عەبدوڵڵا بە هەنگاوی 15ی شوبات، هەنگاوی 15ی تەباخی لەگۆڕ نا!

پەکەکە بە یادکردنەوەی “15ی تەباخ” تەنها دەیهەوێ خوێنی زیاتری لاوانی کورد بکاتە قوربانیی بەرژەوەندیە حیزبیەکانی.
مەمەت مێردینی
39 ساڵ بەسەر شەڕی چەکدارانەی پەکەکەدا تیپەڕ دەبێت کە لە 15ی تەباخی 1984دا دەستیپێکرد. پەکەکە بەو چالاکیە دامەزراندنی یەکەم رێکخراوی چەکدارانەی خۆی واتە “HRK” (هێزەکانی رزگاریی کوردستان)ی راگەیاند. پەکەکە دەیهەویست لە رێگای ئەنجامدانی سێ چالاکیەوە کە بڕیار بوو لە ئەرووح، شەمزینان و چاتاک ئەنجام بدرێن، دامەرزاندنی HRK رابگەیەنێت. ئەو چالاکیەی کە مەعسووم کۆرکماز لە ئەرووح ئەنجامی دا دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو بەڵام دوو چالاکیەکەی دیکە کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نەبوو.
هەروەک چۆن هەمیشە پەکەکە مێژوو چەواشە دەکات و راستیەکان دەشارێتەوە لەسەر ئەو بابەتەش راستیەکان باس ناکات، چوونکە لە راستیدا پەکەکە لە ساڵی 1977دا بوو کە شەڕی چەکدارانەی دەستپێکرد.
پەکەکە ئەم رۆژە بە رۆژێکی پیرۆز و گرینگ دادەنێت و ساڵانە بە دەیان راگەیاندراو، لێدوان و نووسینی لەسەر بڵاو دەکاتەوە و بەوشێوەیە دەیهەوێ گەلی کورد بەگشتی و لایەنگرەکانی خۆی بەتایبەتی فریو بدات.
لەهەموو سەرنجڕاکێشتر، راگەیاندراوەکەی ئەمساڵی کەجەکە بوو کە لە 39هەمین ساڵوەگەڕی هەنگاوی 15ی تەباخدا بڵاوی کردۆتەوە وتێیدا بەدەیان درۆ و چەواشەکاریی ریز کردووە.
کارێکی زۆر ئەستەمە کە کەسێک بێت و وەڵامی سەرجەم راگەیاندراوەکانی پەکەکە بداتەوە چوونکە لە راستیدا کاری پەکەکە و لقوپۆپەکانی تەنها بۆتە دەرکردنی راگەیاندراو و چەواشەکردنی رووداوەکان و هەڵبەستن و بڵاو کردنەوەی درۆیان، هەربۆیە وەڵامدانەوەی پەکەکە کاتێکی دوورو درێژ و سەبری ئەیووبی پێغەمبەری پێویستە. بۆیە من لێرەدا تەنها هەوڵ دەدەم وەڵامێکی کورتی ئەو راگەیاندراوەی کەجەکە بدەمەوە کە بەبۆنەی 39 ساڵەی 15ی تەباخەوە بڵاوی کردۆتەوە وهەوڵیداوە گەلی کورد فریو بدات.
کەجەکە رایگەیاندووە: “ئێمە بەڵێنەکەی خۆمان دووپات دەکەینەوە کەوا ئەو خەباتەی بۆ ئازادی لە خەتی هەنگاوی 15ی تەباخدا دەستمان پێکرد، بەرەو سەرکەوتن درێژە پێبدەین”. ئەوە ماوەی 39 ساڵە پەکەکە ئەو بەڵین و نووسینە دووپات دەکاتەوە. هەرساڵە بە ریز کردنی هێندێک وشە دەیهەوێ راستیەکان بشارێتەوە و خۆی وەکوو لایەنێکی سەرکەوتوو پیشان بدات، بەڵام لە واقعییەتدا هەرچی زیاتر کات تێپەر دەبێت، بەرەو شکستی زیاتر دەڕوات و خاکی زیاتری کوردستان رادەستی تورکیە دەکات و ژمارەیەکی زیاتر لە لاوانی کورد بە کوشتن دەدات. لە راستیدا کاتی ئەوە هاتووە کە گەلی کورد لە پەکەکە بپرسێت، بەڕاستی کەی ئێمە ئەو سەرکەوتنە بەچاوی خۆمان دەبینین کە ئێوە دەیان ساڵە بەڵێنی دەدەن؟ ئایا ئێمەی کورد کە ئەو هەموو رەنج و کویرەوەریەمان کێشاوە و ئەو هەموو خوێن و خاکەمان لەدەستچووە، هێشتا بەس نیە؟ کاتی ئەو سەرکەوتنەی کە باسی دەکەن کەی دێت و ئێوە کەی ئامادەن دەست لە رشتنی خوێنی لاوانی کورد هەڵبگرن؟ ئیدی بەسە و ئێمە لەمە زیاتر ناتوانین بڕوا بە درۆکانتان بکەین.
بەدامەرزانی پەکەکە نەک هەر گرفتەکانی باکووری کوردستان چارەسەر نەبوون و باکوور ئازاد نەکرا،
بەڵکوو کێشەکانی زیاتر و ئاڵۆزتریش بوون.
پەکەکە بەردەوام باس لەوە دەکات کە هەنگاوی 15ی تەباخ مێژوویەکی نوێی بۆ کوردەکان خوڵقاند و کەسایەتی و ژیانێکی نوێی بە کوردەکان بەخشی. بەشێوەیەک کە ئەگەر کەسێک نەخوێندەوار بێت و شارەزای مێژووی کورد و کوردستان نەبێت، پێیوایە بەر لە دروست بوونی پەکەکە دەستی سەرجەم کوردان بە زنجیر بەسترابۆوە و کوردەکانیش هاوشێوەی رەش پێستەکانی سەردەم ئاپارتاید لەناو زەوینە کشتوکاڵیەکانی ئامریکادا وەکوو کۆیلە کاریان دەکرد و هیچ چەشنە بەرگری و بەرخۆدانیکیان نەبووە، هیچ شۆڕشێکیان بەڕێوە نەبردووە و تەنانەت لە ئەساسدا شتێک بەناو نەتەوەی کورد هەر بوونی نەبووە. چوونکە پەکەکە سەرانسەر مێژووی کورد و کوردستان و بەتایبەت میژووی باکووری کوردستانی گرێداوە بە کاتی دامەزرانی خۆیەوە و بەوشێوەیە دەیهەوێ هەموو شت لەبیر کوردان بباتەوە وەکوو شۆڕشی ئێحسان نووری پاشا، شۆڕشی سەیید رەزا، شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران، شۆڕشی عەلی شێر و هتد… پەکەکە دەیهەوێ سەرجەم سەرکردەکانی کورد لە بیر کوردەکان بباتەوە و هەروەکوو ئەوەی شتێک رووی نەدابێت دەیهەوێ سەرجەم مێژووی خەبات و قوربانیدانی کوردان لە بیر و مێشک و زیهنی گەلی کورددا بسڕێتەوە.
بەدامەرزانی پەکەکە نەک هەر گرفتەکانی باکووری کوردستان چارەسەر نەبوون و باکوور ئازاد نەکرا، بەڵکوو کێشەکانی زیاتر و ئاڵۆزتر بوون. پەکەکە و سیاسەتەکانی لە ئاست دەوڵەتدا وای کرد کوردەکانی باکوور ناوی تورکی لە سەر منداڵەکانیان دابنێن، زمانی دایکیی خۆیان لەبیر بکەن و فێری زمان و کلتووری تورکەکان ببن. سەرەڕای ئەوەش پەکەکە هەوڵ دەدات وا نیشان بدات کە هەموو شت بەباشی بەرەوپێش چووە، زمان، چاند، کەسایەتی، ژیان و هتد… بەڵام هەموو کەس بە چاوی خۆی دەیبینێت کە بە دامەزرانی پەکەکە نەک هەر باکووری کوردستان رزگار نەبوو بەڵکوو بەهۆی پەکەکەوە بەشێکی بەرچاو لە رۆژئاوا و باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە داگیر کران.
لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە: “هەنگاوی 15ی تەباخ، فاشیزمی لەناو برد و رێگای نەدا کە ببێتە سیستمێکی ماندگار و رێگای بۆ دەستپێکردنی قۆناخێکی نوێی دیموکراتیزاسیۆن کردەوە”. بەڕاستی ئینسان مات و حەیران دەمێنێت کە لەلایەک “کەجەکە ـ پەکەکە” لەسەرجەم راگەیاندراوەکانیدا هێرش دەکاتە سەر “ئاکەپە ـ مەهەپە” و ئەوان بە فاشیست دادەنێت و لەلایەکی دیکەشەوە دەڵێت کە هەنگاوی 15ی تەباخ کۆتایی بە فاشیزم هێنا.! ئایا بەڕاستی ئەوە درۆ و پارادۆکساڵییەکی گەورە و ئاشکرا نیە کە لە روانگەکانی پەکەکەدا دەبینرێت؟ ئەگەر بەڕاستی ئێوە 39 ساڵ لەوەپێش لە تورکیە فاشیزمتان لەناو بردووە کەواتە چۆنە لە ئێستادا رۆژانە باس لە فاشیزم دەکەن؟!
وادیارە پەکەکەش هاوشێوەی زوحاک بە خوێنی سەری کوردان تینوویە
کەجەکە دەڵێت “گریلا بە رۆحی سەرکەوتنی 15ی تەباخ شەڕ دەکات”. هەموو کەس دەزانێت کە کێشەی کورد شەڕ کردن نیە. کوردەکان بە درێژایی مێژووی خۆیان نەتەوەیەکی شەڕکەر و ئازا بوون. “هێرۆدۆت” مێژوونووسی بەناوبانگی جیهان، کوردەکانی وەکوو کەسانی ئازا و بە جەرگ و شەڕکەر ناساندووە. سەرکردەهایەکی وەکوو زینەفوون و چەنگیز خان کە بە دوو کەسی بەهێز و دڵڕەق ناسراون، تاریفیان لە ئازایەتی و جەنگاوەری کوردەکان کردووە. ئەوە شتێکی روون و ئاشکرایە و هەموو کەس دەیزانێت، بەڵام پەکەکە دەیهەوێ ئەوە بکاتە موڵکی خۆی و بڵێ ئەو بووە کە کوردەکانی پەروەردە کردووە و بەوشێوەیە دەیهەوێ مێژوو چەواشە بکات.
وادیارە پەکەکەش هاوشێوەی زوحاک بە خوێنی سەری کوردان تینوویە و هیچکات تێر نابێت، ئەگەر وانەبێت ئەوەندە داوا لە لاوانی کورد ناکات و پێیان ناڵێت: “پێویستە تێکەڵ بە ریزی خەبات ببن”. بەڕاستی پەکەکە باس لەکامە خەبات دەکات؟ ئایا مەبەستی خەباتی بەکوشتدانی لاوانی کوردە؟ ئایا مەبەستی خەبات لەپێناو دروشمی دژە گەلیی “برایەتی گەلان”ـە لەسەر حیسابی خوینی کوردان؟ ئایا مەبەستی خەبات لەپێناو بە دیموکراتیک کردنی دەوڵەتی تورکانە؟ ئایا مەبەستی خەبات لەپێناو دژایەتی کردنی خەتی بارزانی و رزگاریی و سەربەخۆیی کوردستانە؟ ئایا مەبەستی خەباتی بەتورک ناساندی دایکی ئاپۆ و داوای پێدانی دەرەتانێک بۆ زیاتر خزمەت کردن بە دەوڵەتی تورکە؟ ئایا مەبەستی خەباتی داوای لێبووردن کردن لە دایکی سەربازە داگیرکەرەکانی تورک لە دادگادا و پشتگوێ خستنی دایکی ئەو لاوە کوردانەی کە لەپێناو سەربەستیی کوردستاندا گیانیان بەخت کردبوو یان مەبەستی خەباتە لەپێناو رادەستکردنی زیاتری خاکی کوردستان بە دەوڵەتی تورکیە؟ لەراستیدا کاتی ئەوە هاتووە کە لەناو لاوانی کوردستاندا لاوێکی کورد هاوشێوەی کاوەی ئاسنگەر پەیدا ببێت و هەروەکوو چۆن کاوە دژ بە زوحاک راپەڕی و مێشکی پەرش و بڵاو کرد، ئەویش مێشکی پەکەکە بە چەکوشەکەی خۆی پەرش وبڵاو بکات…. تەنها رێگاچارە بۆ رزگار کردنی کوردستان لەدەست پەکەکەیەک کە بە دەستی میتی تورک دامەزراوە هەر ئەوەیە.
بە هەنگاوی 15ی شوبات و گەڕانەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ تورکیە،
هەنگاوی 15ی تەباخ کە لە ئەرووحەوە دەستیپێکردبوو، لەگۆڕ نرا و فاتیحای خوێندرا
ئەو چالاکیەی کە پەکەکە بەناوی “هەنگاوی مێژوویی 15ی تەباخ” ناوی دەبات بەپێچەوانەی ئەوەی کە پەکەکە ئیدیعای دەکات نەک هەر لەماوەی ئەو 38 ساڵەی رابردوودا هیچ چەشنە پێشکەوتنێکی نەبووە، بەڵکوو نەیتوانیوە تەنانەت 38 میتر لە خاکی باکووری کوردستانیش رزگار بکات و هاوکات بەهۆی پەکەکەوە بە قووڵایی 38 کیلۆمیتر لە خاکی ئازادکراوی باشووری کوردستانیش تەسلیمی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کراوە.
بە کورتی و بە کورمانجی بە هەنگاوی 15ی شوبات و گەڕانەوەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ تورکیە، هەنگاوی 15ی تەباخ کە لە ئەرووحەوە دەستیپێکردبوو، لەگۆڕ نرا و فاتیحای خوێندرا. پەکەکە بە گێڕانەوە و یادکردنەوەی هەنگاوی 15ی تەباخ تەنها ئامانجی ئەوەیە کە خوێنی زیاتری لاوانی کورد بکاتە قوربانیی بەرژەوەندیە حیزبیە دژی گەلییەکانی خۆی.