ئۆجەلان: پێشکەوتنی پرۆسەکە پەیوەستە بە مەرج و پێویستییە سیاسی و یاساییەکانەوە

ئۆجەلان: پێشکەوتنی پرۆسەکە پەیوەستە بە مەرج و پێویستییە سیاسی و یاساییەکانەوە

ئۆجەلان: سەدەی نوێی کۆماری تورکیا دەبێ لەسەر بنەمای یاسای ئاشتی و دیموکراسی بنیات بنرێت.

شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بارەی ناوەڕۆکی دیدارەکەی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری بەندکراوی پەکەکە، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە ئۆجەلان جارێکی دیکە جەختی لەسەر گرێدانی پرۆسەی چارەسەری بە پێکهێنانی بنەما سیاسی و حقۆقییەکان کردۆتەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی شاندی دەم پارتی کە ئەمڕۆ شەممە، 4/10/2025، بڵاوکراوەتەوە، شاندەکە لە ڕێکەوتی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025دا، بۆ ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر و نیو لە زیندانی ئیمراڵی دیدارێکی لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام داوە.

لە حڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: “ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە “دیموکراسیی دانوستانکار” یەکێکە لە گرنگترین مۆدێلەکانی چارەسەری کە شارستانییەت دوای سێ سەدە لە ململانێی وێرانکەر پەرەی پێداوە و پێویستە ئەم میکانیزمە بۆ چارەسەری کێشەکانی تورکیا بکرێتە بنەما”.

دەقی ڕاگەیاندراوەکە بەم شیوەیەیە:

“بۆ ڕای گشتیی و ڕۆژنامەوانان

لە 3ی تشرینی یەکەمی 2025دا، ئێمە بۆ ماوەی نزیکەی سێ کاتژمێر و نیو لە زیندانی ئیمراڵی دیدارێکمان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجام دا. بەڕێز ئۆجالان وەک هەمیشە مۆڕاڵێکی باش و تەندروست و متمانەیەکی بەرزی بەخۆی هەبوو.

بەڕێز ئۆجالان ڕایگەیاند کە پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک کە ساڵی ڕابردوو دەستی پێکرد شەڕ و ململانێکانی لە وڵاتدا ڕاگرتووە و ڕێگری لە زۆر مەترسی گەورە کردووە، هەر کەسێک لەمەدا ڕۆڵی هەبووە خاوەن ڕەنجێکی بەشکۆ و گەورەیە.

بەڕێز ئۆجالان وتی: “شارستانییەت دوای سێ سەدە لە ململانێی وێرانکەر و زیانی گەورە لە شەڕە جیهانییەکاندا، دیموکراسی دانوستانکاری وەک مۆدێلێکی چارەسەری گرنگ پەرەی پێداوە، ئەم شێوازە دەبێت بنەما بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی تورکیا.”

بەڕێز ئۆجالان پێشنیاری کرد کە ‘دانوستانی دیموکراتیک’ لە هەموو پەیوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا پەرەپێبدرێت.

بەڕێز ئۆجالان بانگەوازی 27ی شووباتی بەبیرهێنایەوە و وتی: “ئێمە لە پاڵ قسەکەی خۆماندا وەستاوین کە پەرەسەندنی ئەم پرۆسەیە پەیوەستە بە مەرجە سیاسی و یاساییەکانەوە” و ئاماژەی بەوەدا کە لەم قۆناغەدا زۆر گرنگە مەرجە یاساییەکان بە تێڕوانینێکی دروست و یەکگرتوو دەستنیشان بکرێت و جێبەجێ بکرێت.

لە کۆتاییدا بەڕێز ئۆجەلان ئاماژەی بەوەدا، سەدەی نوێی کۆمار دەبێت لەسەر بنەمای یاسای ئاشتی و دیموکراسی بنیات بنرێت.

شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی

4ی تشرینی یەکەمی 2025″

پوستێن ھەمان بەش