“تا ئێستا هیچ بەرپرسێكی یەكیەتی و هیچ میدیایەكی فەرمیی ئەو حزبە، بە وشەیەكیش باسی ڕفاندنی ئەو بەرپرسەی خۆیان نەكردووە”.
پەکەکە ماوەی پێنج رۆژە کادرێکی باڵای یەکیەتی و متمانە پێکراوێکی دەزگای زانیاری ئەو حزبەی ڕفاندووە و ئازادی نەکردووە.
ئاژانسەکانی باشووری کوردستان ئاشکرایان کردووە کە ماوەی پێنج رۆژە محهمهد شاھ مەڕوان، بەرپرسی پێشوو و کەسی دیاری ناو دەزگای زانیاری یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان و جێگری ئێستای مەڵبەندی 24ـی ئەو حیزبە لە راپەڕین دیار نەماوە .
بەپێی ئەو زانیارایانەی کە ئاژانسەکانی باشووری کوردستان بڵاویان کردۆتەوە، دەرکەوتووە کە محەممەد شاهـ مەڕان لەلایەن پەکەکەوە رفێندراوە و دەستبەسەر کراوە.
ئاژانسەکانی باشوور لە زمانی بەرپرسێکی باڵای یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان و دەزگا ئەمنیەکانی ئەو حیزبەوە بڵاویان کردۆئتەوە کە “کۆتایی ھەفتەی رابردوو محهمهد شاھ مەڕوان، لەگەڵ کەسێکی نزیکی خۆیان دەچێتەوە گوندی “رەژی کەریان” لە بناری چیای قەندیل کە شوێنی لەدایکبوون و ژیانی باب و باپیرانی بووە، لەوێ سەردانی موڵک و رەزو باخی خۆیانی کردووە، دوای ئازادکردنی ئەو کەسە نزیکەی لەگەڵی بووە، پهكهكه کادرە باڵاکەی یەکیەتیی دەستبەسەر دەکەن و بە چاو بەستراوی لەگەل زۆیانی دەبەن و لای خۆیان دەیھێڵنەوە.
بەپێی زانیاریەکان تا ئێستا یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان لە ئاستی سەرکردایەتی لەگەڵ پەکەکە لە گفتوگۆدایە تاکو ئەو ناوبراو ئازاد بکەن بەڵام پەکەکە ئامادە نەبووە ئازادی بکات.
شایانی باسە تا ئێستا هیچ بەرپرسێكی یەكیەتی و هیچ میدیایەكی فەرمیی ئەو حزبە، بە وشەیەكیش باسی ڕفاندنی ئەو بەرپرسەی خۆیان نەكردووە. چاودێران پێیانوایە یەكێتی لە كاردانەوەی توندی پەكەكە دەترسێ و ناوێرێ هیچ هەڵوێستێك بەرامبەر ڕفاندنی ئەو بەرپرسەی نیشان بدات.
محهمهد شاھ مەڕوان جگە لەوەی پێشتر بەرپرسێکی دیاری ناو دەزگای زانیاری بووە، لە کۆنگرەی چواری یەکیەتیی کاندید بووە بۆ سەرکردایەتی ئەو حزبە، ناوبراو ئێستا جێگری مەڵبەندی 24ـی راپەڕینی یەکیەتییە.
له ئێستادا نەک بۆ گوندنشینانی ئاسایی کە دەیانەوێ بگەڕێنەوە سەر ماڵ و موڵکیان لە گوندەکانی بناری قەندیل، بەڵکو بۆ بەرپرسانی باڵای حزبەکانیش ئاستەنگ و مەترسی ھەیە.
ھاوینی 2020 مامۆستا محمد گرتکی، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لەکاتی گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی لە بناری قەندیل لەلایەن پەکەکە رفێنراو دوای ساڵێک و چوار مانگ لە سەرەتای ئەم ساڵ ئازادکرا.
بەو ھۆیەوە بەشێک لە گوندەکانی بناری قەندیل کە پێشتر سەرچاوەی بەرھەمە کشتوکاڵی و ئاژەڵداریەکان بوو ئێستا بەرەو چۆڵبوون دەچن.