ترامپ: دەتوانم لەماوەی 24 کاتژمێردا شەڕی ئۆکراین راوەستێنم

ترامپ: دەتوانم لەماوەی 24 کاتژمێردا شەڕی ئۆکراین راوەستێنم

ترامپ: “تاکە بەربژێرم بتوانم رێگری لە هەڵگیرساندنی جەنگی جیهانیی سێیەم بکەم”.

دۆناڵد ترامپ هۆشداری لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانیی سێهەم دەدات و دەڵێت، ئەو “تاکە بەربژێر”ـی سەرۆکایەتیی ئەمریکایە بتوانێت جیهان لەو جەنگە بپارێزێت.

رۆژی شەممە، 4ی ئاداری 2023، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە کۆنفرانسی کاری سیاسیی کۆنسێرڤاتیڤەکان لە ویلایەتی مێریلاند هۆشداریدا لەوەی “ئەگەر خێرا شتێک نەکرێت، رووبەڕووی جەنگی سێیەمی جیهانی دەبینەوە” و گوتی کە ئەو “تاکە بەربژێرە” بتوانێت رێگری لەو جەنگە بکات.

 ترامپ گوتی: “لە ساڵی 2016 دا گوتم کە من دەنگی ئێوەم. ئەمڕۆ دەڵێم، من جەنگاوەری ئێوەم. دادپەروەریی ئێوەم.” ترامپ دەشڵێت، دەنگدەرانی ئەمریکا “لە سیاسەتی درێژکراوەی پشتاوپشتی هەردوو پارتەکە و بەرژەوەندیی تایبەت و سیاسەتڤانە مەیلەو چینییەکان بێزارن.”

 لەبارەی هەڵبژاردنی 2024دا ترامپ باس لەوە دەکات کە “ئەوەی دەستمان پێکردووە، تەواوی دەکەین”؛ بەوەش ئامادەبووان دەنگیان هەڵبڕی و دروشمی “چوار ساڵی دیکە؛ چوار ساڵی دیکە”یان گوتەوە، وەکو پاڵپشتییەک بۆ ترامپ بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا.

ترامپ لە کۆنفرانسەکەدا رایگەیاند: “ئەگەر جاریکی دیکە وەکوو سەرۆک کۆماری ئامریکا هەڵبژێردرێمەوە، بۆ من زەحمەت نیە کە لەماوەی 24 کاتژمێردا شەڕی ئۆکراین رابوەستێنم”.

 بەگوێرەی دوایین راپرسی کە پێش کۆنفرانسەکە بڵاوکرایەوە، دۆناڵد ترامپ بەربژێری دڵخوازی کۆمارییەکانە بە جۆرێک 62٪ـی خەڵکی لە هەڵبژاردنی 2024 دەنگ بە ترامپ دەدەن. لەدوای ترامپیش رۆن دی سانتیس، حاکمی ویلایەتی فلۆریدا دێت کە 20٪ـی خەڵکی پێیانوایە دەبێت ئەو نوێنەرایەتیی کۆمارییەکان بکات.

 بەو پێیەش، چاوەڕوان دەکرێت لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکادا هەریەکە لە دۆناڵد ترامپ و جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستای ئەمریکا کێبڕکێکاری سەرسەختی یەکدی بن.

 بەگوێرەی راپرسییەکی هاوبەشی ناوەندی ماریستی نیشتمانیی ئەمریکا کە 24ـی شوبات بڵاوکراوەتەوە، لە هەڵبژاردنی ساڵی 2024دا ترامپ 45٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت و بایدن 50٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت.

 هاوکات، بەگوێرەی ناوەندی پی بی ئێس نیوز ئاوەر، بایدن 50٪ـی دەنگەکان و ترامپیش 42٪ـی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت، بەڵام کاتی ئەم راپرسییانە زۆر دوورە لە هەڵبژاردنەکانەوە و دەکرێت لە هەفتەیەکدا هەموو شت لە بەرژەوەندیی هەر بەربژێرێک بگۆڕدرێت.

پوستێن ھەمان بەش