محەممەد سەلیم چوروککایا لەبەرچی و چۆناوچۆن لە پەکەکە جودا بوویەوە؟ ـ 11

محەممەد سەلیم چوروککایا لەبەرچی و چۆناوچۆن لە پەکەکە جودا بوویەوە؟ ـ

 ئۆجەلان: “ئەو ڕۆژەی کە بەندەکانم لێم تێبگەن، کاری من تەواو بووە. تا ئەو کاتەی کە لێم تێناگەن، بەردەوامی بە سەڵتەنەتم دەدەم. هەر خۆی خوداکان بوون بە خودا، چوونکە مرۆڤەکان لێیان تێناگەن. هەرکاتێک لێیان تێگەیشتن، خوداوەندبوونیان کۆتایی پێدێت. دۆخی منیش هەروایە”.

محەممەد سەلیم چوروککایا، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکەیە. چوروککایا رۆژنامەنووس، سیاسەتوان و نووسەرە و لەسەر نیشتمانپەروەری و هزری کوردایەتی، ماوەی 11 ساڵ لە زیندانە جیاجیاکانی تورکیە لە دۆخێکی هەرە دژواردا بەرگریی کرد و قەد تەسلیم نەبوو. کاتێک کە لە زیندان ئازاد بوو روو دەکاتە چیا و پەیوەندیی بە عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دەکات. کاتێک کە لە زیندان ئازاد کرا و گەڕایەوە ناو پەکەکە، بینی کە لەناو پەکەکەدا زۆر شت بوونەتە یاسا و ئەمیش ناڕازی بوو. بەڵام نەیدەتوانی ناڕەزایەتیی خۆی بە ئاشکرا دەرببڕێت. چوونکە ئاشکرا کردنی ناڕەزایەتیەکانی بە واتای دژایەتی کردنی ئۆجەلان دەهات و بێگومان ئەوەش دەرئەنجامەکەی بۆ چوروککایا دەبووە ئەوە کە تۆمەتی خیانەتکار بوونی دەدرایە پاڵ و دواتریش تەسفیە دەکرا. بەو هۆیەوە چوروککایا بڕیاری هەڵاتنی لە پەکەکە دا و وازی لەو حیزبە هێنا و بە نووسینی کتێبێک لەژێر ناوی “ئایەتەکانی ئاپۆ”، هەوڵیدا راستییەکانی ئۆجەلان و پەکەکە بۆ گەلی کوردستان و جیهان ئاشکرا بکات.

لەو کتێبەدا دەردەکەوێت کە پاش ئەوەی لە پەکەکە هەڵدێت، بۆ ئەوەی بتوانێ خۆی بگەیەنێت بە ئورووپا تووشی زۆر تەنگ و چەڵەمە دەبێتەوە، لە لوبنان بە بێ پارە و پاسپۆرت ناچار دەبێت لە شەقام و کۆڵانەکانی بەیرووتدا بمێنێتەوە. زۆرجاران لە خەیاڵی خۆیدا، کۆمەڵێک پرسیاری گرینگ دەخوڵقینێت کە مرۆڤ پێیوایە ئەگەر بەڕاستی لەلایەن پەکەکەوە بگیرابایە، عەبدولڵا ئۆجەلان هەمان ئەو پرسیارانەی لێی دەپرسی. ئێمە هەوڵ دەدەین لە چەند نووسینێکدا باسی هێندێ لە هۆکارەکانی جیابوونەوەی چوروککایا لە پەکەکە و هەڵوێست و بریارەکانی ئۆجەلان بکەیەن کە نووسەر لە کتێبی “ئایەتەکانی ئاپۆ”دا ئاماژەی پێداون.

لە ڕوانگەی محەممەد سەلیم چوروککایاوە، ئۆجەلان چۆن لەو کۆمەڵگەیە دەڕوانێت کە دەیهەوێت بنیاتی بنێت؟

ئۆجەلان:

“کۆمەڵگەی یەک دەنگ لە کۆمەڵێک کەس پێکدێت کە لە کۆیلە سووکتر کرابنەوە و کرابن بە بەندە. من ئەوانە دەزانم، بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەیەکی لەو شێوەیە زۆر ئاسانە، مێگەلە، بەڵێ مێگەلە! یەکەمجار هاوشێوەی مەڕ دروست دەکەم، ئەو جۆرانە کۆ دەکەمەوە و دەبن بە مێگەل. گۆچانێک دەگرم بەدەستمەوە و پێش دەکەوم. من لە پێشەوەو ومێگەلەکەم  لە دوامەوە، گەر گوتم بۆ لای ڕاست، ئەوان دەچن بۆ لای ڕاست و ئەگەر پێیان بڵێم بۆ لای چەپ، ئەوان دەچنە لای چەپ. چیە، ئایا من شتێکی خراپ دەکەم؟ ئەوەش گشتگیرییە! کاتێک بەندەکانم ئایەتەکانم دەخوێننەوە مەست دەبن. خۆم بە خۆم دەڵێم باشە، مرۆڤ دەبێتە مەڕ، دەبێتە گا، کەر دەبێت، بەڵام بەو ڕادەیە نا. چوونکە ڕووبەڕوو جنێو بە پیاوەکانم دەدەن، شاگەشکە دەبن”.

“کاتێک محمد جەلال بۆجاک لە کۆندا لە گرێ سۆر بە یەکێکی گوتبوو: “سەگە”، پیاوەکە زۆر دلخۆش ببوو، هەرکەسێکی دەبینی دەیگوت “ئەمڕۆ ئاغا پێی گوتووم سەگە”. ئەوانەی ئێمەش ڕێک لەو پیاوە دەچن، واتە ئەوە کێشەیەکی کلتوورییە. لە ئاکادیمیای ئێمەدا، ئیسماعیل ناوێکی باشووری هەبوو کە تەمەنی نزیکەی 32 ساڵ دەبوو، کاری کامێرای بۆ ئێمە دەکرد. هەموو ڕۆژێک پێم دەگوت کەری کەرباب، کەچی ئەو دڵخۆش دەبوو. بە بەندەکانی خۆم دەڵێم “کوڕی ماکەر”، تیئۆری بۆ ئەوە دادەڕێژم و دەیسەلمینم کە چۆن ئێوە “کوڕی کەرن”. ئەوەی کە من شرۆڤەی دەکەم، ئەوان وەکوو وانە دەیخوێنن. ئەوەیە شێوازی ڕابەرایەتی”.

“لە شێوازی بەندەکان، وشەی جنێو نادۆزیتەوە، بیستوومە کە هەندێک کەس خۆیان ناناسن. کاتێک لە ئایەتەکانم، جنێوەکانیان خویندۆتەوە دەم و چاویان گرژ کردووە، دەستگیرم کردن و دادگاییم کردن. ئەوانەی بە کۆیلەم کردن، هێرشیان کردە سەر ئەوانە. ئەگەر ڕێگام دابا، یەکێکیان دەکوشت. بەڵام ڕێگریم کرد. ئیستا ئەگەر من بەو جۆرە نەبم کە باسم کرد، ئەو شەڕەی دەیکەن ئایا بەرەو سەرکەوتن دەچێت؟ ئەگەر من نەبووبام، بەندەکانم تەنانەت یەک ڕۆژیش لە بەرانبەر دوژمن خۆیان نەدەگرت. منم کە پەروەردەی ئەوان دەکەم، منم کە چەکەکان و فیشەکەکان دابین دەکەم، منم دەیانگەیەنمە چیا. دەچن لەوێ لەسەر ئەو ئامادەکاریانەی من کردوومە، دادەنیشن! باشە بێ قیمەتینە من پێم گوتن بڕۆن وا بکەن؟ لێم تێناگەن! لەلایەکیشەوە لە من نەگەیشتنیان زۆر باشە، پێمخۆشە کەسێکی وابم کەس لیم تێنەگات. لە ئێوە زیاتر ئەوە بە کەس ناڵێم. بۆیە بە ئێوە دەڵێم چوونکە ئێوە مردوون، ناتوانن بۆ کەسی باس بکەن. ئەو ڕۆژەی کە بەندەکانم لێم تێبگەن، کاری من تەواو بووە. تا ئەو کاتەی کە لێم تێناگەن، بەردەوامی بە سەڵتەنەتم دەدەم. هەر خۆی خوداکان بوون بە خودا، چوونکە مرۆڤەکان لێیان تێناگەن. هەرکاتێک لێیان تێگەیشتن، خوداوەندبوونیان کۆتایی پێدێت. دۆخی منیش هەروایە، بۆیە هەموو شتێکی سەیروسەمەرە دەکەم تا لێم تێنەگەن. بەڵام سەرەڕای ئەوانەش، ئی وا هەیە کە لێم تێدەگات. من کاتێک دەزانم کە ئەوان لێم تێگەیشتوون، بەر لەوەی کە ئەوان هیچ بکەن، دەکەومە جووڵە، ئەو ڕێگایانەیان دەخەمە بەردەم کە هیچکەس قبووڵیان ناکات. لەو دۆخەدا یان هەڵدێن، یان خۆیان دەکوژن، یان لەلایەن ئێمەوە دەکوژرێن”.

پوستێن ھەمان بەش