هەسەدە، هەژمارێکی زۆر شەڕڤان و زرێپۆش و پێداویستیی سەربازیی ڕەوانەی دێر حافر کردووە.
هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) ڕایگەیاند، شەڕڤانانەکانیان توانیویانە 3 هێرشی گرووپەکانی سەر بە حکومەتی ڕاگوزەری سوریایان لە ناوچەی دێرحافر لە ڕۆژهەڵاتی گوندەوارەکانی حەلەب تێکبشکێنن و ئامادەن وەڵامی هەر هێرشێکی دیکەش بدەنەوە. ئەم پێشهاتە لەکاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا بەرەو هەڵکشان دەچن و هەسەدە هێزی زیاتری ڕەوانەی بەرەکانی شەڕ کردووە.
میدیاکانی نزیک لە هەسەدە لە سەر زاری شەڕڤانەکانەوە بڵاویان کردۆتەوە کە “میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق لە گوندی “رەسم ئەل کرۆم” 3 جار هەوڵیان داوە کە دەرباز ببن، بەڵام هێزەکانی ئەوان لەوپەڕی ئامادەییدا بوون و وەڵامیان داونەتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێرشبەرەکان پشت بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانە خۆکوژەکان دەبەستن و چەندین جار پێگەکانی هەسەدەیان بۆردومانکردووە، بەڵام لەو هێرشانەدا هیچ شەڕڤانێک بریندار نەبووە. هاوکات هۆشداریشیدا لەوەی بەئامانجگرتنی هاوڵاتیانی سڤیل لە دێرحافر مەترسییەکان زیاتر دەکات.
ئەم گرژی و پێکدادانانە دوای کۆمەڵکوژییەک دێت کە لەلایەن میدیاکانی سەر بە بەڕیوەبەریی خۆسەرەوە بڵاوکرایەوە، کاتێک لە شەوی 20ی ئەیلولی 2025دا، درۆنەکانی حکومەتی ئینتقالی سووریا هێرشیان کردە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لە گوندی ئومە تینا لە دێرحافر و لە ئەنجامدا 8 هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و 3 کەسی دیکەش برینداربوون.
لەهەمبەر زیادبوونی هەڕەشەکاندا، ئێوارەی ڕۆژی هەینی، هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، هەژمارێکی زۆر شەڕڤان و زرێپۆش و کەل و پەل و پێداویستیی سەربازییان لە دێرەزوور و حەسەکەوە گواستەوە بۆ ناوچەی دێر حافر و سەنگەرەکانی خۆی لەو دەڤەرەدا بەهێزتر کردووە.
گرژییەکان تەنیا لە بەرەکانی جەنگدا سنووردار نین. حکومەتی ئینتقالی سووریا گەمارۆکانی سەر گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب توندتر دەکات. دوای داخستنی ڕێگاکانی ئەل یەرمووک و ئەل جەندۆڵ، دوێنێ ئێوارەش ڕێگای نزیک “نادیە ئەلجەلا”ش داخرا و بەمەش ڕێگەی هاتووچۆ بۆ ئەو گەڕەکانە بە تەواوی داخران.
داخستنی ئەو ڕێگایانە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنەیە کە لە 1ی نیساندا لە نێوان ئەنجومەنی گشتی گەڕەکی شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە و نوێنەرانی حکومەتی دیمەشقدا واژۆ کرابوو. بەپێی ڕێککەوتنەکە بڕیاربوو خاڵی پشکنینی هاوبەش لەسەر حەوت ڕێگای سەرەکی بۆ گەڕەکەکان دابنرێت، بەڵام ئێستا ئەم کارە هاوبەشەش بەهۆی داخستنی ڕێگاکانەوە ڕاگیراوە.
هاوکات هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ (ئاسایش) لە شاری حەلەب، لە بەیاننامەیەکدا ئەو هەواڵەیان ڕەتکردەوە کە لە هەندێک پلاتفۆرمی سۆشیال میدیا بڵاوبووەتەوە و گۆیا هێزەکانیان هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلێکی حکومی لە دەوروبەری گەڕەکی ئەشرەفیە، داواش لە هاوڵاتیان دەکات تەنها پشت بە لێدوانی فەرمی ببەستن.