تورکیا وادەی ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە

تورکیا وادەی ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی درێژکردەوە

ئەم ڕاگرتنە لە 3ی نیسانی 2023ـەوە دەستیپێکردووە و لەو کاتەوە چەندین جار درێژکراوەتەوە.

حکوومەتی تورکیا ڕاگرتنی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی تا سێ مانگی دیکە درێژکردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، 06ـی تشرینی یەکەمی 2025، فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی تورکیا بڕیاری دا ماوەی ڕاگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تا ڕۆژی 6ی کانوونی دووەمی 2026 درێژ بکاتەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەپێی ئاگادارینامەیەک کە لەلایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانیی تورکیاوە دەرچووە، ئاسمانی وڵاتەکە بەڕووی سەرجەم ئەو گەشتانەدا دادەخرێت کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە ئەنجام دەدرێن یان مەبەستیانە لەو فڕۆکەخانەیە بنیشنەوە.

ئەم ڕاگرتنە لە 3ی نیسانی 2023ـەوە دەستیپێکردووە و لەو کاتەوە چەندین جار درێژکراوەتەوە. حکوومەتی تورکیا هۆکاری ئەم بڕیارەی بۆ نیگەرانییە ئەمنییەکان گەڕاندووەتەوە.

بڕیارەکەی تورکیا نەک تەنها گەشتە ڕاستەوخۆکانی نێوان سلێمانی و شارەکانی تورکیای ڕاگرتووە، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر ئەو گەشتانەش هەیە کە ئاسمانی تورکیا وەک ڕێڕەوی ترانزێت بەکاردەهێنن بۆ گەیشتن بە وڵاتانی دیکە.

بەرپرسانی باڵای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەوانە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، چەندین جار هەوڵیان داوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، بەڵام تا ئێستا گفتوگۆکان ئەنجامێکی بەرچاویان نەبووە.

پوستێن ھەمان بەش