پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان: جینۆسایدی دێرسیم بەشێکە لە سیاسەتی قڕکردنی نەتەوەی کورد

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان: جینۆسایدی دێرسیم بەشێکە لە سیاسەتی قڕکردنی نەتەوەی کورد

“ژنان و کچانی دێرسیم بۆ ئەوەی نەکەونە دەست چەکدارانی تورک، لە زنارە بەرزەکانەوە خۆیان فڕێدەدایە ناو ڕووباری مونزورەوە”.

پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK) لە ساڵوەگەڕی دەستپێکی “جینۆسایدی دێرسیم”دا، بەیاننامەیەکی نووسراوی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی PWK بەمشێوەیە:

لە ڕێکەوتی 4ی ئایاری 88 ساڵ لەمەوبەردا، بڕیاری دەستپێکردنی هێرشی سەربازی بۆ جینۆسایدکردنی نەتەوەیەک درا، کە لەلایەن “م. ک. ئەتاتورک و فەوزی چاکماک”ـەوە پەسەندکرابوو.

بە پشتبەستن بە ‘بڕیاری شاندی وەزاری سەبارەت بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی دێرسیم’ کە لە ڕێکەوتی 4ی ئایاری 1937دا درا، هێزە سەربازییەکانی کۆماری تورکیا لە 12ی ئایاری 1937دا دێرسیمیان داگیرکرد و بەردیان بەسەر هەردیەوە نەهێشت.

لەم فەرمانەدا هاتووە کە ‘خەڵکی ناوچەکە کۆ بکرێنەوە و بگوازرێنەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە. لەم ئۆپەراسیۆنی کۆکردنەوەیەدا هەڵیانکوتایە سەر گوندەکان و هەم چەک و تەقەمەنی کۆدەکونەوە و هەمیش ئەو خەڵکەی کە کۆ کراونەتەوە، ئاوارەی ناوچەکانی دیکە دەکرێن’.

هەروەها لە بڕیارنامەکەدا هاتووە کە ‘ئەگەر تەنها لە ڕێگەی هێرشەوە ئامانجەکانمان بگەین، چەک و سەرچاوەکانی سەرهەڵدانەکە لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە. هەر بۆیە دەبێت ئەو کەسانە کە چەکیان بەکارهێناوە و دەیهێنن، لە ڕیشەوە هەڵتەکێنین و لە شوێنی خۆیان وەدەریان بنێین و گوندەکان بەتەواوی وێران بکەین و خێزانەکانیان دووربخەینەوە’.

بێ گومان ئەم بڕیارنامەیە بەپێی باوەڕ و سروشت و ناسنامەکەی، فەرمانێک بوو بۆ قڕکردن و سڕینەوەی میللەتێک. دەوڵەتی تورکیا بەشێکی زۆری دانیشتوانی ناوچەکەی بە ناوی دامەزراندنی سەربازیەوە گرت و چەکداری کردن؛ هەروەها ئەو کەسانەش کە دەیانتوانی سەرکردایەتی خەڵک بکەن و لە ناو گەلەکەیاندا ڕێز و حورمەتیان هەبوو، هەموویان کۆ کردنەوە بۆ ئەوەی لەگەڵ یەکتردا پەیوەندیان نەمێنێت. هەمویان ڕەوانەی ناو شارە جیاجیاکانی تورکیا کران و ناچار بە ‘ئیقامەی زۆرەملێ’ کران. دوای ئەوە ئۆپەراسیۆنی جینۆساید دەستی پێکرد و خەڵکی دێرسیم بەبێ جیاوازی کۆمەڵکوژ کران.

ئیحسان سەبری چاگلایانگیل، سەرۆکی ئەوکاتەی ئاسایشی مالاتی، لە بیرەوەرییەکانیدا دان بەوەدا دەنێت کە ئەو ژن و منداڵانەی لە زوڵم و ستەم ڕزگاریان ببوو و بەرەو ئەشکەوتەکان هەڵاتبوون، لەو ئەشکەوتانەدا بە “ژەهری مشک” کۆمەڵکوژ کران. ژنان و کچانی دێرسیم بۆ ئەوەی نەکەونە دەست چەکدارانی تورک، لە زنارە بەرزەکانەوە خۆیان فڕێدەدایە ناو ڕووباری مونزورەوە. چەکدارەکان هەندێک منداڵی هەتیویان ەبردە شارەکانیان و وەک خەڵکی نەتەوەیەکی تر بەخێویان کردن.

جینۆسایدی دێرسیم بەشێکە لە سیاسەتێک بۆ قڕکردن و سڕینەوەی نەتەوەی کورد. ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 1921 بە سەرکوت کردنی بەرخۆدانی بزووتنەوەی کۆچگیری دەستی پێکرد و بە جینۆسایدی خەڵکی دێرسیم لە ساڵانی 1937-38 بەردەوام بوو. هەروەک لە فەرمانەکەدا هاتبوو، هەموو شوێن و ناوچەکانی بەرخۆدانی گەلی کوردستان یەک بە یەک وێران کران.

پێویستە دەوڵەتی تورک بۆ ئەو جینۆساید و تاوانانەی کە بەرامبەر بە خەڵکی دێرسیم و کوردستان کردوویەتی، داوای لێبوردن بکات و بەو پێیە هەنگاوی پێویست بنێت. دەوڵەتی تورکیا وەک هەنگاوی یەکەم دەتوانێت بە ئاشکراکردنی شوێنی گڵکۆی سەرکردە و ڕێبەرانی بزووتنەوە کوردییەکان، سەید ڕەزا، شێخ سەعید و ئەوانی دیکە و سەید نوورسی کە تا ئێستا بە نهێنی هێڵراونەتەوە، دەست پێ بکات.

لە 88 ساڵەی دەستپێکی جینۆسایدی دێرسیمدا، ئێمە جینۆسایدی دێرسیم و سەرجەم ئەو قڕکردن و جینۆسایدانەی کە دژ بە گەلی کوردستان ئەنجامدراون، شەرمەزار و ڕوورەش دەکەین. ئێمە بە ڕێزەوە یادی سەرجەم شەهیدان بەرز ڕادەگرین، خەبات و تێکۆشانی ئەوان ڕێگای خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی و ئازادی و دیموکراسی ڕۆشن دەکاتەوە.

4/5/2025

نووسینگەی ڕاگەیاندنی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان (PWK)

پوستێن ھەمان بەش