دەمیرتاش: هەدەپە هیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نیە!!

“هەدەپە حیزبی تورکیەیە، و لە رووی نوێنەرایەتییەوە هەموو توێژەکانی تورکیە دەگرێتەوە”.
هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە رایگەیاند “هەدەپە هیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نییە و پێم خۆشە PKK بە تەواوی چەکی خۆی دژ بە تورکیە بێدەنگ بکات”.
سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە زیندانی ئەدرنە لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی T24 کە لە رێگەی پارێزەرەکانیەوە بە نووسراو وەڵامی پرسیارەکانی داوەتەوە، رایگەیاند: “هەدەپە هیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نییە؛ پێویستە ئەم راستییە بۆ رای گشتی تورکیە باس بکەین. حیزبێک سیاسەتی دیموکراسی بەڕێوە ببات، ناتوانێت سەر بە رێکخراوێکی چەکداری بێت و پێویستی بە هێزی چەکدار نیە”.
دەمیرتاش هەروەها گوتی: “هەروەکوو متهات سنجار لە دوایین هەڤپەیڤینی خۆیدا جەختی لەسەر کردبۆوە، هەدەپە درێژکراوە، وتەبێژ و لایەنگری پەکەکە نیە و هیچ پەیوەندییەکی بە پەکەکەوە نیە. پێویستە ئەمە بپ رای گشتی تورکیە روون بکەینەوە”.
سەلاحەدین دەمیرتاش کە زیاتر لە پێنج ساڵ و نیوە لە زیندانی ئەدیرنە بەندکراوە و بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە هەوڵی داخستنی پارتەکەی دەدرێت، گوتی: “ئەگەر بکرێ، پێم خۆشە پەکەکە بە تەواوی چەک دژی تورکیە بێدەنگ بکات، بەڵام بەداخەوە دوو بەربەستی سەرەکی هەن”.
یەکەم: حکوومەت جگە لە ئۆپەراسیۆنی سەربازی هیچ بژاردەیەک ناخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، گفتوگۆ ناکات و پێداگری لەسەر بەکارهێنانی چەک دەکات. لێرەشدا رێگری دووەم سەرهەڵدەدات، ئەویش گۆشەگیری ئیمرالییە، چوونکە ئەو کەسەی کە دەتوانێت پەکەکە رازی بکات ئۆجەلانە و ساڵانێکە لە گۆشەگیرییدا دەیهێڵنەوە. سەرباری ئەم بەربەستانە، دڵخۆش دەبم ئەگەر پەکەکە چەکەکانی بێدەنگ بکات. بەداخەوە، ئەزموونی ئێمە دەریخستووە کە ئەمە ئاسان نییە.”
دەمیرتاش دەشڵێ: “هەدەپە حیزبی تورکیەیە، و لە رووی نوێنەرایەتییەوە هەموو توێژەکانی تورکیە دەگرێتەوە”.