ڕۆژی شەهیدانی پەکەکە و شانۆی شەهیدان

ڕۆژی شەهیدانی پەکەکە و شانۆی شەهیدان

بەداخەوە شەهید بۆ پەکەکە بۆتە دەروازەی ئیستغلال و مشەخۆری و ڕۆژ و مانگی شەهیدان بۆ پەکەکە تەنها شانۆگەریە و یاریی پێوە دەکات.

هەرچەندە چەمکی شەهید و شەهیدبوون لە ئیسلامدا سەریهەڵداوە، بەڵام گەل ئەو کەسانە کە لە شەڕی سەربەخۆیی نەتەوەکەیاندا، گیانیان بەخت دەکەن، بە شەهید ناو دەبەن. واتا ئەو کەسانەی کە لە پێناو دۆزی پیرۆزی کۆمەڵگەدا گیانیان بەخشیوە بە پێی بەهاکانی هەموو گروپە کۆمەڵایەتییەکان بە شەهید دادەنرێن. چەمکی شەهادەت لە مێشکی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پیرۆزە و نیقاش کردنی شەهیدان وەکو کوفر سەیر دەکرێت. زۆرجار کۆمەڵگە لە دەوری ئەم چەمکە هان دەدرێت یانیش بەم چەمکە بەلاڕێدا دەبرێت.

چەمکی شەهادەت لە نێو نەتەوەی کورددا چەمکێکی گرنگە. لەبەرئەوەی کوردستان وڵاتێکی داگیرکراوە، هەموو هەوڵەکان لەدژی داگیرکەران، گیانفیدایی و گیانبازییان پێویستە. بۆیە لە هەموو جۆرە بەرخۆدانێکدا دژ بە داگیرکاری، کەسێک گیانی لەدەست بدات وەک شەهید پێناسە دەکرێت. بەڵام هەروەکوو هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، لە ناو کوردانیشدا کەسانێک پەیدا دەبن کە پیرۆزی شەهادەت ئیستیغلال دەکەن و لە ڕێگای چەمکی شەهیدانەوە سەرجەم کۆمەڵگەکە ئیستیغلال دەکەن. پەکەکە پیشەنگایەتی ئەو ئیستیغلال کردنە دەکات.

پەکەکە مانگی ئایاری بە “مانگی شەهیدان” و ڕۆژی 18ی ئایاری وەکوو “ڕۆژی شەهیدان” ڕاگەیاندووە.   چونکە 18ی ئایار ڕۆژی گیانلەدەستدانی “حەقی قەرار” یەکێک لە ئەندامە یەکەمەکانی گرووپی ئایدیۆلۆژی بووە. بۆ پەکەکە، ئیستغلالکردنی شەهیدان بوارێکی گەورەی قازانج و سوودمەندبوونە. لە پەکەکەدا هیچ پێوانەیەک بۆ شەهادەت بوونی نییە. پەکەکە هەرکەسێک بیهەوێت لە هەرکاتێکدا کە پێی باش بێت وەکوو شەهید قبوڵ دەکات، هەرکاتێکیش بیهەوێت شەهید وەکوو خائین-ئاژان ڕادەگەیەنێت. پەکەکە بۆخۆی هەندێک لە فەرماندەکانی دەکوژێت و دواتر بە شەهید ڕایاندەگەیەنێت.   تەنها لە سەدەی بیستەمدا نیو ملیۆن کورد شەهید بوون، کەچی پەکەکە تەنها شەهیدەکانی خۆی وەک شەهید قبوڵ دەکات و دەڵێت شەهیدانی من لە هەموو شەهیدەکان شەرەفمەندترن و وەکوو “شەهیدی شەهیدان” ناویان دەبات.

ئێوە دەبینن و دەزانن لەم چەند ساڵەی دواییدا پەکەکە گرتەی ڤیدیۆیی کچ و کوڕی گەنجی کورد بڵاودەکاتەوە کە هەر لە تەمەنی منداڵیدا بەکوشتینا دەدات و گۆرانییان بەسەردا هەڵدەڵێت. لەکاتێکدا کە لێی مسۆگەرە گیانیان لەدەست دەدەن، ئەوان ڕەوانەی شەڕی خەندەقەکان و تونێلەکان دەکات. ڤیدیۆی ئەو گەنجانە لە کاتی شەهیدبوونیاندا بڵاودەکاتەوە و شانۆی “سیاسی – ڕێکخراوەیی”یان لەسەر دەنووسێت. لە ڕاستیدا شەهید گەورەترین چەکی دەستی پەکەکەیە بەرامبەر بەو کەسانەی کە ڕەخنە لە پەکەکە دەگرن. پەکەکە بۆ بێدەنگکردنی خەڵک پێویستی بە شەهید هەیە. کاتێک شەهید نەما، پەکەکەش وەکوو بزووتنەوەکانی دیکەیە و بەبێ هیچ بابەتێکی ئیستغلال دەمێنێتەوە. ئەوەی جیاوازی دەکات شەهیدەکانیەتی. بۆیە پەکەکە چەمکی شەهید بۆ بەرژەوەندی ڕێکخراوەکەی بەکاردەهێنێت، نەک بۆ هێڵێکی وڵاتپارێزی- نەتەوەپەروەری و ئازادیخوازی.

بەڵام پەکەکە حەقی قەراری کردە ناوەندی چەمکی شەهادەت. ئەم هەڵوێستەی پەکەکە سووکایەتییەکی گەورەیە بە حەقی قەرار و گەلی کورد. یەکەم: نیشاندانی کەسێکی تورک وەک پێشەنگ بۆ شەهیدانی کورد، بەشێک لە سیاسەتی ئۆجەلانە بۆ فیداکردنی کورد لە پێناو دامەزراندنی کۆماری تورکیادا. لە مێژوودا هەموو شتێک لە کورد وەرگیراوەتەوە و نەتەوەی کورد مەحکوم بە کۆلۆنیالیزم کراوە. بۆ دەبێت لەسەر هێڵی تورکان بمرێت، ئایا کوردێک بوونی نەبوو؟ کاتێک دەڵێین پێناسەکردنی حەقی قەرار وەکوو پێشەوای شەهیدان هەڵەیە، مانای ئەوە نییە حەقی کەسێکی خراپ یان ئاژان بووە، نەخێر داکۆکیکردن لە حەقی قەرار وەکوو پێشەنگی شەهیدان لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە دەیانەوێت کوردستان بکەنە پاشکۆی سیستەمی تورکایەتی.

لەخۆیدا حەقی قەرار کەسێکە کە لە دژی ئۆجەلان هەڵوێستی وەرگرتووە. ئەوەی کە حەقی قەراری کوشت خودی پەکەکەیە. ئەوانەی دەیانەوێت وردەکاریی گیانلەدەستدانی حەقی قەرار بزانن، دەتوانن ئەم بابەتە بخوێننەوە:

راستیی کوژرانی حەقی قەرار چۆنە؟

حەقی قەرار لەبەر ئەوەی کە هەڵوێستی بەرامبەر ئۆجەلان هەبوو و ڕەخنەی لێگرت و بە پەیوەندی ئۆجەلان لەگەڵ دەوڵەتی تورکی زانیبوو، لەلایەن پەکەکە کوژرا. ئەگەر مێژووی ڕاستەقینە بخوێنینەوە دەبینین دەیان کەس دەڵێن ئۆجەلان حەقی قەراری کوشتووە. یەکێک لەو ڕەخنەگرانە، “کامەر ئۆزکان” بوو. ئەو یەکێک بوو لە 5 کەسە پێشەنگەکەی پەکەکە، لەو کاتەدا هەڵوێستی لە دژی ئۆجەلان گرتەبەر و خۆی لە پەکەکە دوور خستەوە، بەڵام پەکەکە لە پیلانێکدا لە دێرسیم لە ساڵی 1993دا کوشتی.

یەکەمین شانۆگەریی گەورەی پەکەکە، تیرۆرکردنی حەقی قەرار بوو. ئەویان بەکوشتندا و پاشان هێرشیان کردە سەر ڕێکخراوێک بە ناوی بێش پارچەچی-ستێرکە سۆر و ئیدیعای ئەوەیان کرد تۆڵەی حەقی دەستێننەوە. پەکەکە ئەو ڕێکخراوە کوردیەی بە ئاژان ناساند و هەر بەو هۆیەشەوە “عەلائەدین کاپلان”ی سەرۆکی ئەوکاتی ڕێکخراوەیان شەهید کرد. لە ڕاستیدا نە ستێرکا سۆر و نە “عەلائەدین کاپلان”، قەد قەد ئاژان نەبوون. ئەو کەسانەی عەلائەدین دەناسن دەڵێن عەلائەدین کاپلان پیاوێکی هەژار و فەقیر بووە. بە واتایەکی تر پەکەکە بۆ پەردەپۆش کردنی جینایەتەکی ئەو کوردە هەژارەی وەک ئاژان ڕاگەیاند. پوختەی مێژووی 40 ساڵەی پەکەکە ئەمەیە: سەرەتا بکوژە و دواتر وەکوو شەهید ڕایبگەیەنە و پاشانیش هەستن و بە ناوی تۆڵەسەندنەوەوە، پەلاماری کوردانی دیکە بدەن.

بەداخەوە شەهید بۆ پەکەکە بۆتە دەروازەی ئیستغلال و مشەخۆری. ڕۆژ و مانگی شەهیدان بۆ پەکەکە تەنها شانۆگەریە کە یاریی پێوە دەکات.

Share