە شاکر ئوپوزدەمیر، محەمەد عەلی یونس تۆوی بامەڕنی، دوکتۆر عومەر شێخموس و دوکتۆر مەحمود عوسمان و موحسین سەرۆکی دادگاکانی کوردستان لە شۆڕشی ئەیلولدا کرد و هەموویان ئەو گوتنەیان پشتڕاست کردوە. دوکتۆر عومەر شێخموس گوتی: (کاتی خۆی ئەوە ڕوون بووەوە کە سەعید قرمزی تۆپراک، سەعید ئاڵچی کوشت. هەر بەم بۆنەیەوە، دادگایی کرا و چونکە خۆی ددانی بە کوشتنی ئەودا هێنا. ئەویان کوشت. هەروەها دەبێ بڵێم کە لەو ساڵانە و دوای ئەویش هیچ ئەندامێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەلایەن حکومەتی تورکیاوە تیرۆر نەکراوە.)

Share

پوستێن ھەمان بەش