هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە کاردانەوەی توندی گەلی باکووری کوردستانی لێکەوتەوە

هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر پێشمەرگە کاردانەوەی توندی گەلی باکووری کوردستانی لێکەوتەوە

“پەکەکە سەربەخۆ نییە، ڕەنگە بەشێکی پەکەکە ئاگاداری ئەو هێرشانە نەبن، بەڵام وادەردەکەوێت ئەو بەشەی پەکەکە کەوا لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە ئەم هێرشانەی کردووە”.

هێرشەکانی پەکەکە بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە، کاردانەوەی توندی گەلی باکوری کوردستانی لێکەوتەوە. سیاسەتمەداران و شرۆڤەکارانی باکوری کوردستان دەڵێن، هێرشکردنە سەر پێشمەرگە نیشانەی خێرنەیستن بۆ کوردستانە و زیان بە پێڤاژۆی چارەسەرکردنی پرسی کورد دەگەیەنێت، هەروەها ئەم هێرشە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە یەکڕیزی و یەکێتیی لایەنە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدراوە.

دوای ئەوەی لە دهۆک هێرش کرایە سەر بارەگایەکی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، ئەو هێرشانە ئیدانەی بەرفراوانی سیاسەتوانان و شرۆڤەکارانی لێکەوتەوە. سیاسەتمەدارانی باکوری کوردستان دەڵێن، لەکاتێکدا کە کورد بووەتە ئەکتەرێکی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پڕۆسەی چارەسەری لە تورکیا دەستیپێکردووە، هەنگاوێکی مێژوویی لە ڕۆژئاڤا بەرەو یەکێتی نەتەوەیی و گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکان نراوە، کەچی هێزەکانی پێشمەرگە کە شەو و ڕۆژ بۆ دەستەبەرکردن و سەرکەوتنی هەموو پرۆسە و هەوڵە نەتەوەییانە خەبات دەکات، لە ژێر هێرشدایە. سیاسەتمەداران دەڵێن ئەم هێرشانە نیشانەی ئەوەن کە هێزە ئیقلیمییەکانی دوژمنی کورد و کوردستان، لە جموجۆڵدان.

لەو بارەوە هانیفی ئەرەن، جێگری سەرۆکی هاک پار ڕایگەیاند: “پەکەکە سەربەخۆ نییە، ڕەنگە بەشێکی پەکەکە ئاگاداری ئەو هێرشانە نەبن، بەڵام وادەردەکەوێت کە لەلایەن ئێرانەوە ئەنجامدرابێت و ئەو بەشەی پەکەکە کەوا لەژێر کۆنترۆڵی ئێراندایە ئەم هێرشانەی کردووە، بەڵام بە تەور لە بەر لاقی خۆیانیان داوە و سەرکەوتوو نابن”.

چاودێرانی سیاسی دەڵێن لە سەردەمێکدا کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، لە سایەی هەوڵەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی، کورد توانیویەتی سیاسەتێکی کاریگەر دابڕێژێت، هێرشکردنە سەر پێشمەرگەش دژی ئەم سیاسەتەیە.

شەرەفخان گوردلی، چاودێری سیاسی دەڵێت: “من وەک کوردێک ئەم هێرشە ئیدانە دەکەم و بەهۆیەوە ئازارم پێگەیشت، لە کاتێکدا کە پرۆسەیەکی نوێ لە تورکیا دەستیپێکردووە و هەوڵێک بۆ یەکڕیزی لە ڕۆژئاڤا هەیە و هەنگاوەکانیش بەرەو ئەوە نراون، ئەم هێرشە زیان بە پرۆسەکە دەگەیەنێت”.

سیاسەتمەداران و شرۆڤەکارانی باکوور ئاماژە بەوە دەکەن کە لە مێژووی ئەم دواییەدا چەندین ئیستفزاز و ئاژاوەگێڕیی لەو جۆرە لە دژی هێزە کوردییەکان هەبووە و ئێستا کورد دەزانێت کام ڕووداو لە بەرژەوەندی ئەودایە و کامیان بە زیانی ئەوانە.

پوستێن ھەمان بەش