ژن لەناو پەکەکەدا ـ 7

ژن لەناو پەکەکەدا ـ 7

 “دوای ئەوەی بۆم دەرکەوت کە پەکەکە خزمەت بە دوژمنانی کوردستان دەکات و هیچی بۆ کورد و کوردستان ناوێ، وازم هێنا”.

نەوال کە یەکێک لەو کادرانەی پەکەکەیە وازی لە ڕێکخراوەکە هێناوە و ئێستا لە ئەوروپا دەژی، نهێنی هەندێک لە دیدارەکانی خۆی و ئۆجەلان لە سووریا ئاشکرا دەکات. نەوال دەڵێت: “لە ڕاستیدا ئۆجەلان کەسێکی نەزانە و ئێمە بۆخۆمان ئەوەندەمان گەورە کردۆتەوە. ئۆجەلان تەنها دەتوانێت کاریگەری لەسەر کەسانی نەزان دروست بکات”.

“ژن لەناو پەکەکەدا” ناونیشانی کتێبێکە کەوا “نەژدەت بۆڵدان” بە زمانی تورکی نووسیویەتی و لەلایەن “هۆشەنگ”ـەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی. “ژن لەناو پەکەکەدا” ساڵی 2022 بڵاو کراوەتەوە. لەو کتێبەدا بەسەرهاتی راستەقینەی 10 ژن بڵاو کراوەتەوە کە لە پەکەکە دابڕاون و “نەوال” یەکێک لەوانە. ئێمە لە زنجیرە وتارێکدا هەوڵ دەدەین بە کورتی ئەو چیرۆکانە بۆ ئێوە خوێنەرانی بەڕێزی “دارکا مازی” بگێڕینەوە.

نەوال کچێکی خەڵکی شاری “وان”ی باکووری کوردستانە کە وەکوو هەزاران کچی دیکەی کورد لەژێر ناوی بەرخۆدان و کوردستانی شیریندا هەڵدەخەڵەتێت و تێکەڵ بە پەکەکە دەبێت. بەڵام نەوال هەر لە یەکەم ڕۆژەکانی تێکەڵبوونی بە پەکەکە، تووشی شۆکێکی گەورە دەبێت و هەر زوو لە واقعییەتی پەکەکە تیدەگات و بۆی دەردەکەوێت کە پەکەکە لەژێر ناوی کوردایەتیدا، دژایەتی کورد و کوردستان دەکات.

نەوال لە کۆتا بەشی دانپێدانانەکەیدا باس لە “ژنانی ناو سیستەمی پەکەکە” و هەروەها هەبوونی دوو جۆر پەکەکە دەکات، ئەویش ئەو پەکەکەیەی کە مرۆڤ گوێی لێدەبێت لەگەڵ ئەو پەکەکەیەی کە مرۆڤ تێیدا دەژی.

ئەو پەکەکەیەی کە گوێت لێدەبێ و ئەو پەکەکەیەی کە تێیدا دەژیت زۆر لێک جیاوازن

نەال دەڵێت: “پێش ئەوەی بچمە ناو پەکەکە، پێم وابوو پەکەکە دەناسم، بەڵام کاتێک پەیوەندیم بە پەکەکەوە کرد، بۆم دەرکەوت کە دوو پەکەکە هەن، ئەوی کە دەیبیستیت و ئەویش کە تێیدا دژیت. ئەو دوو پەکەکەیە زۆر لەیەکتر جیاوازن. من هەر زوو تێگەیشتم کە پەکەکە بەو سیاسەت و ئایدۆلۆژیایە کە هەیەتی ناتوانی خزمەتی کورد و کوردستان بکات و پەکەکە سەبارەت بە خەباتی نەتەوەیی کوردان و سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، هەڵەی زۆر گەورە و کوشندەی هەیە”.

ئەرکی ژنان لە پەکەکەدا خزمەتکردنی ئۆجەلانە

سەبارەت بە ڕۆڵ و پێگەی ژن لەناو سیستەمی پەکەکەدا، نەوال دەڵێت: “هیچ ڕێکخراوە و سیستەمێکی بە ئەندازەی ئۆجەلان و پەکەکە ستەمی لە ژنی کورد نەکردووە و هیچ لایەنێکیش بە ئەندازەی ئەوان ژنی کوردی ناشیرین نەکردووە. هەر بە هۆی ئەم دووڕوویەوە، سەدان کچ و ژنی کورد وازیان لە پەکەکە هێناو لێی جودا بوونەوە”.

نەوال دەشڵێ: “بەداخەوە هێشتا هێزی ژنان لەناو پەکەکەدا بە هەڵە بەکاردەهێنرێت، هەربۆیەشە کە هەتا ڕۆژی ئەمڕۆ خەباتی ژنان هیچ ئەنجامێکی بەدەستنەهێناوە”.

نەوال لەپەیوەندی لەگەڵ ئەو ئایدیۆلۆجیا و خەباتەی کە ئۆجەلان و پەکەکە بەسەر ژناندا فەرزیان کردوون، دەڵێت: “ئۆجەلان بۆ بەرژەوەندی خۆی پیلانی زۆر گەورەی دژی ژنانی کورد داڕشتووە و جێبەجیی کردووە. بە کورتی، جگە لە توندوتیژی و دەستدرێژیی شەخسی ئۆجەلان بەرامبەر بە هێندێک لە ژنان، وەکوو ڕێکخراوەیش لەباتی ئەوەی کە هێزی ژنان بۆ ئازادی کوردستان بەکار بهێنێت، لەدژی پیاوان بەکاری هێناوە و ئەمەش بە ئەنقەست و ئاگاهانە لە خولەکانی پەروەردەدا ئەنجامدراوە”.

زۆر ژن بوونەتە قوربانیی دەستی ئۆجالان

نەوال هەروەها دەستنیشانی کردووە کە ژن بەهۆی هێزەوە گرێ دەدارن بە ئۆجەلانەوە، چونکە لەناو پەکەکەدا تەنها ئۆجەلان بەهێز بوو و ژنانیش پشتیان بەم هێزە قایم دەکرد. بەپێی سیستەمی ئۆجەلان، دەبوو هەموو هێزی ژنان بۆ پاراستنی ئۆجەلان و پەکەکە بەکار بهێنرابا و هەروەها ئۆجەلان ژنی وەکوو ئامرازیک دژ بەپیاوان و بۆ بەهێزکردنی پێگەی شەخسی خۆی بەکار دەهێنا.

نەوال دەبێژێ: “بەکورتی ژنانێکی زۆر بوونە قوربانی ئۆجەلان و سیستەمی پەکەکە، لەناو پەکەکدا ژنان وەکوو ئامرازێک بۆ بەرژەوەندی تاکەکەسی و سیاسی بەکار دەهێنران، بەپێچەوانەی ئەوەی کە پەکەکە ئیدیعای دەکات، ژن لەناو پەکەکەدا زوڵم و ستەمێکی گەورەیان لێدەکرێت کە ئەوە هەتا ئێستاش بەردەوامە. بە چاوی خۆم زۆر شتم بینیوە کە چۆناوچۆن کێشەکانی نێوان ژن و پیاو لە بەرژەوەندی پیاواندا چارەسەر دەکران”.

من کاتێک وازم هێنا کە ئیدی بۆ سەلما پەکەکە خزمەتی دوژمن دەکات

نەوال دەڵێت: “من لە ساڵی 2001دا وازم لە پەکەکە هێنا و جودابوومەوە. من دوای ئەوەی هەستم کرد کە ئیدی پەکەکە خزمەت بە دوژمنانی کوردستان دەکات و هیچی بۆ کورد و کوردستان ناوێ، وازم لە پەکەکە هێنا”.

لە بەشەکانی دواتردا کۆمەڵێک نهێنی دیکەی ئۆجەلان و پەکەکە لە زمانی کادرێکی دیکە بە ناوی “پەلین” دەگێڕینەوە.

پوستێن ھەمان بەش