قەرەسوو: ئۆجەلان فەرمانی باخچەلیی جێبەجێ کرد

قەرەسوو: ئۆجەلان فەرمانی باخچەلیی جێبەجێ کرد

قەرەسوو: ئۆجەلان فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکدارانەی دەرکرد و ئێمەش فەرمانەکانی ئۆجەلانمان جێبەجێ کرد.

مستەفا قەرەسوو لە ئەندامانی سەرکردایەتی پەکەکە، سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی کە تورکیا بە پرۆسەی “تورکیای بێ تیرۆر” ناوی دەبات، ڕایگەیاند، ئەوەی باخچەلی بە ئۆجەلانی گوتووە جێبەجێ کراوە، بەڵام بەو مامەڵەیەی کە ئێستا تورکیا دەیکات، هیچ پێشکەوتنێک بەدی نایەت.

مستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی پەکەکە، لە دیمانەیەکدا لەگەڵ “مەدیا هابەر”ی حیزبەکەیدا، هەڵسەنگاندنی خۆی بۆ پێشهاتەکانی ئەم دواییە سەبارەت بە پرۆسەی چارەسەرکردن خستەڕوو.

قەرەسو کۆبوونەوەی پارێزەران لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلانی بە شتێکی “ئاسایی” وەسفکرد و ڕایگەیاند، نابێت وەک بڕیارێکی سیاسی سەیر بکرێت، بەڵام بەو پێیەی لە قۆناخێکی وەهادا ڕوویداوە، پێویستە بە گرنگ سەیر بکرێت.

قەرەسو لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی مەهەپەی وەبیرهێنایەوە و وتی: “دەوڵەت باخچەلی دەیگوت: با حیزبەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و ئەوسا با لە پەرلەمان قسە بکات’. ئۆجەلان فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکدارانەی دەرکرد و ئێمەش فەرمانەکانی ئۆجەلانمان جێبەجێ کرد”.

هەروەها وتی: بەڵام قسەکانی دەوڵەت باخچەلی جێبەجێ نەکران، دەبێت جێبەجێ بکرێن، هەروەک چۆن ئێمە جێبەجێمان کرد، دەوڵەت باخچەلیش و حکوومەتی ئاکەپە-مەهەپەش دەبێ جێبەجێی بکەن. دەبێت داواکارییەکانی ئۆجەلان جێبەجێ بکرێن، دەبێ دەرفەتی ئازادی هەبێت بۆ کارکردن”.

قەرەسو وتی: بەڵام تا ئێستا ئەمە ڕووی نەداوە، ئۆجەلان وەڵامی لێدوانەکەی باخچەلی دایەوە و بەرپرسیارێتی خۆی جێبەجێ کرد.

لە 27ی شوباتی ئەمساڵدا ئۆجەلان لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی لە بانگەوازێکدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد و بە ڕێکخراوەکەی ڕاگەیاند کە چەک دابنێن و ڕایگەیاند کە مۆدێلی ئێوە چیتر کارا نییە.

ئۆجالان بەبێ ئەوەی کە لە بەرانبەریدا لەلایەن تورکیاوە هیچ گەرەنتییەک بە کورد لە باکوری کوردستان بدرێت، ئەم بانگەوازەی کرد و تا ئێستاش تورکیا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بەرەو ئاشتی کۆمەڵایەتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد لەو بەشەی وڵات نەناوە.

پوستێن ھەمان بەش