ناوچەیەکی چەمچەماڵ بۆردومان کرا

ناوچەیەکی چەمچەماڵ بۆردومان کرا

بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر: بنکەکانی پەکەکە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەو سنوورە هەن.

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ چەند ناوچەیەکی ناحیەی ئاغجەلەر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ لەلایەن چەند فڕۆکەیەکی نەناسراو بۆردومان کرا.

بەپێی ئەو زانیاریانەی کە میدیاکانی باشووری کوردستان لە زمانی سەرچاوە خۆجییەکانەوە بڵاویان کردۆئتەوە: “سەر لە بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە 6/8/2023 لەلایەن فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە گوندی چنارتوو لە سنووری ناحیەی ئاغجەلەر لە چەمچەماڵ بۆردومان كراوە و بەگوێرەی زانیارییەكان بەهۆی بۆردومانەكەوە شەهید و بریندار هەیە”.

هێمن بەهجەت بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر لەوبارەوە رایگەیاندووە: “سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ئاگادار کراینەوە کە ئاگر لە شاخی چنارتوو کەوتووەتەوە، ئێمەش لەگەڵ تیمەکانی بەرگری شارستانی و پۆلیسی دارستان، بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە چووینە شوێنەکە، ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە”.

بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر، گوتیشی: “من نازانم هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە، چونکە خۆم گوێم لە دەنگی بۆردومان نەبووە، بەڵام بنکەکانی پەکەکە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەو سنوورە هەن”.

ناحیەی ئاغجەلەر سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی باشووری کوردستان ‌و لە سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە سێ جار ئەو سنوورە بۆردوومان کراوە.

پوستێن ھەمان بەش