مەحموود ئالناک، سیاسەتمەدار و نووسەری کورد لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە دەستبەسەر کرا

ئالناک بە بیانووی ئەوەی کە گۆیا لە کتێبەکەیدا بە ناوی “مەحمەت تونچ و بێکەس”، سووکایەتیی بە ئەردۆغان کردووە، زیندانی کراوە.
مەحموود ئالناک، سیاسەتمەدار، پارێزەر، نووسەر و پەرلەمانتاری پێشووی کورد، دوای ئەوەی کە لەلایەن دادگایەکی دەوڵەتی تورکەوە تۆمەتی سووکایەتیکردنەکەی بە ئەردۆغان پشتڕاستکرایەوە، لە شاری قەرسی باکووری کوردستان دەستبەسەر کرا.
دوای پشتڕاستکردنەوەی حوکمەکەی لەلایەن دادگای باڵای تورکیاوە، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا مەحمود ئالناکیان دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانیان کرد. دادگایەکی دەوڵەتی تورک بە تۆمەتی “سووکایەتیکردن بە سەرۆک” سزای ساڵێک و 2 مانگ زیندانی بەسەر مەحمود ئالناکدا سەپاندبوو.
بە بیانووی ئەوەی کە لە کتێبەکەیدا بە ناوی “مەحمەت تونچ و بێکەس”، گۆیا “سووکایەتیی بە سەرۆک کۆمار کردووە”، دۆسیەیەک لە دژی مەحمود ئالناک تۆمار کرا.
کتێبەکە باس لە “مەهمەت تونچ”، هاوسەرۆکی مەجلیسی گەلی جزیرێ و بێکەسی کوڕەزای دەکات. “مەهمەت تەنچ” لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆدا لە ڕێکەوتی 14ی کانوونی یەکەمی ساڵی 2015دا گیانی لەدەستدابوو.
ژووری 4ی تاوانەکانی بەناو دادگای باڵای تورکیا، سزای یەک ساڵ و دوو مانگ زیندانیکردنی بەسەر مەحموود ئالناکدا سەپاندبوو. دوای ئەوەی بڕیارەکە یەکلایی بووەوە، سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئەستەنبوڵ ئاگادارییەکی بۆ ئالناک نارد.
داواکاری گشتی ئالناکی ئاگاداری کردبۆوە کە سزاکە لە ماوەی 10 ڕۆژدا جێبەجێ دەکرێت.
دوابەدوای ئەمەش پۆلیسی دەوڵەتی تورک، مەحموود ئالناکی لە ماڵەکەی خۆی لە شاری “قەرس”ی باکووری کوردستان دەستبەسەر کرد.
مەحمود ئالناک دوای ئەوەی لە بەناو دادگای تورکیادا حوکمەکەی بۆ خوێندرایەوە، ڕەوانەی زیندانی قەرس کرا.