راستیی کوژرانی حەقی قەرار چۆنە؟

حەقی قەرار بووە قوربانیی ئەو نووسراوەیەی کە بۆ ئۆجەلانی نارد، کوشتنی حەقی قەرار بەواتای لەناوبردنی شاهید و نەهێشتنی بەڵگە دێت.
ماوەی چەند رۆژێکە راگەیاندن و بەڕێوەبەرایەتیی پەکەکە باس لەسەر حەقی قەرار دەکەن و وەکوو یەکەم شەهیدی پەکەکە دەیناسێنن و هەروەها دەشڵێن “بۆ یادکردنەوەی حەقی قەرار قۆناغی دامەزراندنی پەکەکە پێشخرا”. بەڵام راستییەکە پێچەوانەی ئەوەیە کە ئەوان باسی دەکەن، چوونکە لە راستیدا حەقی قەرار بەدەستی خودی پەکەکە کوژرا.
چیرۆکی کوژرانی حەقی قەرار بەمجۆرەیە:
هەموو کادرەکانی پەکەکە لە ساڵی 1976دا هاتنە کوردستان. بارودۆخەکە بۆ دەسپێکی خەبات لە کوردستان لەبار نەبوو. قەیرانی ئابووری هەبوو. پێویست بوو عەبدوڵا ئۆجەلان، بهاتبایەتە کوردستان، بەڵام لە ئەنقەرە دەرنەدەچوو. 3 ئەندامی ناوداری میتی ناو پەکەکە بە ناوەکانی، کەسیرە یلدرم (ژنی ئاپۆ)، پیلۆت (نەجاتی کایا) و عەبدولڕەحمان پۆڵات لەگەڵ ئۆجەلان لە ئەنقەرە دەژیان. پیلۆت پارەی وەردەگرت و بە باشی چاودێریی ئەو گروپەی دەکرد کە لە ئەنقەرە دەمانەوە. باسی ئەوەی کە پیلۆت سیخوڕە بە ئاشکرا دەکرا. وەکوو دیکە، پەیوەندی کەسیرە لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلاندا ببووە بابەتی گفتوگۆ.
ئیدی هەمووکەس پێیوابوو کە پێویستە ئۆجەلانیش بێتە کوردستان، بەڵام ئاپۆ دەیویست مانەوەی لە ئەنقەرە درێژتر بکاتەوە. دواتر ئۆجەلان بە ناوی گەڕانەوە بۆ کوردستان لە ئاگریەوە دەست پێ دەکات و سەردانی هەموو شوێنەکان دەکات. بێگومان لەسەرجەم گەڕانەکانیشیدا پیلۆتیشی لەگەڵ بوو.
ئۆجەلان لە دیلۆکە، بەڵام حەقی قەرار تووڕەیە
کۆتا شوێنی ڕاوەستانی گەشتەکەی ئاپۆ دیلۆکە. کات: حەفتەی یەکەمی گوڵانە. یانی حەفتەیەک پێش ئەوەی کە حەقی قەرار بکوژرێت. حەقی قەرار و کۆمەڵێک هەڤاڵی لە دیلۆک بوون. حەقی قەرار، بۆزان ئەسلان، محەمەد ئۆزون، عەلی یایلاجک، ئەحمەد بالی، ئەو گرووپەی حەقی قەرار بوون کە بە حەماڵی دەژیان و هەوڵیاندەدا کە حیزب لە دیلۆک جێگیر بکەن و لە دیلۆک زۆر گەنجیان ڕێکخستبوو. هەموو خەباتکارەکان لاوە کرێکارەکان بوون.
کۆبوونەوەی بەڕێوەبەری دەگیرێت. حەقی قەرار و هەڤاڵەکانی کە لە سەرەوە باسمان کردن، بەڵگەیەکی نووسراو دەدەنە عەبدوڵا ئۆجەلان و تێیدا دەڵێن کە بڕیارێکی هاوبەشیان هەیە. لە بەڵگەکەدا بەم شێوەیە دەگوترێت:
1ـ پێویستە هەڤاڵ عەبدوڵا بە زوترین کات لە ئەنقەرە دەرچێت و بێتە کوردستان.
2ـ ڕۆیشتنی لەگەڵ سیخوڕێکی وەکوو پیلۆت قەبووڵ ناکرێت، پێویستە پیلۆت لە کەمترین ماوەدا لە حیزب دەربکرێت.
3ـ قەبووڵ ناکرێت کە فاتمە (کەسیرە یلدرم) و هەڤاڵ عەبدوڵا لە ئەنقەرە لە هەمان ماڵدا پێکەوە بن. بنەماڵەی فاتمە پەیوەندیان لەگەڵ میتدا هەیە و دوور نیە کە فاتمەش میت بێت. وەکوو دیکە، پێویستە پەیوەندیی لەوشێوەیە لەگەڵ فاتمە کۆتایی پێبێت.
تاوانی یەکەم، ئازایەتی یەکەم و تۆڵەسەندنەوەی یەکەم
ئۆجەلان ئەو نووسینە وەردەگرێت. نووسینەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئۆجەلان لەسەر ئەوە بە تاوانبار دادەنرێت کە بە هاوڕێیەتی لەگەڵ سیخوڕەکاندا سەردانی کوردستانی کردووە. حەقی قەرار کەسێکە کە لە ناو حیزبدا خاوەن پێگەیەکی گەورەیە. ئۆجەلان بیر لە ناسنامەی خۆی دەکاتەوە کە ئاشکرا بێت. بۆیە دەنگ ناکات، دەڵێت لە زووترین کاتدا دەگەڕێمەوە. ئۆجەلان دەڕوات و حەقی قەرار تەنها 10 ڕۆژ دوای بینینی ئۆجەلان، کاتێک کە دەچێت بۆ دیدارێک لە ڕێگادا بەشێوەیەکی گوماناوی دەکوژرێت.
شێوەی کوشتنی حەقی قەرار لە مێژووی پەکەکەدا تەواو بە شک و گومانەوە باسی لێوە دەکرێت. دەڵێن: “ئەو چوو بۆ دیدارێک و گروپێک بە ناوی ستێرکا سۆر ئەویان گوللـەباران کردووە”. بەو پێیە، ئەو کەسانەش کە ئەو نووسینەیان داوەتە ئۆجەلان، بە رووداوی کوشتنی حەقی قەرارەوە گلان و پەکەکە گوتی ئەوان لەگەڵ ئەو کەسانە لە دژی حەقی قەرار کۆمپلۆیان ئەنجام داوە هاوکاریان کردووە. بەڵام، دواتر، جەمیل بایک لە گێڕانەوەکانیدا لەسەر مێژووی پەکەکە دەڵێت: “ئەوانەی کە حەقی قەراریان کوشت یەک دوو گەنج بوون، ئەو بکوژانە لە لایەن ژنێکی پۆلیسەوە ئەرکدار کرابوون.”
لە ڕاگەیاندنی فەرمی پەکەکەدا، بە گوتنی رستەی “ئەو کەسانەی حەقی قەراریان گولـلە باران کرد”، دەیهەوێت وێنایەک بخاتە سەر ئەو رووداوە و وا نیشان بدات کە حەقی قەرار لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەست داوە. بەڵام، ڕاستییەکە بەو شێوەیە نیە کە پەکەکە باسی دەکات و لە شوێنی رووداوەکەدا حەقی قەرار تەنها گولـلەیەکی بەرکەوتبوو. لەڕاستیدا حەقی قەرار لە نەخۆشخانە و بەهۆی لێکردنەوەی سیرۆمەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
لە راستیدا، کوشتنی حەقی قەرار بە واتای لەناو بردنی شاهید و نەهێشتنی بەڵگە دێت. حەقی قەرار بووە قوربانیی ئەو نووسراوەیەی کە بۆ عەبدوڵا ئۆجەلانی نارد.
سەرجەم هەڤاڵەکانی حەقی قەرار، کە ئەو نووسینەیان دایە دەستی ئۆجەلان و سەرجەم خەباتکارانی پەکەکە لە دیلۆک وا بیر دەکەنەوە: حەقی قەرار لەلایەن ئۆجەلانەوە لەناو برا، پەکەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵی میت دایە.
هەموو دڵسۆز و خەباتکارانی دیلۆک لە پەکەکە جیا دەبنەوە. زۆربەی هەرە زۆریان کوردستانیان بەجێهێشت. چاوی هەموویان لە ئۆجەلانە. بێگومان ئەو کات کەرەستەکانی پەیوەندی کردن و بڵاو کردنەوەی زانیاری و هەواڵی رووداوەکان زۆر بەرتەسک بوون، هەربۆیە ناوچەکانی دیکە لەو ڕووداوە زوو ئاگادار نابن. ئۆجەلان لەسەر ئەو ڕووداوە سیناریۆیەک ساز دەکات و دەڵێت: سیخوڕ لەناو ئێمەدا هەیە، دەوڵەت دەیهەوێت ئێمە لەناو ببات، بزووتنەوە و حیزبەکانی دیکە دەیانهەویت ئێمە لەناو ببەن. ئۆجەلان، ئەو 4 کەسەی کە لەگەڵ حەقی قەرار نووسینەکەیەن پێ داوە وەکوو سیخوڕ ناو دەبات و ئەو 4 کەسەش کە ماون لەناو یەک بۆ دوو مانگدا لە لایەن ئەندامانی پەکەکەوە لە ناوچەکانی دیکەدا دەکوژرێن.
پەکەکە تووشی تێکشکانی گەورە دەبێتەوە. بەشیکی بەرچاو لە کادر و جەماوەرەکەی بەو ئاکامە دەگەن کە پەکەکە بزووتنەوەیەکی سیخوڕییە. کەسێکی وەکوو کامەر ئۆزکان کە لەناو گروپی یەکەمی ئۆجەلاندا بوو، وازی لە حیزبەکەی هێنا. بەڵام ئاپۆ دوای 17 ساڵ ئەو کامەر ئۆزکانەی کە لە ساڵی 78 بەملاوە بێ پسانەوە لە چیاکان بوو، لە ساڵی 1993دا لەگەڵ “د. باران”ی هاوڕێیدا لە دێرسم کوشتنی.
پڕۆژەی دەوڵەت کە کورد ـ کورد بکوژێت دەستی پێکرد
بە کورتی، پەکەکە و ئۆجەلان یەکەمین گولـلەیان بە رووی هەڤاڵی خۆیان واتە “حەقی قەرار”ـەوە تەقاند. دواتر گولـلەکانیان لەو کەسانە دا کە دەیانویست کوشتنی حەقی قەرار ڕوون بکەنەوە.
لەگەڵ هاویشتنی یەکەم فیشەکدا، کۆدی ژێنێتیکی پەکەکەش شکڵی گرت، فیشەکی یەکەم لە دژی کوردانە و دواتریش، پەکەکە قەد دەستی لە کوشتنی کوردان هەڵنەگرت. فەرهاد ئوزوون هەتا سەمیر، لە لاما باکس هەتا گوڵان گارزان، لە حیکمەت فیدان هەتا پێشمەرگەکانی کوردستان… و هتد. ئیدی پەکەکە لەبەر بەرژەوەندییەکانی خۆی دەستی بە کوشتنی کوردان کرد و ئێستاشی لەگەڵدا بێت هەروا بەردەوامە. لە راستیدا پەکەکە بەقەد دەوڵەتی تورک، کوردی کوشتووە.