شاسوار عەبدولواحید دادگایی دەکرێت و موڵکەکانی چاڤیش دەفرۆشرێن

شاسوار عەبدولواحید دادگایی دەکرێت و موڵکەکانی چاڤیش دەفرۆشرێن

دادگایی شاسوار عەبدولواحید بۆ مانگی داهاتوو دواخرا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ نزیکەی 60 موڵکی ناو پڕۆژەی گەشتیاریی چاڤی لاند لە شاری سلێمانی، لە ڕێگەی زیادکردنێکی ئاشکراوە دەفرۆشرێن. هاوکات هەر ئەمڕۆ جارێکی دیکە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، لەسەر سکاڵای چەند ڕۆژنامەنوسێک برایە بەردەم دادگا، بەڵام دادگایی کردنەکەی  بۆ 3ـی تشرینی دووەم دواخرا.

 بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە میدیاکانی باشووری کوردستان بڵاویان کردۆتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی ئۆکتۆبەری 2025، ، پرۆسەی فرۆشتنەکە لەلایەن فەرمانگەی جێبەجێکردنی سلێمانی و بە سەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دارایی لە ماوەی ڕابردوودا ڕایگەیاندبوو، شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای چاڤی و سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بڕێکی زۆر قەرزاری حکوومەتە.

ئامانج لە فرۆشتنی ئەم موڵکانە، وەرگرتنەوەی ئەو قەرزانەیە کە لەسەر کۆمپانیاکە کەڵەکە بوون و بە نزیکەی 90 ملیار دینار مەزەندە دەکرێن. بەشێک لەم قەرزە لە بنەڕەتدا وەک پێشینەی وەبەرهێنان لە حکوومەت وەرگیراوە، بەڵام بەهۆی نەدانی قەرزی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، ئاو و باج، بڕەکەی زیاد بووە.

هاوکات ئەمڕۆ جارێکی دیکە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەسەر سکاڵای چەند ڕۆژنامەنوسێک برایە بەردەم دادگا، بەڵام دادگاییکردنەکەی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، بۆ 3ـی تشرینی دووەم دواخرا.

ئەمەش دوای ئەوە هات کە هەفتەی ڕابردوو  شاسوار، برابوویە بەردەم دادگا، بەڵام دادوەر دادبینیەکەی بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە دواخستبوو.

یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025،  شاسوار عەبدولواحید لە زیندانی چاکسازی گەورانی سلێمانییەوە لەسەر دۆسیەیەکی نوێ برایە دادگای سلێمانی، بەڵام دادگایکردنەکەی بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی ئۆکتۆبەری 2025 دواخرابوو.

دادگاییکردنەکەی شاسوار عەبدولواحید، لەسەر سکاڵای ژمارەیەک رۆژنامەنووس دێت و داواکاری گشتیی سلێمانی کەیسەکەی جوڵاندووە و لەسەر هەمان سکاڵا گوتەی لێوەرگیراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە لە 2ـی ئەم مانگە شاسوار عەبدولواحید لە لایەن دادگای سلێمانیەوە سزای پێنج مانگ زیندانی کردنی لەسەر سکاڵای پەرلەمانتارێکی پێشوو بەسەردا سەپێنرا.

پوستێن ھەمان بەش