چەند تێبینی لەسەر مێژووی شەڕی پەکەکە

چەند تێبینی لەسەر مێژووی شەڕی پەکەکە

پەکەکە قەد نەیتوانی بە دروستی پێکهاتەی کۆمەڵگەی کوردی تەشخیس بدات، هەربۆیە نەیتوانی شێوازێکی گونجاوی خەباتیش پەرەپێبدات.

شەڕی چەکداریی پەکەکە کەوا لە 15ی ئابی 1984 بە هێرشەکانی ئەرووح- شەمزینان دەستی پێکرد، بۆ ماوەی 40 ساڵە کە بەردەوامە. کاریگەریی ئەو توندوتیژیەی کە بەهۆی پەکەکەوە خوڵقاوە، لەسەر مێژووی سیاسی و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی کورد، بابەتێکی شایستەی لێکۆڵینەوەیە. لە ڕاستیدا بۆ تێگەیشتن لە بارودۆخی ئێستای پەکەکە زۆر گرنگە بە شێوەیەکی دروست هەڵسەنگاندن و شیکردنەوەی واقیعی بۆ “دژواری – بەرخۆدان ـ شەڕ” کە هۆکاری هەبوونی پەکەکەیە، بکرێت. پێش هەموو شتێک پەکەکە پێکهاتن و گەشەسەندنی ڕێکخراوەیی خۆی قەرزداری توندوتیژییە. بەڵام ئەو تێڕوانینە توندوتیژەی کە پەکەکە خولقانوویەتی، گۆڕاوە بۆ ئەهریمەنێک کە ئەمڕۆ پەکەکە دەخوات. هەرچەندە ڕەنگە ئەمە وەک پارادۆکسێکی سەرنجڕاکێش دەرکەوێت، بەڵام ئەو ئامرازانەی کە پەکەکەیان دروستکرد، ئەمڕۆکە بوونەتە ئەو دیاردانەی کە پەکەکە لەناودەبەن. فاشیزمی توندوتیژیی ناو پەکەکە تاکە هۆکارێکە کە هەموو دەرفەتەکانی چارەسەری سیاسیی لەکیسدا. لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییە، ئەگەر بە کورتی هەڵسەنگاندن بۆ چەند پرسێک سەبارەت بە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووی شەڕی پەکەکە بکەین…

هەنگاوە سەرەتاییەکانی پەکەکە

ستراتیژی شەڕی پەکەکە دەکرێ وەک دەرئەنجامی شۆڕشە نەتەوەیی-کۆمەڵایەتییەکانی سەردەمی شەڕی سارد پێناسە بکرێت. لە ڕاستیدا کاتێک کە لێکۆڵینەوەی تەواو لە پلانی تەشکیلاتی پەکەکە و پێکهاتە سیاسی- ئایدۆلۆژی و سەربازییەکەی بکرێت، دەردەکەوێت کە هاوشێوەی ڕێکخراوە چەپە کلاسیکەکانە. بەبێ تێگەیشتنی دروست لە قۆناخەکانی دروستبوونی DNA ڕێکخراوەیی پەکەکە، ناتوانرێت بە وردی پێشبینی ئەم سەردەمەشی بکرێت. بۆیە دەبێت پاسۆردەکان (ژمارە نهێنییەکان) قۆناغی گرووپ و قۆناغەکانی دامەزراندنی حزبەکە و یەکەم کردەوەی توندوتیژی پەکەکە شی بکەینەوە. هەنگاوی یەکەمی بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکان زۆر گرنگن. هەنگاوە سەرەتاییەکان، نەک تەنها سەمبۆلێکن، بەڵکو هاوکات بۆ ئارمانج و هەدەفەکانی ئەو بزووتنەوەیە، وەکوو فیشەکی ئاماژەن. بۆ نموونه پەکەکە لهو چالاکییەی کە بۆ ڕاگەیاندنی دامەزرانی حزبەکەی پلانی بۆ دانابوو، دەوڵەتی “کۆلۆنیالیست ـ داگیرکەر”ی نەکردە ئامانج، بەڵکوو تۆوی هێڵی سیاسی- ڕێکخراوەیی ئەمڕۆی پەکەکە (تورکبوون) هەر لەو کاتەوە چێنرابوو. ئەمە هەڵبژاردنێکی زۆر ئاگایانە و هۆشمەندانەیە، ئەوە کە پەکەکە یەکەم فیشەکی بە کوردێک یان قەوارەیەکی کۆمەڵایەتی کوردەوە دەنێت، ناسنامەی ڕاستەقینەی تەشکیلاتی پەکەکە ئاشکرا دەکات. ئامانجی یەکەم تەقەی پەکەکە، پوختەیەک لە هەڵوێستی سیاسی و ڕێکخراوەیی ئەمڕۆی ئەو حیزبە باس دەکات. ئامانج وەدەرنانی دەوڵەتی کۆلۆنیالیستی تورک نییە لە کوردستان، ئامانج ڕزگارکردنی کورد نیە لە سیستەمی فیئۆداڵی. ئەمەش بۆ زانین و تێگەیشتن لە ئەرک و ئامانجەکانی پەکەکە، خاڵێکی زۆر گرنگە. پەکەکە لە جیاتی ئەوەی کە داگیرکاری-کۆلۆنیالیزمی تورک وەکوو دوژمن دانبێت، سیستەمی کۆمەڵگەی کوردی وەکوو دوژمنی خۆی پێناسە کرد.

پەکەکەتان پێی وایە بارودۆخی نەرێنی کوردستان بە هۆی کۆلۆنیالیستەکانەوە نیە، بەڵکوو بەهۆی پێکهاتە و پەیوەندییە فیئۆداڵیەکانی کۆمەڵگەی کوردییەوەیە. بۆیە ئامانجی یەکەمی پەکەکە لەناوبردنی ئەم سیستەمە فیئۆداڵە بوو. لەناوبردنی سیستەمی “کۆلۆنیالیست ـ داگیرکەر”ی ڕاستەقینە، لە ئامانجە سەرەکییەکانی پەکەکە نیە.

هەوڵدان بۆ “شارستانیکردن”ی کورد

ئەگەر کودەتای 12ی ئەیلول ڕووی نەدابا، پەکەکە هەرگیز لوولەی تفەنگەکەی بەرەو کۆلۆنیالیزمی تورکیا نەدەسوووڕاند و شتێک بە ناوی هەنگاوی 15ی ئاب نەدەبوو. واتە پەکەکە لەژێر سەرکردایەتی بیرۆکەی کەمالیستیدا، ڕزگارکردنی کورد لە دەستی دەرەبەگە فیئۆداڵەکانی کردە ئامانج تا بەقەولی خۆی کورد بە “شارستانی” بکات. پەکەکەش هەمان ئارگومێنت (شارستانیەت) پەیڕەو دەکات کە مستەفا کەمال بۆ داگیرکردنی کوردستان و سەرکوتکردنی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کورد بەکاری هێنا. پەکەکە بە نوێنەرایەتی چەپی کەمالیستی تورک لە کوردستان ئەم کارە جێبەجێ دەکات. پێکهاتەی کۆمەڵایەتی-فەرهەنگی کورد گەورەترین بەربەست بوو لە بەردەم فراوانبوون و پەرەسەندنی کەمالیزمدا. هەر لەبەر ئەمەشە کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان بە پێداگرییەوە دەڵێت: “ئێمە هەرگیز ئامانجمان ڕووخاندنی دەوڵەتی تورکیا نەبووە”. بە واتایەکی دیکە ئەوەی کە پەکەکە یەکەم فیشەکی بەرەو کوردەکان تەقاند، بۆ تێزی کۆماری دیموکراتیکی ئەمڕۆ، سیگناڵ و ئاماژەی دەسپێک بوو. پەکەکە پێی وایە دیموکراتیزەکردنی ڕژێمی کەمالیستی بە هەڵوەشاندنەوەی سیستمی فیۆداڵی لە کوردستاندا ڕوودەدات. ئەو هۆکارە نەتەوەیی و ئەتنیکی و کلتووری و ئایینیانەی کە لە ساڵانی 1920 تا 1938دا کوردیان بەرەو سەرهەلدان دەبرد، لەلایەن چەپی تورک و پاشکۆکەی لە کوردستان، واتە پەکەکەوە، وەکوو ئەو هۆکارانە پێناسە کران کە ڕێگری لە دیموکراتیزەکردنی ڕژێمی کەمالیستی دەکەن. بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ڕاپەڕینانەی کورد، خەباتێک بوو بۆ هەبوون و مانەوەی نەتەوەیەک کە هەوڵ دەدات خۆی لە شمشیری جینوساید و قڕکران ڕزگار بکات. عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیفادەکانیدا، بەکورتی ڕوانگەی خۆی سەبارەت بە شۆڕش و سەرهەڵدانەکانی کورد بەم شێوەیە دەهێنێتە زمان: “سەرهەڵدان نزیکبوونەوە لە دەسەڵاتدارانی کوردە، ئەوەی هەم گەلی کورد و هەم کەمالیزمی گەیاندە ئەم دۆخە، سەرهەڵدانە. مستەفا کەمال لە ساڵی 1919دا هەموو مافەکانی بە کورد بەخشی. گوتی، مەکەونە ناو ئەو یاریەوە، مەکەونە ناو تەڵەی بنیاتنانی دەوڵەتی کوردستانەوە، هەموو ئازادییەکانی کورد دەناسرێن. ئەتاتورک بە ڕوانگەیەکی ستراتیژییەوە لە کێشەکە نزیک بووەوە…”. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایا بەڕاستی ڕێکخراوێک کە تێڕوانینی بۆ کەمالیزم ئەمە بێت، ئایا دەتوانێت خاوەن ئامانجی لەناوبردنی کەمالیزم بێت؟

ئایا بە ستراتیژی شۆڕشی چین، لە کوردستان خەباتی نەتەوەیی بەڕێوە دەچێت؟

ئەگەر پەیوەندی نێوان ئامانج و ئامرازەکانی پەکەکە بە دروستی شی بکرێتەوە، دەکرێ بە دروستی لە ناسنامەی ڕێکخراوەیی پەکەکەش تێبگەین. هەر بەو هۆیەشەوە پەکەکە لە ساڵی 1978 ـ 79دا یەکەم چالاکیی چەکداری خۆی لە سێوەرەگ و حیلوان دەستپێکرد. دوای ئەوەی کە پراکتیکی چەکداریی کورتخایەنی “حیلوان ـ سێوەرەگ” سەرکەوتوو نەبوو، پەکەکە کەوتە ناو ئاژاوەیەکی ڕێکخراوەییەوە. لە لوبنان، پێش کودەتاکەی 12ی ئەیلول، یەکەم چالاکیی مەشق و ڕاهێنان بە ئامانجی دەستوەردان لە پراکتیکە ناسەرکەوتووەکەی سێوەرەگ بەڕێوەچوو. لە ڕاستیدا لە دوای مەشقەکان کەمال پیر و گرووپەکەی بۆ دەستوەردان ڕاسپێردران. بەڵام پرۆسەکە بەو شێوەیەی کە پلانی بۆ دانرابوو نەڕۆیشتەپێش و کودەتای 12ی ئەیلول ڕوویدا. خەباتکارە سەرەکییەکانی ڕێکخراوەکە یەک بە یەک گیران و ئەوانەش کە لە دەستبەسەرکران ڕزگاریان بوو، پاشەکشەیان کرد بۆ لوبنان. لەم کاتەدا قەیرانی ڕێکخراوەیی قووڵتر بۆوە. هەروەها ئەو تێکچوونە دەروونییەی کە بەهۆی کودەتاکەوە دروست ببوو، خەریکە هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە خێراتر دەکات. بەڵام کادرە سەرەکییەکانی بەڕێوەبەری، لە زیندانەکاندا بە خۆڕاگری خۆیان ئەم پرۆسەی هەڵوەشانەوەیان ڕاگرت. پەکەکە لە یەکەمین کۆنفرانسی خۆیدا لە ساڵی 1981، بڕیاری شەڕی گەریلایی پەسند کرد. بەڵام لەسەر چۆنیەتی جێبەجی کردنی ئەم بڕیارە هیچ ئەزموون و پراکتیکێکی نەبوو. مێژووی خەباتی بزووتنەوە چەپە شۆڕشگێڕەکان بۆ پرسە ستراتیژی و تاکتیکییەکان بە تیروتەسەلی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت. بەڵام پەکەکە لێکۆڵینەوە لە پەیکەری کۆمەڵایەتی و کولتووری و بەها ئایینییەکان و پێکهاتەی جوگرافی و تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بە پێویست نەزانی. دەستبەجێ بڕیار درا ستراتیژی و تاکتیکی شۆڕشگێڕانەی وڵاتانی وەک چین و ڤێتنام و هتد… لە کوردستان جێبەجێ بکرێت. ئەم ستراتیژەی شەڕ کە لەسەر بنەمای یۆتۆپیای شۆڕشگێڕانە و لەبەرکردنی چەپگەر دامەزراوە، لەگەڵ پێکهاتەی سۆسیۆلۆژیکی گەلی کورددا نەدەگونجا. پەکەکە هەوڵیدا ستراتیژی “شەڕی گەل” کە بە 3 قۆناغ لە شۆڕشی چیندا بەڕێوەچوو، لە کوردستانیشدا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم ستراتیژە جەنگییە سێ قۆناغییە، کە بەپێی تایبەتمەندی و واقیعی کۆمەڵایەتی و ئابووری و جوگرافیای چین ئامادەکرابوو، هیچ شانسێکی سەرکەوتنی لە کوردستاندا نەبوو. چونکە کۆمەڵگەی کوردی لە هەموو ڕوویەکەوە جیاوازیی زۆری لەگەل چیندا هەبوو. بەڵام نەبوونی ناسنامەی سیاسی و نەتەوەیی و نەزانین و نەناسینی مێژووی کوردستان و بەها کۆمەڵایەتییەکانی کورد، نەیهێشت پەکەکە ستراتیژی شەڕی گەریلا بە گوێرەی کوردستان جێبەجێ بکات.

ستراتیژێکی تێکۆشان کە لەگەڵ واقیعی کۆمەڵگەی کوردیدا نەدەگونجا

خەباتکردن بۆ ڕزگاری نەتەوەیی بە ستراتیژی هاوردەکراو هەوڵێکی بێهودەیە. لەو چوارچێوەیەدا، لەبەر ئەوەی کە پەکەکە نەیتوانی بە دروستی پێکهاتەی کوردی تەشخیس بدات، نەیتوانی شێوازێکی گونجاوی خەباتیش پەرەپێبدات. ئەگەر پەکەکە بە وردی لێکۆڵینەوەی لە هەبوونی دەیان هەزار ساڵەی کۆمەڵگای کوردی کردبا، پێویستی بە لاساییکردنەوەی ستراتیژییەکانی شەڕی چین و ڤێتنام نەدەبوو. شێوازی پێکهاتنی کۆمەڵگەی کوردی بۆخۆی بەرهەمی ستراتیژی خۆپاراستن و مانەوەیە. پێکهاتنی هۆزە کوردەکان و دابەشبوونیان لە ڕووی جوگرافییەوە، دەرئەنجامی ڕەنگدانەوە و کاردانەوەی ژیانە. شێوازی ژیانی کۆمەڵگەی کوردی و خۆپاراستنەکەی لە ئەساسدا ژیانیکی گەریلایەتی (پارتیزانی)یە. ئیدی پێویست ناکات ئێمەی کورد ئەمە لە ئەمریکای لاتین و باشووری ئاسیاوە فێربین. واتە گەلی کورد هەبوون و مانەوەی خۆی قەرزاری ئەم شیوازە ژیان و بەرخۆدانەیە. ئەم جۆرە ڕێکخراوبوونەی شەڕ و کاردانەوەی هەبوون و مانەوەیە، بێهاوتایە.

پەکەکە خەزێنەی مێژوویی کوردی ڕەتکردەوە

ئەگەر مێژووی ئەو ئەرتەشانە لەبەرچاو بگرین کە بە کوردستاندا گوزەریان کردووە، دەبینین ئەم شێوازە خۆڕاگرییەی کورد چەندە کاریگەر بووە. وتەی “دەکرێ بە کوردستاندا گوزەر بکەیت بەڵام قەد ناتوانی بەسەریدا زاڵ بیت” لەسەر ڕۆح و شێوازی بەرخۆدانی کورد گوتراوە. بەڵام بەداخەوە پەکەکە ئینکاری ئەم گەنجینەی مێژووییەی گەلی کوردستانی کرد. هەموو خەباتەکانی پێشووی پشتگوێ خست و لە خۆیەوە مێژووی دەستپێکرد. ئەگەر تەنها ڕاپەڕینە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە سەدەی نۆزدە و بیستەمدا بە باشی لێکۆڵینەوەیان لەسەر بکرایە و ئەنجامەکانیان بە شێوەیەکی دروست هەڵسەنگێندرابان، ستراتیژییەکی گونجاوتر و بەرهەمدارتر دیاری دەکرا. بۆ نمونە ئەگەر شۆڕشەکانی کۆچگری، شێخ سەعید، ساسۆن و بە تایبەتی سەرهەڵدانی ئاگری بە دڵسۆزی لێکۆڵینەوەی لەسەر کرابا و شی کرابایەتەوە، ڕەنگە ئەمڕۆ ئەمە چارەنووسمان نەبایە. ئەگەر پەکەکە شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی کوردی لە ڕوانگەی کەمالیستییەوە وەرنەگرتبا، ئەوا بۆ تێگەیشتن لە کولتوری خۆڕاگری، بۆ تێگەیشتن لە ڕاپەڕین و سەرهەڵدان و لە تاکتیکی شەڕ و بەتایبەتی تێگەیشتن لە ڕووی ڕاستەقینەی دوژمندا، دەبووە خاوەن گەنجینەیەکی گەورە. بەڵام مەبەست هەرچییەک بێت چارەنووسیش هەر ئەوە دەبێت.

هەر دیاردەیەک کە بە ڕوانگەی تورکی پێناسە دەکرێت، دوژمنایەتییە بەرامبەر بە کورد. تورک ڕەگەزێکی دوژمنی کوردە، بە ڕاست، چەپ، دیندار، بێدین، بەکورتی بە هەموو بیروبۆچوونێکەوە، دوژمنی کوردن. نهێنی ڕووی ڕاستەقینەی پەکەکەش لەم خاڵدا ئاشکرا دەبێت. واتە پەکەکە بۆ “شۆڕشی سۆسیالیستی تورک”، کورد و کوردستانی وەک خاکێکی بەپیت و بایەر دەبینی. هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​پەکەکە ویستی گەلی کورد وەکوو ئامرازێک بۆ ئەو ئامانجە بەکار بهێنێت. پرسی میللی ـ نەتەوەیی کوردی خستە ناو بازنەی بزووتنەوەی چینایەتی تورکیاوە و ئەم ڕێبازە لە فریودان و ئیستغلالکردن، جێپەنجەی بەسەر هەموو پراکتیکەکانی پەکەکەوە دیارە.

فریودانی کەمالیزم لە ڕێگەی تورکە چەپگەراکانەوە بەردەوامە

لەم چوارچێوەیەدا شێوازی دەستگرتن و نزیکبوونەوەی کورد لە پەکەکە و نزیکایەتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و درێژەدان بە کەمالیزم وەک یەکن. عوسمانییەکان بە دەستەواژەی هەڵخەڵەتێنەری “براییەتی ئوممەت” خاڵی لاوازی باوەڕمەندیی ئایینی کوردیان ئیستیغلال کرد. مستەفا کەمالیش هەمان فێڵی بەکارهێنا و لە نێوان ساڵانی 1919-1923 بە وتنی “دەوڵەتی هاوبەشی کورد-تورک” بە هاوکاری کورد دەوڵەتی یەکگرتووی نەتەوەیی تورکی بنیاتنا. ئەمجارەیان بە هاوکاری پەکەکە، لە ژێر پەردەی “ئەنتەرناسیۆناڵیزم، کۆماری دیموکراتیک” هەمان یاری بەرامبەر کورد دەکەن. لە بنەڕەتدا ئامانجی “براییەتی ئوممەت”ی کورد لە چاناککالە و ساکاری و ئامانجی “کۆماری دیموکراتیکی” پەکەکە خزمەت بە هەمان شت دەکات، واتە ئامانجی تورکبوون. کاتێک سەیری ئامانج و ئامرازە سیاسییەکانی پەکەکە بکەین، مرۆڤ زۆر بە ڕوونی ئەم ڕاستییە دەبینێت.

دوای ئەم کورتە مێژووە، با بگەڕێینەوە سەر بابەتەکەی خۆمان؛ پەکەکە بە پشتبەستن بە ستراتیژی “شەڕی گەل”ی سێ قۆناغەی چین، بڕیاری گەڕانەوەی بۆ شاخەکانی کوردستانی دا.

Share

پوستێن ھەمان بەش