ئەمڕۆ سری سورهیا ئۆندەر، یەکێک لە ئەندامانی شاندی ئیمرالی، دوای 18 ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا.
سەرۆک بارزانی، بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئۆندەر، سەرکردایەتی، ئەندام و لایەنگرانی دەم پارتی دەکات و دەڵێت: خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
شەممە 3ـی ئایاری 2025، سەرۆک بارزانی، بۆ کۆچی دوایی سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی شاندی ئیمراڵی، پەیامێکی سەرەخۆشیی بڵاو کردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە، بە داخێکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی کەسایەتی و سیاسەتمەداری تورکیا و هاوسەرۆکی پێشووی دەم پارتی و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (سری سورەیا ئۆندەر)ـم پێ گەییشت.
سەرۆک بارزانی دەڵێت: خوا لێخۆشبوو سری سورەیا ئۆندەر، کە ئەندامی شاندی ئیمراڵیش بوو، بەشی زۆری ژیانی خۆی بۆ خەباتی سیاسی و ئاشتییانە تەرخان کرد و هەوڵەکانی بە ئاراستەی چارەسەری ئاشتی لە تورکیا جێگەی پێزانینێکی زۆرە.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆم ئاراستەی خانەوادە، کەسوکار، دۆست، هەڤاڵ و هاوفکرانی خوالێخۆشبوو سری سورەیا ئۆندەر و سەرکردایەتی، ئەندام و لایەنگرانی دەم پارتی دەکەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
سەرۆک بارزانی گوتیشی: لە خوای گەورە داواکارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و سەبر و ئارامی بە گشت لایەک ببەخشێت.
ئەمڕۆ شهممه، 3ـی ئایاری 2025، سری سورهیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە هاوکات ئەندامی شاندی ئیمراڵییشە، دوای 18 ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەست دا.
سری سورهیا ئۆندهر، لە ساڵی 1962 لە پارێزگەی سەمسووری باکووری کوردستان لەدایک بووە؛ لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ئەنقەرە خوێندووە و تاوەکوو قۆناغی دوو بەردەوام بووە.