زانکۆی دیجلە ڕاگەیاندراوێکی لەسەر دۆخی تەندروستیی ئیسماعیل بێشکچی بڵاوکردەوە

زانکۆی دیجلە ڕاگەیاندراوێکی لەسەر دۆخی تەندروستیی ئیسماعیل بێشکچی بڵاوکردەوە

بێشکچی دۆست و بەرگریکاری نەتەوەی کوردە و بەوهۆیەوە 17 ساڵ، لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی تورکیادا زیندانی کراوە.

سەرۆکی پزیشکی نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی تەندروستیی ئیسماعیل بێشکچی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە لە ئێستادا باری تەندروستی ناوبراو باشە.

پڕۆفیسۆر د.مەهمەت ئاتا ئاکل، سەرۆکی پزیشکی نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، ڕۆژی چوارشەممە، 1/10/2025، بەیاننامەیەکی نووسراوی سەبارەت بە بارودۆخی تەندروستی ئیسماعیل بێشکچی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند:

“دۆخی تەندروستیی کۆمەڵناس و نووسەر ئیسماعیل بێشکچی

نەخۆشەکەمان دوای وەرگرتنی چارەسەر لە بەشی چاودێری چڕ، ڕەوانەی ناو بەشی نەخۆشخانە کراوە. ئەو وریایە و دۆخی تەندروستیی جێگیرە و بە گشتی باری تەندروستیی ڕۆژ بە ڕۆژ باشتر دەبێت.

نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە لە نزیکەوە چاودێری چارەسەری بەڕێز ئیسماعیل بێشکچی دەکات.

بە ڕێزەوە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنرێت”.

د.ئیسماعیل بێشکچی ڕۆژی شەممە (27ی ئەیلولی 2025) دوای ئەوەی لە کاتی نمایشکردنی بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیانی خۆی لە فێستیڤاڵی “فیلم ئامەد”، تووشی خوێنبەربوونی مێشک بوو، لە نەخۆشخانەی زانکۆی دیجلە لە ئامەد خرایە ژێر چاودێریی چڕ و دواتر لە چاودێری چڕ دەرچوو.

ئیسماعیل بێشکچی لە 7ی بەرچلەی ساڵی 1939دا لە گوندی ئیسکلپ سەر بە پارێزگای چۆروم لە تورکیا لە بنەماڵەیەکی تورکی ئایینیدا لەدایک بووە.

ناوبراو بە دۆست و بەرگریکاری گەلی کورد ناسراوە و هەر بەم هۆیەشەوە بۆ ماوەی زیاتر لە 17 ساڵ، لە زیندانە جۆراوجۆرەکانی تورکیادا زیندانی کراوە و دواجار لە ساڵی 1974 ئازاد کراوە.

پوستێن ھەمان بەش