ئێمە پێکەوە و هەنگاو بە هەنگاو، میکانیزمێکی بەهێزی نوێنەرایەتی نەتەوەیی بنیات دەنێین کە گەلەکەمان تامەزرۆیەتی.
پارتی ماف و ئازادییەکان (هاک-پار) و تەڤگەری ئازادی بڕیاری یەکگرتنیان دا. لەمەودوا تەڤگەری ئازادی هەیکەلی تەشکیلاتی خۆی کۆتایی پێدەهێنێت و هەموو خەباتکارەکانی لە چوارچێوەی “هاک ـ پار”دا درێژە بە چالاکییە سیاسییەکانیان دەدەن.
دوزگون کاپلان سەرۆکی هاک ـ پار و مەتین پیرانی سکرتێری گشتی تەڤگەری ئازادی، ئەمڕۆ شەممە 24/8/2024، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا لە ئامەد، بڕیاری یەکگرتوویی خۆیان ڕاگەیاند.
بەیاننامە هاوبەشەکە بەم شێوەیەیە:
ئێمە ئەمڕۆ بە ناوی تەڤگەری ئازادی و پارتی ماف و ئازادیەکانەوە کۆبووینەوە بۆ ئەوەی مژدەیەکتان پێ بگەیەنین.
وەک هەمووان دەزانن ماوەی 100 ساڵ بەسەر پەیمانی لۆزاندا تێپەڕیوە. کاتێک کۆماری تورکیا لە جیاتی دەوڵەتی عوسمانی فرەنەتەوەیی و فرە کولتوری دامەزرا، چارەنووسی کورد نەگۆڕا. دوای جەنگی جیهانی یەکەم، زۆرێک لە گەلان دەوڵەتی خۆیان دامەزراند، بەڵام کورد کە دێرینترین نەتەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، لە مافی چارەی خۆنووسین بێبەش بوون. وڵاتەکەیان دابەش بەسەر ئەو دەوڵەتانەدا دابەشکرا کە لە ژێر چاودێری ئینگلتەرا و فەرەنسادا بنیات نرابوون. گەلی کورد بە یەکجاری لە سەرەتاییترین و ڕەواترین مافەکانی بێبەش کرا و لەگەڵ ئاسمیلاسیۆنێکی بەربڵاو، کۆمەڵکوژی و جینۆسایدی قورس ڕووبەڕوو بوو.
بێگومان هۆکاری سەرەکی ئەم دۆخە، سیاسەتی دەوڵەتە زلهێزە ئیمپریالیستەکان بوو کە تەنها بە پێی بەرژەوەندی خۆیان مامەڵەیان دەکرد.
بەڵام دیارە زۆرینەی چینی سیاسی کوردەکانی ئەو قۆناغە، جگە لە هەندێ ئیستیسنا نەبێت، پشکیان لەو ئەنجامە نەرێنییەدا هەبووە.
چ لە دوا قۆناغی دەوڵەتی عوسمانی و چ لە پرۆسەکانی دامەزراندنی کۆماری تورکیادا، گەلی کورد لە جیاتی ئەوەی خۆی ڕیکبخات و خەبات بۆ مافە کۆلەکتیڤەکانی خۆی بکات و لەسەر بنەمای ڕۆحی ئەو سەردەمە ستراتژییەکی دروست پەیڕەو بکات، وەدوای ئەو ئەجێندیانە کەوتن کە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە پێکهاتبوون و بەمشێوەیە بوونە لایەنێک لە ناکۆکی و ململانێی هێزە دەسەڵاتدارەکان و بوونەتە هۆکارێک بۆ ئەو بێقەوارەیی و بە کیانیەی ئێستای گەلی کوردستان.
بەداخەوە دەبینین ڤیرژێنەکانی ئەمڕۆی سیاسەتمەدارانی کورد کە لە ڕابردوودا هێز و وزەی خۆیان بۆ سوڵتان یان بۆ “ئیتیحاد و تەرەقی” تەرخان کردووە، ئەمڕۆکەش هەڵەیەکی سیاسی هاوشێوە دەکەن و بەشداری لە ململانێی دەسەڵاتی ناوخۆی تورکەکاندا دەکەن. پارتە عەلمانیەکان یان کۆنەپەرستەکان کە درێژەپێدەری ئیتیحاد و تەرەقین، لە هەڵویستە دژە کوردانەکانیاندا یەکگرتوون بوونەتە یەک.
پێویستە ئەم دۆخە بگۆڕدرێت.
سیاسەتمەدارانی کورد پێویستە لە دەوری داخوازی ڕەوای گەلی کورد کە 30 ملیۆن نفووسی هەیە، خۆیان یەکبخەن و بە پێی ئەجێندا و ڕۆژەڤی خۆیان ولەسەر بنەمای بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆیان، سیاسەت بکەن.
بە تایبەتی پێویستە ئەو کولتوورە سیاسییە نەرێنییەی ساڵانی 1970دا تێپەڕێنین کە بزووتنەوەی کوردی دابەش کرد.
حیزبێکی یاسایی بەهێز کە توندوتیژی نەهێڵێت و لەسەر بنەمای خەباتی دیموکراسی ئاشتیانە بێت، دەبێت پێکەوە کاربکەن، بەبێ ئەوەی داوای پێشمەرج و ئیمتیازات و قەرەبوو لە یەکتر بگرن.
ئێمە پێمان وایە هەمووان دەتوانین پێکەوە بۆ دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و ئازادی و ئاشتی کار بکەین و تێبکۆشین.
ئێمە لەو بڕوایەداین کە هەموو ئەوانەی پێیان وایە بنەڕەتیترین مەسەلە لە تورکیا، پرسی کوردە و پێویستە ئەم پرسە لەسەر بنەمای یەکسانی چارەسەر بکرێت و ڕێساکانی خەباتی دیموکراسی قبووڵ دەکات، دەتوانن پێکەوە و وێکڕا مامەڵە بکەن.
بە پێی بیروبۆچوونی ئێمە؛
کادیرانی نیشتمانپەروەری کورد دەتوانن دەستی یەکبگرن و پێکەوە کار بکەن
بۆ ئەوەی توندوتیژی لە ژیانی کۆمەڵایەتی، بسڕنەوە،
بۆ ئەوەی ناسنامەی کورد لە دەستووری بنەڕەتیدا جێبخرێت،
بۆ ئەوەی گەلی کورد لەو هەرێمەی کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی تێیدا نیشتەجێیە، واتە لە کوردستان، لە دەوڵەتێکی فیدراڵیدا خۆی بەڕێوەببات،
ئێمە پێمان وایە کە پێویستە پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی زمانی کوردی شانبەشانی زمانی تورکی ببێتە زمانی فەرمی و لە قوتابخانەی سەرەتاییەوە تا زانکۆ ببێتە زمانی پەروەردە.
بۆ ئەم ئامانجە؛
ئێمە وەکوو تەڤگەری ئازادی و پارتی ماف و ئازادیەکان، بڕیارماندا کە یەکبگرین.
لەمەودوا تەڤگەری ئازادی پێکهاتەی ڕێکخراوەیی خۆی کۆتایی پێدەهێنێت و هەموو خەباتکارەکانی لە چوارچیوەی “هاک ـ پار”دا درێژە بە چالاکییە سیاسییەکانیان دەدەن.
ئێمە پێکەوە هەنگاو بە هەنگاو ئەم بڕیاری یەکگرتووییە فراوانتر دەکەین و هەنگاو بە هەنگاو میکانیزمێکی بەهێزی نوێنەرایەتی نەتەوەیی بنیات دەنێین کە گەلەکەمان تامەزرۆیەتی.
پیرۆز بێت!