ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق: کەرکوک و موسڵ و شنگال کوردستانن

بەم هەڵبژاردنانە کورد ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساوە کە شێوازی ئیداری لە عێراقدا بگۆڕێت. بەڵام ئەم دەرفەتە تەنها بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی راستەقینەی کوردان دەستەبەر دەبێت. ئەگەر هاوشێوەی ئەوەی کە خەڵکی کەرکووک کردیان، ئیرادەی سیاسیی کورد کە لەژێر ئاڵای کوردستاندا کۆ بکرێتەوە، بێگومان داهاتوویەکی گەش چاوەڕوانی کورد دەکات. لە ڕاستیدا براوەی سەرەکیی هەڵبژاردنەکە، یەکگرتوویی کوردان بوو.
دوێنێ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەچوو. ئەگەرچی تا ئێستا ئەنجامە فەرمییەکان ڕانەگەیەندراوە بەڵام بەپێی ئەنجامە بەراییەکان، لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان واتە ناوچەکانی چوارچێوەی ماددەی 140، نەتەوەی کورد سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە. دەرئەنجامی ئەم هەڵبژاردنە کە لە ژمارەی کورسییەکان و کێبڕکێی حزبەکان گرنگترە، ئەوەیە کە کەرکوک و مووسڵ و شنگال خاوەندارێتییان لە ناسنامەی کوردستانیی خۆیان کردووە و سەلماندیانەوە کە ئەو ناوچانە کوردستانیین.
دەکری هەڵبژاردنەکە وەکوو ڕیفراندۆمێکی دیکەی ناوچە کوردستانیەکان هەژمار بکرێت
دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام، دەوڵەتی نوێی عێراق بڕیاری ڕیفراندۆمی دا. بەپێی بڕیارەکە، بەمەبەستی ڕوونکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچە کوردستانیانە کە لە خانەقینەوە دەستپێدەکات تا دەگاتە گەرمیان، دوزخورماتوو، کەرکووک، مەخموور و شنگال، سەرژمێری دەکرێت و دوای ئەوە ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت. سەرەڕای هەموو داواکاری و جموجۆڵەکانی کورد، حکومەتی عێراق ڕێگری لە سەرژمێری و ڕیفراندۆم کرد.
لە سەرەتای پەنجاکانەوە (1950) هەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکوک و شنگال دەدەن، بۆیە عەرەبیان هێنا و لەو ناوچانە نیشتەجێیان کرد. لە دوای ساڵی 2004 ڕێگا لە گەڕانەوەی کورد گیرا. دوایین جار لە 16ی ئۆکتۆبەری 2017دا بوو کە هەزاران کورد ناچار بوون کەرکوک بەجێ بهێڵن. عەرەبی هاوردەش هێنران و لەسەر گوند و ماڵ و موڵکی کورد نیشتەجێ کران.
کوردانی دانیشتووی ئەو ناوچانە سەرەڕای هەموو فشارەکان ناسنامەی کوردایەتی خۆیان لەدەست نەداوە و خاوەنداری لە ناسنامەی کوردبوونی خۆیان دەکەن. کە چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان ئاڵای کوردستانیان بەرز کردەوە. بە واتایەکی تر کوردی ئەو ناوچانە دەنگدانیان وەک هەڵوێستێک لە دژی سیاسەتی شۆڤێنی و دژەکوردی عێراق پێناسە کرد. دەزانین کورد لە شارەکانی وەک کەرکووک، شنگال، مەخموور و خانەقین دەنگیان بە روانگە و چەمکی “ئێرە کوردستانە” داوە.
دوای تەواوبوونی ماوەی دەنگدان، کوردەکان لە کەرکووکی کوردستانیدا، بەبێ جیاوازی لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) و یەکیتی نیشتمانی کوردستان (یەنەکە)دا، بە ئاڵای کوردستانەوە ڕژانە سەر شەقام و کۆڵانەکانی شاری باباگوڕگوڕ و ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا.
واتە چیای حەمرین سنووری کوردستانە و خاکی پیرۆزی کوردستان لە خانەقینەوە تا کەرکووک و لەوێشەوە تا مەخموور و شنگال لەخۆدەگرێت.
مووسڵ – شنگال کوردستانە
ناوچەیەکی دیکە کە شۆڤێنیستە عێراقییەکان دەیانویست لە کوردستانی داببڕن، ناوچە کوردستانییەکانی دەشتی نەینەوا و شاری دێرینی شنگال بوو.
پەدەکە لە سەرجەم ناوەندەکانی دەنگدانی مەخموور، گوێڕ، فەیدیێ، شێخان، زومار و شنگالدا بوو بە پارتی یەکەم
بەتایبەتی ئەوەی کە پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگی یەکەمی لە شنگال بەدەستهێنا، پەیامێکی گرنگ بوو. دەرکەوت کە خەڵکی شنگال واتە کوردانی ئێزدی دەیانەوێت ڕێککەوتنی شنگال کە لە 9ی تشرینی یەکەمی 2020 لە نێوان بەغدا و هەولێر واژۆ کرا، جێبەجێ بکرێت. ئێزدییەکان دەیانەوێت وەکوو بەشێک لە کوردستان بمێننەوە. ئەم سەرکەوتنە وەڵامێک بوو له دژی سیاسەتەکانی پەکەکە بۆ جیاکردنەوەی شنگال له کوردستان. سەرەڕای هەموو فشار و هەڕەشەکانی میلیشیا چەکدارەکانی حەشد و سوپای عێراق و پەکەکە، خەڵکی شنگال جەختیان لە دڵسۆزی خۆیان بۆ کوردستان کردەوە و بە دەنگێکی دلێر و بڵیند ڕایانگەیاند: شنگال کوردستانە و بە کوردستانییش دەمێنێتەوە.
کورد جارێکی تر پەیمانی لۆزان ڕەت کردەوە
سەرکەوتنی کورد لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقدا گرنگییەکی کۆمەڵناسی و سیاسیی هەیە. هەربۆیە پێویستە لەزۆر بواردا تاوتوێ بکرێت.
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ڕەنگە وەکوو هەڵبژاردنێکی سادەی ناوخۆیی ببیندرێت، بەڵام پەیامێکی مێژوویی هەیە. باشووری کوردستان بە سەرکەوتن لەم هەڵبژاردنە دووەم زەبری گەورە و کەمەرشکێنی لە ڕێککەوتنی لۆزان سرەواند. زەبری یەکەم، ئەوکاتە بوو کە کورد توانی قەوارەی هەرێمی کوردستان بەدەستبهینێت و بیسەلمێنێت، چوونکە پەیانی لۆزان هەرچەشنە دەسەڵاتیکی کوردانی رەت کردۆتەوە و پشتگوێی خستووە. ئێستاش و لەم هەڵبژاردنانەدا نەتەوەی کورد لە مووسڵ و کەرکوک بە ئیرادە و دەنگی خۆیان ڕێککەوتننامەی لۆزانیان هەلاهەلا کرد.
لە چەند ڕۆژی داهاتوودا سەرجەم پێکهاتە و لایەنە عێراقی و کوردستانییەکان بە پێی ئەو ئەنجامانە هەڵوێستی خۆیان نیشان دەدەن. ئێمەی کورد پێویستە ئاگاداری ئەوە بین کە هێرشەکان بۆ سەرمان زیاتر دەبن، ئەوان دەیانەوێت ناوماڵی کورد تێکبدەن و بەشیوەی جۆراوجۆر پەلاماری کوردستان دەدەن. لەوپەیوەندییەدا پێویستە کورد یەکگرتوو بێت.
دوای دەرئەنجامی ئەو هەڵبژاردنانە و تێکچوونی سیاسەتی عێراق بۆ بچووک کردنەوەی قەوارە و پێگەی هەرێمی کوردستان، دەستبەسەرداگرتنی داهاتی نەوتی کوردستان، کێشەی مووچە و هتد…، عێراق هەوڵدەدات چالاکانەتر دژایەتی کوردان بکات، چوونکە بێگومان بەم ئەنجامانە سیاسەتی عێراق لە دژی کوردان مایەپووچ بووە و ئیفلاسی کردووە.
کورد دەیهەوێت بۆخۆی چارەنووسی خۆی بەدەستەوە بگرێت
بەرزترین ڕێژەی بەشداریی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە سەرانسەری عێراقدا لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان واتە لە ناوچەکانی ماددەی 140 بوون. ئەوانەی چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان کورد بوون. ئەوانەی لە کەرکووک چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان تەنها بۆ پشتگیری حزبەکەیان نەچوون بەڵکوو بۆ ئەوە ڕۆیشتوون و دەنگیان داوە کە کورد بۆخۆیان ئیدارەی خۆیان بکەن. بۆ دیاریکردنی چارەنووسی کورد بەدەست خودی کوردەوە بوو کە ڕۆیشتوون و دەنگیان داوە. چوونکە ئەو کوردانەی کە لەدەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەژین، باش دەزانن کە هەتا چارەنووسی کورد نەکەوێتە دەستی کوردان و هەتا حوکومڕانییەکی کورد نەبێت، زوڵم و ستەم و نادادپەروەریی هەر بەردەوام دەبێت.
نەتەوەی کورد دەیهەوێت کە پیشێلکردنی مافە نەتەوەییەکانیان تەنها لەبەر کوردبوون و دوورخستنەوەیان و پەراوێزخستن و دوورخستنەوەیان لە ئەرکە حکوومەتیەکان، ڕێگری کردن لە خویندن بە زمانی دایکی و زگماکی خۆیان ئیدی کۆتاییان پێبێت و مافی ئەوەیان هەبێت کە بۆخۆیان خۆیان بەڕیوە ببەن بڕیار لەچارەنووسی خۆیان بدەن.
کەمینەکان و پێکهاتەکانی دیکە لەگەڵ کورد
خاڵێکی تری گرنگ لەم هەڵبژاردنەدا ئەوەیە کە بەشێک لەو عەرەب و ئاشووری و تورکمانانەی لە ناو سنوورەکانی کوردستاندا دەژین، بە دەنگی خۆیان ڕایانگەیاند کە ئێمە دەمانهەوێت لەژێر ئیدارەی کورداندا بژین.
هەموو گوندە عەرەبییەکانی مەخموور دەنگیان بە پارتی دیموکرات داوە. هاووڵاتیانی عەرەب بە ڕۆژنامەنووسانی تەلەفزیۆنەکانیان دەگوت: “کورد دادپەروەرترە، خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش دەکات، ئێمە خزمەتگوزاری وەکوو هەولێرمان دەوێت”.
عیرفان کەرکووکی سەرۆکی پارتی گەلی تورکمانی کەرکووک دوای کردنەوەی سندووقەکان گوتی: “ئەگەر کورد لە کەرکووک دەسەڵات بەدەستەوە بگرن، ئێمە وەکوو برا پێکەوە دەژین”.
پێویستە کورد یەکگرتوویی خۆی بنیات بنێت
بەم هەڵبژاردنانە کورد ئەو دەرفەتەی بۆ ڕەخساوە کە شێوازی ئیداری لە عێراقدا بگۆڕێت. بەڵام ئەم دەرفەتە تەنها بە یەکگرتوویی و یەکڕیزیی راستەقینەی کوردان دەستەبەر دەبێت. ئەگەر هاوشێوەی ئەوەی کە خەڵکی کەرکووک کردیان، ئیرادەی سیاسیی کورد کە لەژێر ئاڵای کوردستاندا کۆ بکرێتەوە، بێگومان داهاتوویەکی گەش چاوەڕوانی کورد دەکات. لە ڕاستیدا براوەی سەرەکیی هەڵبژاردنەکە، یەکگرتوویی کوردان بوو.