ئەل ـ مۆنیتۆر: واشنتۆن لە ڕێی پێشوازیكردن لە مەسرور بارزانی، پەیامی بە ئێران و عێراق دا

ئەل ـ مۆنیتۆر: واشنتۆن لە ڕێی پێشوازیكردن لە مەسرور بارزانی، پەیامی بە ئێران و عێراق دا

”دادگای فیدڕاڵی كەرەستەیەكی كاریگەری ئێرانە بۆ كۆتاییهێنان بە فیدڕاڵیەتی عێراق“

پێگەی (ئەلمۆنیتۆر) رای دەگەیەنێت، واشنتۆن بە پێشوازیكردنی لە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامی ئەوەی بە ئێران و دەسەڵاتدارانی عەرەبی شیعەی عێراق دا، كە دەستبەرداری عێراق نابێت بۆ ئێران.

ئەو پێگە ئەمریكییە لە راپۆرتێكدا بە ناونیشانی (ئیدارەی بایدن پاڵپشتیی هەرێمی كوردستانێكی خۆڕاگر دەكات) كە (ئەندرۆ پاراسیلیتی) ئامادەی كردووە، ئاماژەی بەوە داوە: ”ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە میانی كۆبوونەوەكەی ڕۆژی دووشەممەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، رای گەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكان پاڵپشتیی هەرێمی كوردستانێكی نەرم دەكات و هەرێمەكە بە (بەردێكی گۆشە – حجر الزاوية) لە پەیوەندییە دینامیكییە فراوانەكانی لەگەڵ عێراق دەبینێت.“

ڕوونیشی كردۆتەوە: ”(بەردی گۆشە و خۆڕاگری) ئەو دەستەواژە دیپلۆماسییانە نین كە ئێمە پێی ڕاهاتووین، ئەمەش مانای وایە كە لە ڕێگەی ئەم دەستەواژانەوە ئاماژەیەك دەنێرن، دەیانەوێ بڵێن كە واشنتۆن پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، هەروەها سازشیش لەسەر عێراق ناكات بۆ ئێران.“

هەر لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەوە دراوە كە دۆخەكە بە ئاستێك گەیشتووە كە خەریكە ئەمریكا بە شێوەیەكی قۆناغ بە قۆناغ، عێراق لەدەست بدات و هەژموونی ئێران بەسەر هەموو عێراقدا بسەپێت، بە تایبەتیش پاش ئەوەی كە چوارچێوەی هەماهەنگیی عەرەبە شیعەكان حكوومەتی تازەی لە عێراق پێكهێنا، تەنانەت لەم دواییانە داوایان كردووە كە هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بكشێنەوە.

ئەلمۆنیتۆر ئاشکراشی کردووە كە ئێران پلانێكی داناوە بۆ كۆتاییهێنان بە هەرێمی كوردستان و نەهێشتنی سیستەمی فیدڕاڵی لە كاتێكدا دەستووری عێراق بڕیاری لەسەر داون، ”دادگای فیدڕاڵیش یەكێكە لە كەرەستە كاریگەرەكانی ئێران بۆ جێبەجێكردنی ئەم ستراتیژەی ئێران، لەم ڕوانگەیەشەوە دادگاكە بڕیاری لە دژی دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان و بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان داوە.“

پوستێن ھەمان بەش